(ئیبستن)یش ئێمەی لەت کرد!
05.02.2026

(ئیبستن)یش ئێمەی لەت کرد! ⁠ بەدبەختی میللەتی کورد، چەند ڕۆژێکە ملیۆنان بەڵگەنامەی ئیبستن و دوورگەکەی دزەی پێکراوە و بڵاوکراوەتەوە، کە بەهۆیانەوە ڕووی ڕاستی سەدان پێدۆفیلی دوور لە هەموو بەهایەک، کە هەموو سنورەکانی مۆراڵیان بڕیوە هەڵماڵرا، ئەوە لەکاتێکدایە ئەو مشەخۆرانە ڕۆژانە وانەی ئەخلاق ئەڵێنەوە و بنەمای دیموکراسی، مافی مرۆڤ و پێناسەی تیرۆر بۆ جیهان دیاری ئەکەن. کاتێک ئەڵێین لە بەدبەختی میللەتی کورد ئەو بەڵگانە ئاشکرا بووە، بۆ ئەوە نییە خوانەخواستە خەمی تاکێکی کوردمان بێت ناوی لەو بەڵگەنامانەدا هەبێت یان کورد وتەنی نانێکمان بەو ساجەوە سوتابێت، خەمەکە بۆ ئەوەیە وەک کۆی پرس و مشتومڕەکانی تر کۆمەڵگەکەی ئێمەی کردووە بەدوو بەشەوە و خەریکە درزی جیاوازییە بێ بەها و بێ بنەماکانمان گەورەتر ئەکات. چینێک لە جیاتی سەرکۆنە و ڕسواکردنی ئەو مشەخۆرانە دێت بەتەوسەوە ناوی ڕۆشنبیرێکی کورد دەهێنێت و ئەڵێت ئەوە بەرهەمی ئەو ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەیە بوو کە تۆ و ڕەفیقەکانت کردبووتانە نموونەی باڵا و شانازیتان پێوەدەکردن. لەبەرامبەردا چینی دووەم کە ئامادەیە بۆ شکاندنی چینی یەکەم تا ئەو ڕادەیە ئینکاری بکات و بڵێت ماست هەر لە ئەزەلەوە ڕەش بووە، دێت بە کۆمەڵێک ڕیوایەت بێڕێزی بە پیرۆزییەکانی ئەوانی تر ئەکات و لەجیاتی شەرمەزارکردنی ئیبستن و میوانە قێزەونەکانی دوورگەکەی دەبێتە پارێزەریان، خۆ بۆ ئەوە نییە پێیوابێت ئەو دڕندانە خزمەتێکیان کردبێت بەڵکو تەنها بۆ درێژەدانە بەو ململانێ شکستخواردووەی ڕۆژبەڕۆژ دەبێتە مایەی نەهامەتی زیاتر بۆ میللەتەکەمان. هەفتەی پێشوو جەماوەری کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە هەڵمەتێکی مێژوویی لە یەکڕیزی و گیانی بەرگری بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ڕۆژئاڤا پیشاندا، کە لەناوخۆ بووە پاڵپشتییەکی گەورە و ئیرادە و هێزێکی کاریگەر بۆ کورد لەو هەرێمە، لە ئاستی نێودەوڵەتیش شکستی بە"ئیبستنەکان" و بڕیار و تەماعکارییەکانیان هێنا، هەڵوێستەکە بۆ ئێمە وەک نەتەوەیەکی گەورەی بێدەوڵەت لەم قۆناغ و ساتەدا بەقەد نەفەس پێویست بوو. بۆیە سەر بە کام بلۆک و ئایدۆلۆژیا و باوەڕیت لە هەموو بار و دۆخەکاندا بە ڕەش بڵێ ڕەش و بە سپیش سپی، با چیتر جیاوازی بۆچوونەکان نەبنە مایەی لەتبوونمان چونکە زیاد لە پێویست دابەشبووین، ئیتر پێویستمان بە یەکبوونە، با دیمەنەکانی پشتیوانی و پاڵپشتی لە ڕۆژئاڤا بە مشتومڕی بێ بەها لە زهنی گەلەکەماندا کاڵ نەکەینەوە.

ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە