لیژنەى چاکسازى وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆدەبێتەوە

15.05.2023
جەماوەر نیوز

ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ى ئایارى ٢٠٢٣ عەبدوڵڵا حاجى مەحمود، وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان سەرۆکایەتى کۆبوونەوەى لیژنەى چاکسازى وەزارەتى کرد.
سەرەتاى کۆبوونەوەکە بەساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانى کوردستان دەستى پێکرد، دواتر وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان باسى ئامانجەکانى یاساى چاکسازى کرد کە بریتییە لە چەسپاندنى دادپەروەرى و گەڕانەوەى ماف بۆ خاوەنەکانیان لە چوارچێوەى حوکمەکانى یاساى ژمارە( ٢ )ى ساڵى ٢٠٢٠ یاساى چاکسازى لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینى لە هەرێمى کوردستان و سەرجەم ئەندامانى لیژنەى چاکسازى ڕاسپارد کە بەگیانى نیشتیمانى و هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە بەردەوامبن لەسەر جێبەجێکردنى سەرجەم بڕگە پەیوەندیدارەکانى یاساکە و کاری پێویست ئەنجامبدەن لەمبارەیەوە .
دواتر لەلایەن ئەندامانى لیژنەى چاکسازى وەزارەتەوە گفتوگۆ کرا لەسەر هەنگاوەکانى پرۆسەى چاکسازى و هەروەها لەلایەن سەرۆکى لیژنە لاوەکییەکانى چاکسازییەوە ڕاپۆرت پێشکەشکراو دید و سەرنجیان خستەڕوو لەسەر بەردەوامیدان بە پڕۆسەى چاکسازى لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان.

زۆرترین خوێندراو