به‌ڵێننامه‌ یاساییه‌کانیش، ژنانى داڵده‌دراو ناپارێزن

11/21/2014 5:37:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
‌نیقاش   

ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ی داهاتوو ژنانی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ‌ ژنانی تری جیهان که‌مپینی ساڵانه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان راده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام ئه‌مساڵ‌ یادکردنه‌وه‌که‌ له‌کاتێکدا ده‌بێت که‌ ئاماره‌کان دڵخۆشکه‌ر نین.
 
یه‌کێک له‌و باسانه‌ی به‌لای چاکوانانی ژنانه‌وه‌ وه‌ک گرفتێکی گه‌وره‌ ده‌بینرێت دروستبوونی مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ژنانه‌ی له‌سه‌نته‌ره‌کانی داڵده‌دانه‌وه‌ ده‌چنه‌وه‌ بۆ ناو که‌سوکاریان، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا باس له‌وه‌ ده‌کرێت که‌ هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاساکان له‌و باره‌یه‌وه‌، به‌ڵام رووداوه‌ "تاڵ‌"ه‌کان مایه‌ی مه‌ترسین.
 
به‌پێی سیسته‌می کاری ناوه‌نده‌کانی داڵده‌دانی ژنان له‌هه‌رێمی کوردستان، هه‌ر ژنێک که‌ به‌هۆی کێشه‌ی خێزانییه‌وه‌ له‌ده‌ست که‌سوکاره‌که‌ی هه‌ڵهاتبێت، راده‌ستی هیچ یه‌کێک له‌که‌سوکاره‌که‌ی نه‌کرێته‌وه‌ تا ئه‌وکاته‌ی به‌ڵێننامه‌ی یاسایی له‌لای دادوه‌ر پڕنه‌که‌نه‌وه‌و به‌ڵێنی پاراستنی سه‌لامه‌تی ژیانی که‌سه‌که‌ نه‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌و به‌ڵێننامانه‌ رێگرییان نه‌کردووه‌ له‌وه‌ی دواتر که‌سوکاره‌که‌ی ده‌ست بۆ کوشتنی کچه‌کانیان نه‌به‌ن.
 
ناوه‌نده‌کانی داڵده‌دانی ژنان له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژى خێزانى به‌ڕێوه‌ ده‌برێن که‌ ئه‌مه‌ش دامه‌زراوه‌یه‌کی حکومییه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ى پڕکردنه‌وه‌ى به‌ڵێننامه‌ى یاساییه‌وه‌ گره‌نتى سه‌لامه‌تى ژنانى داڵده‌دراوى ناو شێڵته‌ره‌کانى بکات دواى راده‌ستکردنه‌وه‌یان، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى ئه‌مساڵ کوژراون ده‌ستکه‌وتى باش نین بۆ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌.
 
یه‌که‌م رۆژى ساڵى نوێى ٢٠١٤ به‌کوژرانى رۆژین عادلى ته‌مه‌ن شانزه‌ ساڵان ده‌ستى پێکرد له‌که‌لار(140کم باشووری شاری سلێمانی)، ئه‌و کچه‌ به‌ر له‌ دوو ساڵ (٢٠١٢) به‌هۆى کێشه‌یه‌کى کۆمه‌ڵایه‌تیو بونى مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیانی، حکومه‌ت له‌یه‌کێک له‌شێڵته‌ره‌کانیدا هێشتبویه‌وه‌ هه‌تا ئه‌و کاته‌ى که‌ له‌ 7ی ئایاری 2012 به‌بڕیارى دادگاى گه‌رمیان‌و دواى پڕکردنه‌وه‌ى به‌ڵێننامه‌ى یاسایى راده‌ستى خێزانه‌که‌ى کرابۆوه‌.
 
رۆژین که‌ دوو براى تۆمه‌تبارن به‌کوشتنی، دووه‌مین که‌یس بوو که‌ له‌چواچێوه‌ى سنورى کارى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژى خێزانى له‌گه‌رمیان تۆمار کرابێت، پێشتریش له‌ 20ی ته‌مموزی 2012دا کچێک به‌ناوى نیگار ره‌حیم (15 ساڵ‌) له‌لایه‌ن برایه‌کیه‌وه‌ به‌چه‌قۆ کوژرا، دواى تێپه‌ڕبونى هه‌شت رۆژ به‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵێننامه‌یه‌دا که‌ خێزانه‌که‌ى له‌به‌رده‌م دادوه‌ردا پڕیان کردبۆوه‌.
 
که‌یسى کوشتنى رۆژین تاکه‌ که‌یسى کوشتنى ژنانى داڵده‌دراویش نییه‌ که‌ له‌ ساڵى ٢٠١٤دا له‌کوردستان تۆمار کرابێت، هه‌رچه‌نده‌ خێزانه‌کانیان که‌فاله‌تى سه‌لامه‌تى ژیانیان کردون.
 
