کەی ئەبین بە مرۆڤ؟
23.03.2021

هۆشیارجەمال

کاتێک دیمەنی یەکێک لەبەرنامە تەلەفزیۆنیەکانم بینی کە کارمەندێکی ژینگە پارێز دەڵێت:"خەڵکی پێمان دەڵێن حەیوان". باش بیرکردنەوەیەکی زۆر لە خۆم پرسی ئەرێ ئێمە کەی ئەبین بە مرۆڤ؟ خۆمان بە خاوەنی شارستانیەت و خاوەنی دەوڵەتی ماد دەزانین و پێمان وایە سفری میژوو شارستانییەت کوردستانەکەی ئێمەیە، بەڵام پاش هەزاران ساڵ نەبوون بە مرۆڤ. ئەڵێن پێغەمبەر زەردەشت کورد بووە ، ئاینەکەی فەرمان دەکات بە بیری چاک و کرداری چاک و ئێمەی نەکرد بە مرۆڤ. زیاتر لە هەزار ساڵە مسوڵمانین و خــودای گــەورەش دەفــەرمــووێ : (ولقد كرمنا بني ادم و حملناهم في البر و رزقناهم من الطيبات و فضلناهم على كثير ممن خلقنا تفضيلا ) الإسراء 70( سوێند بەخودا بەڕاستی ئـێمە ڕێزمان لە نەوەی ئادەم گرتووە و بەسەر وشکانی و دەریادا (بەجۆرەها هۆکاری گواستنەوە) هەڵمان گرتوون و لە ڕزق و ڕۆزی پوخت و چاکی جۆراوجۆر بەهرەوەرمان کردوون (لە خۆراک و پۆشاک و ماڵ و ناوماڵ ...هتد) بەڕاستی ئێمە ڕێزی زیادەی ئەوانمان داوە بەسەر زۆربەی ئەو بەدی هێنراوانەدا کە دروستمان کردوون (لە هەموو ڕوویەکەوە، تا قەدەر و ڕێزی خۆیان بزانن). بەڵام ئێمە نەبووین مرۆڤ. سەرۆکی فەرەنسا یەک دێڕ دەڵێت لە بارەی ئیسلام و پێغەمبەرمان (دخ) لێبێت هەموومان دەبینە بەرگری کارو بە باش و بە خراپ هەرچی بەدەماندابێت دەیڵێن لە کاتێکدا و پێغەمبەرمان (دخ) دەفەرموێت:" عن أنسٍ رضي الله عنە قال: قال رسولُ الله صلَّى الله عليە وسلم: (لَيسَ مِنَّا مَن لَم يَرحَم صَغيرَنا، وَيُوَقِّر كَبيرَنا). [صحيح: صحيح الجامع (٢٧٢)، الصحيحة (٢١٩٦)]. ماناكەى: لە ئێمە نییە كەسێك بە ڕەحم و بەزەیی نەبێت بەرامبەر بچوكەكانمان و ڕێز لە گەورەكانمان نەگرێت. لە ئێمە نییە مانای ئەوە نییە كافر بێت بەڵكو كەسێكی ئیمان لاوازە و گوناهی گەورەی ئەنجامداوە. کەچی ئێمە هەر فێری ڕێزگرتن نەبووین و نەبووین بە مرۆڤ. سەد ساڵ پێش ئێستا ئەحمەد موختار جافی شاعیر وتی : لە خەو هەڵسن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە هەموو تەئریخی عالەم شاهیدی فەزڵ و هونەرتانە دەسا تێکۆشن ئەی قەومی نەجیبیی بێکەس و مەزڵووم بەگورجی بیبڕن ئەو ڕێگە دوورە وا لەبەرتانە بخوێنن، چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوشمنتان هەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە هەستاین لە خەو و خوێندمان و شار و وڵات پڕ بوو لە دکتۆر و مامۆستا و پڕۆفیسۆر و دادوەر، بەڵام هەر نەبووین بە مرۆڤ. زیاتر لە نیو سەدە پێش ئێستا ڕەحیمی قازی و ابراهیم ئەحمەد