لە نەخۆشخانەی سەرچناری کۆرۆنا چیم دی ؟
14.07.2020

به‌ختیار حسێن


دوای ئەوەی هاوسەرەکەم ماوەی 8 ڕۆژ لەماڵەوە کەرەنتینە بوو بەهۆی توشبوون بەڤایرۆسی کۆرۆنا ،باری تەندروستی زۆر خراپ بوو ،لەڕێگای ئەنبوڵانسەوە گەیاندمانە نەخۆشخانەی "شەهید طاهر علی والی" لە سەرچنار کەتایبەت کراوە بە توشبوانی کۆرۆنا ، هەرلەسەرەتاوە کۆمەڵێ دکتۆر و کارمەندی تەندروستی جوان و گەنج و خۆبەخش بەدەنگمانەوە هاتن و هاوسەرەکەم خرایە ژێر ئۆکسجینەوە ، ماوەی 12 ڕۆژ لەژێر چاودێری وردی پزیشکی مایەوە کەمنیش وەک هاوەڵی نەخۆش لەگەڵیابووم . ئەوەی مەبەستمه‌ لێرە باسیکەم نەخۆشی و ئازاری هاوسەرەکەم نیە، بەڵکو ئەو ڕاستیە شاراوەیە کە تەنها توشبوانی کۆرۆنا ئەیبینن بەتایبەتی ئەوانەی باری تەندروستیان زۆر خراپ دەبێ و پێویستیان بە ئۆکسجین ئەبێ لەو نەخۆشخانیە ، توانای خزمەتگوزاری مرۆیی بەرامبەر بەنەخۆشەکان لەئاستێکی ئێجگار بەرزایە ،کۆمەڵێک دکتۆر و کارمەند و کارگوزار و ستافی تەکنیکی و ئیداری خزمەتگوزاری باشی لێیە کە هەمویان خۆبەخشن و دانەمەزراون ڕۆژانە 24 کاتژمێر بەدەم نەخۆشەکانەوەن کە زۆرینەی زۆریان توشی ڤایرۆسەکە بون و تێیانپەڕاندووە .
لەم نەخۆشخانیەدا کە شەڕ لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێ لەپێناو مان و مردندا ، کەهیچ شەوێ نەمبینی شوێنی چۆڵی هەبێ و مردن و چاکبونەوشی هەیە ،بەڵام هەتا بڵێی دوورە لەهاوکاری کۆمەک و پێداویستی پزیشکی .نەخۆش ئەبێ لەسەر ئەرکی خۆی بڕوات لەتاقیگەیەک پشکنینەکانی بکات و بهێنێتەوە ،لەکاتێکدا شەڕی مان و مردن ئەکات ،چونکە تاقیگەی نیە،هەروەها زۆر کەم هاوکاری ئەکرێ و دەستی یارمەتی بۆ درێژ دەکرێ ،زۆرجار لەخەمی نەمانی ئۆکسجین دان، ئەو دکتۆرو کارمەند وخزمەتگوزارانەی ناو نەخۆشخانەکە بەردەوام لەخزمەتی نەخۆشەکاندان و پشودانیان نیە ،ئەوەی زۆر سەرنجی راکێشام بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەبوو ( کاک ئازاد هەورامی ) هەموو ڕۆژێ بەیانیان زوو ئەمبینی لەنەخۆشخانەکە تا درەنگانی شەو هەر لە گۆڕەپانی نەخۆشخانەکەدابوو ،دانیشتنی نەبوو هەندێ جار ئەمووت چۆن ماندوو نابێ . ئەمە پیاهەڵدان نیە ئەمە ڕاستیەکە کەخۆم لەواقعەکەدابووم .هەموکات نەخۆشەکان بە کەس و خزمی خۆیان ئەزانن ، زۆرجار دکتۆرەکان بۆ بەرزکردنەوەی ورەی نەخۆشەکان قسەی خۆش و نازناوی هاوڕێیەتی لەنەخۆشەکە ئەنێن پەرستارەکان کاتێک دەچنە لای نەخۆشەکە هەست دەکەیت کەسێکی نزیکت سەردانی کردووی ،کارمەندانی خزمەتگوزاری لەهاوەڵی نەخۆش بەپەرۆشترن بۆ دابینکردنی پێداویستیەکان ،هەندێ چار بەقسەی خۆش یان بەووتنی گۆرانی دڵی نەخۆشەکە خۆش ئەکەن ،هیوایەکت پێدەبەخشن .هەستێکت لادروست ئەکەن کە مرۆڤ زۆر بەهێزترە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا .
من نازانم لەئاست گەورەیی و پیرۆزی بەڕێوەبەر و دکتۆرو کارمەندانی تەدروستی بەهەموو بەشەکانی و کارمەندانی تەکنیکی و کارگێڕی و حزمەتگوزاری ئەو نەخۆشخانیە چی بڵێم .تەنها ئەڵێم ئێوە فریشتەی ئەمڕۆژگارە ڕەشەی کۆرۆنان هەموکات بەسەلامەت و تەندروستی باشەوە بتان بینم شایستەی پەیکەری ئاڵتونین. چاوتان ماچ ئەکەم .گومانم لەدڵسۆزی و کارامەیی دکتۆر و کارمەندانی نەخۆشخانەکانی تری کۆرۆنا نیە کە ئەوانیش هاوشێوەی ئەمانن.
تێبینی :ئەم نەخۆشخانەیە پێویستی بەهاوکاری مادی و مەعنەوی هەمولایەک هەیە، هەرکەس لەتوانای داهەیە هاوکاری خۆی بگەیەنێت چونکە بۆ هەموانە .


ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە

زۆرترین خوێندراو