شکاندنی پیرۆزییەکانی نیشتیمان
04.05.2020

خۆمان بەدەستی خۆمان پەتی سێدارە ئامادە دەکەین و دەمانەوێت میللەتێکی پیادا هەڵواسین .. هەر خۆمان دەمانەوێت ئاگر لە هەموو ڕەزەکان و دارستانەکانی ووڵات بەر بدەین .
ئیدی ئەوە وا دەبێتە کەلتووری میللەتێکی شۆڕشگێری خاوەن دەیان سەدەی پڕ لە خوێناوی لەخاچ دراوو ژێر خۆڵ کراو ، ئەو گەلەی کە بەرگەی قات و قڕی و راگوێزانەوەیی و شێرخۆڵ کردن و ئەنفال و هەڵواسین و لەت و پەت کراوو شووشتنەوەی بە گازی خەردەڵ .. ئەو گەلەی کە لە پێ دەشتە بیابانەکان کردیان بە خواردەمەنی مارو دووپشک و جرج و خۆڵەمێش .. لەهەر سەردەمێکدا بەناوی یاخی بووەکانی یاساو حوکمڕانی .. سەدەیەکیان تۆمار کردوە لەو دەریا خوێناوییەی کە کەم ووڵات هەیە لە جیهان بەسەریدا هاتبێت و لەدوای یەک رووداو کارەسات ئازادیەکانی خۆی بەدەست نەهێنابێت.
بەڵام گەلەکەی من میللەتی کورد لە چیاکان و لە نێو کۆمەڵگا لەدوای تێپەربوونی هەموو گۆڕانکاری یە جیهانییەکان لە هەموو بوارەکان چ شۆرشگێڕی و خەبات بۆ ئازادییەکان ، چ لەدوای ڕووخاندنی دیکتاتۆرە ناوچەییەکان و دروست بوونی هەموو هەلە سیاسی یەکان و زەمینەیەک بۆ حەسانەوەیان ... هەردەم گروپ و دەستەیەک و بەشێک یاخی بوونی تر سەریان هەڵداوە .. خۆیان دژی دیکتاتۆریەت خەباتیان کردوە ، وە خوێنێکی زۆریان داوە ، کەچی لەساتە وەختێکدا هەڵگەڕاونەتەوە لەو خەبات و تێکۆشانەی کە کردویانە ، یان بە پێچەوانەوە دژی سەرکردەیەک وەستاونەتەوە و ئیدی ویستویانە شکست بەدەسەڵاتەکەی بهێنن ، هەر وەکو کەلتوورێک لە نیو کۆمەڵگایەک کە وانەی تێدا وترابێتەوە ، دژایەتی کەسایەتی ئازاو لێهاتوو دەکەن ، نوسەر دژایەتی خاوەن قەڵەمێکی تر دەکات و دەیەوێت ملی بشکێنێت ، هونەرمەندێکی تر حەزی لەوەیە کەسی تر نەیەتە گۆڕەپانەکەوە تابلۆکان هەمووی هەر خۆی بن ، مامۆستا ئاینی یەکە دەیەوێت تەنها ووتارەکەی خۆی جێگا بگرێت لەژێر سێبەری بیرو باوەڕ ، ،، شکاندنی یەکتری وەکو کەلتوورێکی بە گوزەرکراو ڕۆژ ژمێرێکی بۆ دروست دەکەن .
میللەتێک لەدوورەوە جیهان نزای بۆ دەکات ، مۆمی بۆ دادەگرسێنن ، پیتاک و خۆراک بۆ هەژارەکانی کۆ دەکەنەوە ، هاوکاری مرۆڤایەتی دەکەن بۆ ئەوەی لەوە زیاتر قڕ نەکرێن و نەخرێنە ژێر خاکەوە بە زیندووی .. کەچی خاوەن ماڵ و دەسەڵاتی کوردی کە حکومڕانی دەکەن بێ بەزەیانە پێ بەسەر ئەو میللەتەدا دەنێن و بە میلیشیایەکنیانەوە بۆ کەرت کردنی ووڵات و خاک و میللەت و خێزان و براو کەس و کارو تاک تاکی کوردستان.
کەلتووری ووڵاتێک بەوە گەورەو گەشەی کردوە کە نابێت کەس لەمن پیاو ترو ئازاترو چاکترو دڵسۆزترو نیشتیمان پەروەرتر بێت ، خەڵکانێکی نەخوێندەوار بەردو توانج بگرنە هێما جوانەکانی ووڵات ، بازرگانی کردن بە نەوت و خاک و مرۆڤ  .. کە خەونەکانمان لە ڕابردوو ئەوە بوو کە تەنها ئازادیمان هەبێت ، ئێمە لە ئازادی زیاترمان هەیە بە شێوەیەک دڕندەو دوژمنەکانی کوردستان دەورەیان داوین بە زگی برسی و لە فرسەتێک دەگەڕێن کە پەلامارمان بدەن .. هەر خۆمان  لەدژی ئەوی تر کانییەکان و جوانیەکانی سروشت وێران بکەین و پڕیان بکەینەوە .. مل شکاندنی یەکتری .. بەکرێ گیراوەکانی سەردەمی حوکمڕانی عوسمانیەکان و ئینگلیزەکان و مەلیکەکان و عارەبە شۆڤینیەکان وفارسەکان .. ئەمانە و چەندین بەکرێ گیراوی نوێ بە ناوی ئاینی و شمشێرە ژەهراویەکان ئەوەتا لە سەر ملی میللەتی کوردە .. کەچی وەکو ڕۆژانێکی ئاسایی دەزانن گێللە پیاوەکان .
هیچ لێبووردەیەک لەنێو گیان و جەستەی ئەو میللەتەدا نی یە .. لەژێر چەتری سیاسەتدا  میللەتێک و گەلێک دەبڕنەوە کە هەموو هەوڵ و ماندوو بوون و خەباتی سەختیان بە جۆگایەکی خوێن و ووڵاتێک بەرەو سڕینەوە دەبەن .. ئەو گەلەی رۆژانێک کە تەنها چیاکان پاڵ پشتیان بوون کە چی ئێستا پشت لە چیاکان دەکەن و ڕووەو بیابانەکان هەنگاو دەنێن  .. کەلتوورێک کە کەس ڕازی نی یە بەو بەشە خۆراک و ماڵەی کەهەیەتی وە رازی بێت بەو سەروەت و ماڵەی کە بە دەستی کەوتووە.. لەکاتێکدا ووڵاتە سەربەخۆکان یان ئەو ووڵاتانەی کەلە دوای شەڕە جیهانییەکانەوە ئازاری زۆریان بینی بە ئێستاوە ڕێز لە پارچە نانێک دەگرن .. ئەگەر خۆیان نەیانخوارد دەیدەنە باڵندەو ئاژەڵەکان و هەژارەکان .. شکاندنی شکۆی نیشتیمان لە ووڵاتی مندا بوە بە هێمای کەلتوورو و ئازایەتی 

ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە

زۆرترین خوێندراو