گاردی نیشتیمانی دواهه‌وڵ‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ی شکۆی سوپای عێراق

9/26/2014 11:42:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز
‌نیقاش 

به‌ر له‌چه‌ند رۆژێک رێوشوێنه‌کانی پێکهێنانی هێزێکی نوێی ئه‌منی له‌پارێزگا سوننه‌نشینه‌کان ده‌ستی پێکرد به‌ناوی "گاردی نیشتیمانی"، ئه‌مه‌ش هه‌وڵێکی دره‌نگ وه‌خته‌ بۆ رزگارکردنی شکۆو ناوو ناوبانگی سوپا له‌و ده‌رده‌ تایفییه‌ی لێی داوه‌، هه‌روه‌ک رووپۆشێکی یاساییه‌ بۆ ده‌یان گروپی چه‌کداری نانیزامی که‌ بۆ شه‌ڕی داعش یه‌کیان گرتووه‌.
 
له‌یه‌کێک له‌بینا قایم ‌و توندوتۆڵه‌کانی ده‌وروبه‌ری موسڵ‌ به‌ده‌یان فه‌رمانبه‌ر سه‌رقاڵی به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری شاره‌که‌یانن که‌ له‌رۆژی 10ی حوزه‌یرانه‌وه‌ به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وانیشدا ئه‌سیل نوجێفی پارێزگار خه‌ریکی رزگارکردنی ئه‌و شتانه‌یه‌ که‌ ده‌ستی پێی بگات.
 
چه‌ند رۆژێکه‌ ئه‌م فه‌رمانبه‌رانه‌ له‌پاڵ‌ کاره‌که‌ی خۆیاندا که‌ بریتییه‌ له‌تۆمارکردنی ناوی ئاواره‌کان‌و پێدانی هاوکاری مرۆیی، کارێکی تریش راده‌په‌ڕێنن که‌ ئه‌ویش به‌قسه‌ی یه‌کێک له‌فه‌رمانبه‌ره‌کان بریتییه‌ له‌"تۆمارکردنی ناوی خۆبه‌خشان بۆ سوپایه‌کی نوێ‌ به‌ناوی گاردی نیشتیمانی".
 
له‌نێوانی هه‌ولێرو موسڵ‌ ناوه‌ندێکی تایبه‌ت کراوه‌ته‌وه‌ بۆ راهێنانی ئه‌م هێزه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی فه‌رمانده‌کانی پێشووی سوپای عێراق ئه‌وانه‌ی خه‌ڵکی موسڵن، دیارترین کاریشیان بریتی ده‌بێت له‌رزگارکردنی شاره‌که‌یان له‌ده‌ست داعش که‌ تائێستاش به‌یاساکانی چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر به‌ڕێوه‌ی ده‌بات.
 
له‌ئه‌نباری خۆرئاوای عێراقیش که‌ زۆربه‌ی به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌، فه‌رمانبه‌رانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا رێوشوێنه‌کانی پێکهێنانی ئه‌و هێزه‌ تایبه‌ته‌یان ته‌واوکردووه‌و 10 هه‌زار که‌سیان ده‌ستنیشان کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌ گاردی نیشتیمانییه‌وه‌.
 
هه‌رچی پارێزگای سه‌لاحه‌دینیشه‌ چاوه‌ڕێی که‌شێکی له‌بار ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی هێزی تایبه‌ت به‌خۆیان دروست بکه‌ن، بۆ دیاله‌ بارودۆخه‌که‌ جیاوازه‌، چونکه‌ به‌هه‌زاران چه‌کداری میلیشیا شیعه‌کان له‌ناوچه‌ سوننی‌و شیعه‌کان بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.
 
له‌پاش ئه‌وه‌ی داعش ده‌ستیگرت به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌کی به‌رفراوانی موسڵ‌‌و تکریت‌و ئه‌نبارو سوپا به‌بێ‌ شه‌ێ‌ هه‌ڵهات، ئیتر بیرۆکه‌ی پێکهێنانی هێزێکی ئه‌منی نوێ‌ بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ک سه‌ریهه‌ڵدا، چونکه‌ خه‌ڵک ته‌واو بێزار بوبوون له‌هه‌ڵسوکه‌وتی سوپای پێشوو که‌ جگه‌ له‌مامه‌ڵه‌ی خراپی، شاره‌که‌یانی به‌بێ‌ شه‌ێ‌ دایه‌ ده‌ست داعش.
 
پێکهێنانی ئه‌م هێزه‌ یه‌کێک بوو له‌به‌شه‌کانی کارنامه‌ی حکومه‌ته‌که‌ی عه‌بادی که‌ له‌دوای ده‌نگدان به‌کابینه‌که‌ی له‌په‌رله‌مان رایگه‌یاند "ده‌بێت ئارامی بچه‌سپێنرێت‌و پاڵپشتی هێزه‌ ئه‌منییه‌کان‌و پرۆژه‌ی ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتیمانی بکرێت، هه‌روه‌ها گه‌شه‌ بدرێت به‌ئه‌زموونی پشتیوانی میللیو پێکهێنانی گاردی نیشتیمانی بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ک‌و پاڵپشتی هێزی پێشمه‌رگه‌".
 