له‌هه‌ولێر ته‌نها له‌ماوه‌ى پانزه‌ رۆژدا (27ی شوبات تا 14ی ئازار) به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی پۆلیس دوان له‌و که‌یسه‌ داڵده‌دراوانه‌ به‌ده‌ستى که‌سوکاره‌کانیان کوژران که‌ یه‌کێکیان سێ رۆژو ئه‌ویتریان ته‌نها دوو رۆژ به‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ ماڵه‌وه‌ تێپه‌ڕى بوو.
 
هه‌رژنێک رووبکاته‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی راسته‌وخۆ له‌شێلته‌ره‌کان داڵده‌ نادرێت، چونکه‌ به‌شێکیان کێشه‌کانیان ساده‌تره‌و ئاسان چاره‌سه‌ر ده‌بن، به‌ڵام بۆ ئه‌و ژنانه‌ی داڵده‌ ده‌درێن، له‌حاڵه‌تى به‌جێهێشتنى شێڵته‌ره‌که‌شدا پێویسته‌ دادوه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌ى ته‌واوى بخرێته‌ به‌ر ده‌ست که‌ هیچ مه‌ترسیه‌ک له‌سه‌ر ژیانى نیه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا ده‌بێت لانى که‌م یه‌کێک له‌ئه‌ندامانى خێزانه‌که‌ى به‌ڵێننامه‌ى یاسایى پێ‌ بکاته‌وه‌و که‌فاله‌تى وه‌رگرتنه‌وه‌ى بکات.
 
هه‌رچه‌نده‌ ئێستا له‌دواى کوشتنى ئه‌و که‌یسانه‌وه‌ رێوشوێنه‌کان توندتر کراونه‌ته‌وه‌ وه‌ک سه‌رکه‌وت عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژى خێزانى له‌سلێمانی، به‌"نیقاش"ی وت "ساڵانى پێشو ویستى که‌یسه‌که‌ بۆ به‌جێهێشتنى شێڵته‌ر له‌لاى دادوه‌ر ئه‌وله‌ویه‌تى هه‌بوو، به‌ڵام له‌دواى کوشتنى ئه‌و که‌یسانه‌وه‌ ئێستا ده‌بێت راپۆرتى لێکۆڵه‌رى توندوتیژیو توێژه‌ره‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیش ئه‌وه‌ بسه‌لمێنێت که‌ به‌جێهێشتنى شێڵته‌ره‌که‌ هیچ مه‌ترسیه‌ک له‌سه‌ر ژیانى دروست ناکات."
 
ئه‌وه‌ش وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک به‌وه‌ى که‌ پێشتر دادگا راوبۆچونى لێکۆڵه‌رى توندوتیژى "به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتوه‌" له‌باره‌ى بونى مه‌ترسى له‌سه‌ر که‌یسه‌که‌.
 
به‌ڵام هێشتا ئه‌و رێوشوێنانه‌ى له‌به‌رده‌ستن بۆ گره‌نتى پاراستنى که‌یسه‌کان به‌لاى سه‌رکه‌وته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ جێى دڵنیایى نین، ده‌ڵێت "به‌ڵێننامه‌که‌ به‌ته‌نیا هیچ رێگرییه‌ک ناکات له‌به‌رامبه‌ر ویستى که‌سوکاره‌کان بۆ کوشتنى که‌یسه‌کان، به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندى به‌پاککردنه‌وه‌ى شه‌ره‌فه‌وه‌ هه‌بێت."
 
ئه‌مه‌ بۆچونى هاوبه‌شى به‌ڕێوه‌به‌ره‌کانى ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌یه‌ که‌ له‌هه‌ر سێ پارێزگاکه‌ى هه‌رێمدا نوسینگه‌یان هه‌یه‌.
 
ژیله‌مۆ عه‌بدولقادر، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژى خێزانى له‌هه‌ولێر به‌"نیقاش"ى ووت "هه‌ندێک ئه‌وه‌نده‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌مه‌سه‌له‌ى شه‌ره‌فدا توندن، ته‌نانه‌ت بۆیان گرنگ نییه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر کوشتنه‌که‌ بیست ساڵیش بچنه‌ زیندانه‌وه‌."
 
ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ نمونه‌ى حوکمدانى چوار که‌سى خێزانێک به‌ ١٥- ٢٠ ساڵ زیندانى وه‌بیر ده‌هێنێته‌وه‌ که‌ له‌ئابى ٢٠١٢دا کچه‌ داڵده‌دراوه‌که‌ى خۆیان کوشت دواى ته‌نها یه‌ک رۆژ له‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی، ده‌ڵێت "به‌ڵێننامه‌یان لێوه‌رگیرابوو، به‌ڵام ئه‌وان شه‌ره‌فى خۆیان به‌لاوه‌ گرنگتر بوو."
 
به‌لاى ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رانه‌وه‌ زیاتر له‌هۆکارێک به‌شداره‌ له‌کوشتنى که‌یسه‌ داڵده‌دراوه‌کان دواى راده‌ستکردنه‌وه‌یان، ئه‌وان ته‌نها هۆکاره‌که‌ له‌که‌فاله‌تکردنه‌که‌دا نابیننه‌وه‌.
 