و جەمیل سایب ڕۆمان و چیرۆکیان بۆ کوردنووسی و لە بواری ئەدەبدا خزمەتیان کردین بناغەی ڕۆمان و چیرۆکیان بۆ داناین و بەڵام نەمانتوانی بە ئەدەبین و مرۆڤبین . بازاڕ پڕە لە کتێبی فەلسەفی و فکری وەک دەڵێن گەنجی پڕ جوڵە و فکر جیاوازمان زۆرە و لە سفری فەلسەفەی یونانیەوە بۆت شرۆڤە دەکات تا ئێستا فەلسەفی ئەفلاتون و ئەرستۆ و سوقرات تا نیچە شیدەکاتەوە و نەبووین بەمرۆڤ. هەرچی فکری شیوعی و مارکس و علمانیەت و لیبراڵ و نا ئایدۆلۆژی و چەندانی ترمان هێنایە ئەم کوردستانە و نەمان توانی مرۆڤ بین. شەجەریان لە ئەمریکا و نەوال سەعداوی لە مسر دەمرن و ئێمە بۆیان ئەگرین و پێمان وایە شەڕیان لە پێناو مرۆڤایەتی کردوە بۆ یەکەمیان ئەلێین هونەر سنوری نیە و بۆ دووەمیان خەمی دۆزی ژنی بووە کەچی خۆمان نەبووین بە مرۆڤ. زیاتر لە بیست ساڵ پێش ئێستا شێرزاد حەسەن لە یەکێک لە چیرۆکەکانیدا لە دیالۆگی باوک و منداڵێکدا کە باوکەکە کرێکاری شارەوانیە و شار پاک دەکاتەوە منداڵەکەش هەست بەشکان و سوکایەتی کردن دەکات بەوەی باوکی ئەو کارەدەکات و گاڵتەی پێدەکەن لە کۆمەڵگادا، باوکەکە دەڵێت "ڕۆڵە من نەبم هەر بۆگەنی خۆیان دەیان کوژێ شار دەبێتە وێرانە لە پیسی مرۆڤدا، کەچی ئێمە لە شێرزاد تێنەگەیشتین و هەرنەبووین بە مرۆڤ." هێندە شارەزا و بەتواناین دادوەرمان ناردە بەغداد و دادگای دیکتاتۆرێکی وەک سەدام حوسێنی کرد ، بەڵام خۆمان دژی یاساین و هەر لە سێبەری یاساشەوە نەبووین بە مرۆڤ. شار پڕە لە کتێبی پەروەردەی و چاپخانەکان بەردەوامن لە چاپ و سەد ساڵە مامۆستایان دەڵێن پەروەردە کردنیان پێش فێرکردنتانە، بەڵام هەر نەبووین بە مرۆڤ. لە یەکەم ڕۆژی نەورۆزدا کوشتنی بەرازێک هەمووان دەکاتە بەرگری کار لە مافی ئاژەڵ ، بەڵام خۆمان نەبووین بە مرۆڤ. هەموو هەفتەیەک زیاتر لە هەزاران مزگەوت و چەندین کلێسا و حوسێنیە هاوار دەکەن و باسی پێکەوه ژیان دەکەن و ئێمە نەبووین بەمرۆڤ. وتمان دەنگمان ناگات بە جیهان و مافەکانمان پێشێل ئەکرێت، و ئاگامان لە ئازارەکانی گەلان نیە بە ڕۆژنامەی کوردستان لە ساڵی ١٨٩٨ دەستمان بە ڕاگەیاندن کرد و ئێستا هەزاران میدیای بیستراو ، بینراو ، خوێندراو، ئەلکترۆنی مان هەیە و کەوتووین بەسەر پێشکەوتووترین ئامێرەکانی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی دونیادا و نەبووین بە مرۆڤ. لە کۆتایدا وەک مەحوی دەڵێت : لە ناکەس کاریا خاکم بەسەر ڕۆیی بەبا عومرم خودا تۆ بمژێنە تا لەبەر قاپی کەسێ دەمرم ئەرێ بەراست کەی ئەبین بە مرۆڤ؟


ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە

زۆرترین خوێندراو