له‌راستیدا سێ‌ ئامانجی پۆزه‌تیڤ هه‌یه‌ که‌ ئه‌م هێزه‌ نوێیه‌ ده‌توانێت بیهێنێته‌ دی، ئه‌وانیش رزگارکردنی شکۆ‌و ناووناوبانگی سوپا له‌تۆمه‌تی تایفی، کۆتایی هێنان به‌کاری میلیشیا شیعه‌و سوننه‌کان، بنیادنانی بنکه‌یه‌کی به‌هێز بۆ هێزه‌ وشکانییه‌کان که‌ کاری بۆردومانی ئه‌مه‌ریکاو چه‌ند وڵاتێکی ئه‌وروپی بۆ سه‌ر داعش ته‌واو ده‌کات.
 
زۆر ده‌گمه‌نه‌ دانیشتوویه‌کی پارێزگا سوننه‌نشینه‌کان ببینیته‌وه‌ که‌ ستایشی سوپا بکات، چونکه‌ سه‌رجه‌میان ئه‌و سوپایه‌ به‌تایفی تۆمه‌تبار ده‌که‌ن، به‌تایبه‌تی که‌ زۆربه‌ی سه‌ربازو ئه‌فسه‌رانی سوپا له‌ئه‌نبارو موسڵ‌‌و سه‌لاحه‌دین‌و به‌غداو دیاله‌و بابل له‌پارێزگا شیعه‌نشینه‌کانی باشووره‌وه‌ هاتوون.
 
عه‌قید عه‌زیز روبه‌یعی که‌ له‌پارێزگاکانی ئه‌نبارو موسڵ‌‌و بابل بووه‌ به‌"نیقاش"ی وت "دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ رقیان لێمانه‌و تۆمه‌تبارمان ده‌که‌ن به‌وه‌ی تایفین‌و میلیشیای ئێرانین.. ئه‌مه‌ش کارى ئێمه‌ی قورس کردووه‌، چۆن ده‌توانین ناوچه‌یه‌ک له‌ده‌ست داعش پاکبکه‌ینه‌وه‌ که‌ دانیشتوانه‌که‌ی رقیان لێمان بێت".
 
ئه‌م عه‌قیده‌ پێده‌چێت گه‌شبین بێت به‌پێکهێنانی هێزی ئه‌منی بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ک، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "هێزه‌ نوێیه‌که‌ به‌تایفی تۆمه‌تبار ناکرێن، چونکه‌ له‌هه‌مان ناوچه‌ن‌و شوێنی تیرۆریسته‌کان ده‌که‌ون، ئه‌گه‌ر هاوکاری ئێمه‌شیان ویست ده‌چین به‌ده‌نگیانه‌وه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک رقی لێمان بێته‌وه‌، چونکه‌ هێزه‌که‌ی خۆیان داوایکردووه‌".
 
بڕیار وایه‌ هێزی گاردی نیشتیمانی گرێبدرێته‌وه‌ به‌وه‌زاره‌تی به‌رگری حکومه‌تی ئیتیحادییه‌وه‌ له‌رووی موچه‌و پڕچه‌ککردنه‌وه‌، به‌ڵام ته‌نها فه‌رمان له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگا وه‌رده‌گرێت‌و ئه‌رکه‌که‌شی هه‌ر له‌ناو پارێزگادا ده‌بێت وه‌ک ئه‌وه‌ی فالیح عیساوی جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار ئاماژه‌ی پێده‌کات.
 
عیساوی به‌"نیقاش"ی وت "خه‌ریکه‌ له‌ئه‌نبار کاری پێکهێنانی ئه‌و سوپایه‌ ته‌واو ده‌بێت، ده‌ هه‌زار که‌س له‌خه‌ڵکی ئه‌نبار خۆبه‌خشانه‌ ناویان تۆمارکردووه‌، به‌ڵام کێشه‌ی پڕچه‌ککردن هێشتا چاره‌سه‌ر نه‌کراوه‌، به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریکاش به‌ڵێنیان پێداوین چه‌کمان بده‌نێ‌".
 
پێکهێنانی ئه‌م هێزه‌ له‌پارێزگا سوننه‌نشینه‌کان ره‌نگه‌ هاوسه‌نگی تایفی رابگرێت له‌ناو سوپای عێراقیدا که‌ سیاسه‌توانانی سوننه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تباری ده‌که‌ن تایفییه‌و زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری له‌شیعه‌ پێکهاتووه‌.
 
