50 مامۆستای زمانی كوردی داده‌مه‌زرێن

24.03.2023
جەماوەر نیوز
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا بڕیاریدا بۆ ئەمساڵ، تەنیا 50 مامۆستا بۆ زمانی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندن دابمەزرێنێت، بەمەش ژمارەی مامۆستایانی زمانی کوردی بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و زازاکی لە تورکیا دەگاتە 129 مامۆستا.
بەگوێرەی ئەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، بۆ ساڵی 2023، 35 مامۆستا بۆ شێوەزاری کرمانجی و 15 مامۆستاش بۆ شێوەزاری زازاکی دادەمەزرێن، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا 79 مامۆستای زمانی کوردی بۆ هەردوو شێوەزارەکە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی تورکیاوە دامەزرابوون و دوای ئەو بڕیارەش ژمارەی مامۆستایانی زمانی کوردی کە دامەزراون دەبێتە 129 مامۆستا.
لەلایەن خۆیەوە، شەڕەفخان جزیری، وتەبێژی پلاتفۆرمی زمانی کوردی راگەیاند، دامەزراندنی مامۆستایانی زمانی کوردی، پرسی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو ئەمە مافێکی ئاسایی و بنەمایەکی مافەکانی مرۆڤە کە هەر کەسێک دەتوانێت بە زمانی دایکی خۆی بخوێنیت.
بەگوێرەی راگەیاندراوی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، ئەمساڵ 45  هەزار مامۆستا لە تورکیا دادەمەزرێن و لەو رێژەیەشدا، تەنیا 50 مامۆستایان بۆ زمانی کوردی دادەمەزرێن. لەوبارەیەشەوە، باریج جەلالی، بەڕێوەبەری هەزکورد رایگەیاند، هەرچەندە ئەو ژمارەیە زۆر کەمە بەڵام ئەوان بە هنگاوێکی گرنگی دەزانن لەکاتێکدا، لە سەرەتای ئەو رێگەیەدان بۆ جێگیرکردنی خوێندن بە زمانی دایک.
ساڵانە لە نێوان (2 بۆ 6ـی ئایار)ـیدا، داواکاری بۆ دامەزرانی مامۆستایان لە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا وەردەگیرێت، دوای ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی نووسراو و زارەکی، لە 8ـی ئایاردا، دەرئەنجامەکان رادەگەیەندرێت و ئەو مامۆستایانەی دادەمزرێن لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا، دەستبەکاردەبن.

زۆرترین خوێندراو