زانیارییه‌کان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن به‌پێی رێکه‌وتننامه‌یه‌کی نهێنی که‌ له‌نێوان عه‌بادی‌و ژماره‌یه‌ له‌به‌رپرسانی پارێزگا سوننه‌نشینه‌کان هه‌فته‌ی رابردوو له‌به‌غدا ئه‌نجام دراوه‌، هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی گاردی نیشتیمانی ناچێته‌ ژێر مه‌رجه‌کانی یاسای "ریشه‌کێشکردنی به‌عس"ه‌وه‌‌و ئه‌فسه‌ره‌کانی سوپای پێشووی لێ‌ دوور ناخرێته‌وه‌.
 
له‌پارێزگا سوننه‌نشینه‌کان به‌هه‌زاران ئه‌فسه‌ری سوپای پێشووی عێراق هه‌یه‌ که‌ ئه‌زموونێکی دوورو درێژیان هه‌یه‌و زۆرینه‌یان له‌وڵاتانی ئه‌وروپاو روسیا راهێنراون‌و شه‌ڕێکی درێژخایه‌نیان له‌گه‌ڵ‌ ئێراندا کردووه‌، به‌ڵام له‌پاش ساڵی 2003وه‌ سه‌رجه‌میان خانه‌نشین کران‌و ئێستاش له‌رێی گاردی نیشتیمانییه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.
 
ئامانجێکی تری ئه‌م سوپایه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ چه‌ک ته‌نها له‌ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا بێت، چونکه‌ میلیشیا شیعه‌و سوننه‌کان ده‌چنه‌ ناو ئه‌م سوپایه‌وه‌و فه‌رمان له‌حکومه‌ته‌وه‌ وه‌رده‌گرن نه‌ک سه‌رانی میلیشیاکان.
 
له‌لای شیعه‌وه‌ لانی که‌م پێنج میلیشیای گه‌وره‌ چه‌کیان به‌ده‌سته‌ به‌بێ‌ هیچ رێوشوێنێک که‌ ئه‌وانیش بریتین له‌"عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق"، "سه‌رایا سه‌لام"ی سه‌ر به‌ره‌وتی سه‌در، "حیزبوڵای عێراقی"، له‌گه‌ڵ‌ رێکخراوی به‌در، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر داوای سیستانی مه‌رجه‌عی شیعه‌ چه‌کیان هه‌ڵگرتووه‌، ئه‌مانه‌ ژماره‌یان زۆر زیاتره‌، به‌ڵام راهێنراو نین‌و زۆربه‌یان له‌خه‌ڵکی بێکارن.
 
له‌لای سوننه‌شه‌وه‌ شه‌ش گروپی تر هه‌یه‌ که‌ ئه‌وانیش بریتین له‌"ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی شۆڕشگێڕانی عه‌شایر" ئه‌مه‌ له‌هه‌موویان گه‌وره‌تره‌، "سوپای ئیسلامی"، "سوپای موجاهیدین"، "پیاوانی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی"، "که‌تیبه‌کانی سه‌وره‌ی عه‌شیرن"، "ئه‌نسار ئیسلام".
 
دوا ئامانجی گاردی نیشتیمانیش ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موو ئه‌م گروپه‌ سوننه‌و شیعاته‌ له‌یه‌ک سوپای نیزامیدا رێکبخات بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی داعش، ئه‌م پلانه‌ حکومه‌تی نوێ‌و به‌رپرسانی سوننه‌ له‌سه‌ری رێککه‌وتوون.
 
به‌پێی پلانه‌که‌ گاردی نیشتیمانی ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش رزگار ده‌که‌ن، چونکه‌ خه‌ڵک رووبه‌روویان نابێته‌وه‌، هه‌رچی سوپای عێراقییه‌ له‌پشته‌وه‌ پاڵپشتییان ده‌کات‌و فرۆکه‌کانی ئه‌مه‌ریکاو وڵاتانی ئه‌وروپیش له‌ئاسمانه‌وه‌ بۆردومان ده‌که‌ن.
 
له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌ندێک پێیان وایه‌ بیرۆکه‌ی پێکهێنانی گاردی نیشتیمانی بێ‌ مه‌ترسی نییه‌، هه‌ندێ‌ له‌سیاسه‌تمه‌داره‌کان له‌وه‌ ده‌ترسن ئه‌م هێزه‌ له‌پارێزگایه‌که‌وه‌ هێرش بکاته‌ سه‌ر پارێزگاکه‌ی دراوسێی‌و به‌و هۆیه‌وه‌ شه‌ێ‌ هه‌ڵبگیرسێت، به‌ڵام زۆربه‌ی سیاسه‌توانه‌کانیش گه‌شبینن، هیچ نادۆڕێنن ئه‌گه‌ر ئه‌م ئه‌زموونه‌ش تاقى بکه‌نه‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێکیان له‌گه‌ڵ‌ داعشدا تاقیکرده‌وه‌.

ئا :  موسته‌فا حه‌بیب


زۆرترین خوێندراو