که‌مى سزاى یاسایى له‌سه‌ر بکوژانى ژن، به‌هۆکارێکى دیکه‌ى بوونى مه‌ترسى زیاتر له‌سه‌ر کوشتنى که‌یسه‌ داڵده‌دراوه‌کان داده‌نرێت له‌لایه‌ن ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رانه‌وه‌ بۆئه‌مه‌ش پێشنیاریان بۆ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریو په‌رله‌مانى کوردستان کردوه‌ که‌ له‌هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژى خێزانى ژماره‌ ٨ى ساڵى ٢٠١١دا کار به‌به‌ڵێننامه‌ ناکرێت‌و له‌جیاتى ئه‌وه‌ حیجز بخرێته‌ سه‌ر موڵکێکى گرانبه‌هاى خێزانى که‌یسه‌که‌، هه‌روه‌ک ئه‌و ماده‌ یاساییه‌ش که‌ په‌یوه‌ندى به‌پاراستنى که‌یسه‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌بێت پێداچونه‌وه‌ى بۆ بکرێت، بۆئه‌وه‌ى لانى که‌م رێژه‌ى هه‌وڵدان بۆ کوشتن که‌م بکرێته‌وه‌، سه‌رکه‌وت عومه‌ر  ده‌ڵێت "ناتوانین سه‌دا سه‌د گره‌نتى ئه‌وه‌ بده‌ین که‌ هیچ که‌یسێکى داڵده‌دراو دواى ته‌سلیم کردنه‌وه‌ى ناکوژرێت، به‌ڵام هه‌تا رێوشوێنه‌کان توندتربن، که‌مترین چانس ده‌بێت بۆئه‌وانه‌ى ده‌یانه‌وێت ژنێک بکوژن."
 
هه‌رچه‌نده‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کان له‌رێگه‌ى هۆبه‌ تایبه‌تییه‌کانیانه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت به‌دواداچون بۆ ژیانى که‌یسه‌کان بکه‌ن دواى راده‌ستکردنه‌وه‌یان، به‌ڵام وه‌ک سه‌رکه‌وت ده‌ڵێت "هه‌ندێکجار هه‌لومه‌رجى خێزانى ئه‌و که‌یسانه‌ رێگه‌ نادات وه‌ک پێویست سه‌ردانى بکه‌یت، یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ناشتوانین به‌ته‌له‌فون قسه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێکیان بکه‌ین."
 
له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ پێشنیاریان کردوه‌ که‌ له‌هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساکه‌دا ماوه‌یه‌ک بۆ به‌دواداچون دیارى بکرێ‌و که‌یسه‌کانیش پابه‌ند بکرێن به‌وه‌ى ده‌بێت رازى بن لێیان بپرسرێته‌وه‌.
 
هه‌رجارێک یه‌کێک له‌و ژنانه‌ ده‌کوژرێت که‌ له‌سه‌نته‌ره‌کانی داڵده‌دان دێنه‌ ده‌ره‌وه‌، چالاکوانانی ژنان ده‌نگیان لێ به‌رز ده‌بێته‌وه‌و داوا ده‌که‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی "چیتر ژنان نه‌که‌نه‌ قوربانى به‌ڵێننامه‌یه‌ک که‌ هیچ قورساییه‌کى له‌سه‌ر خێزان نیه‌."
 
به‌هار مونزیر، رێکخه‌رى گشتى گروپى ژنان –تۆڕى هاوبه‌شى چالاکوانانى داکۆکیکار له‌مافه‌کانى ژنان- له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌وانه‌ى ئه‌مساڵ تۆمارکراون ده‌ستکه‌وتى دڵخۆشکه‌ر نین بۆ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌، ده‌رکه‌وت به‌ڵێننامه‌کان ژنان ناپارێزن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ى کوشتنیشیان له‌سه‌ر نه‌مابێت، به‌هۆکارى تر خۆیان په‌نا بۆ خۆ کوشتن ده‌به‌ن."
 
ئه‌مه‌ش وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ که‌یسى شلێرو حه‌لیمه‌ ئه‌و دوو خوشکه‌ى سه‌ید سادق (58 کم له‌دووری سه‌نته‌ری سلێمانییه‌وه‌) که‌ له‌ ناو گۆماوێکدا دۆزرانه‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى پێنچ مانگ پێشتر به‌که‌فاله‌تى خاڵیان راده‌ستى که‌سوکاریان کرابونه‌وه‌.
 
که‌یسى مردنى ئه‌و دوو خوشکه‌ ‌هێشتا رون نیه‌ کوشتنه‌ یان خۆ کوشتنه‌، ئه‌گه‌رچى وه‌ک به‌هار ده‌ڵێت "ئه‌وان له‌به‌ر خراپى بارودۆخى ئابوریان رویان له‌و به‌ێوه‌به‌رایه‌تیه‌ کردبوو، که‌مته‌رخه‌مى هه‌موو لایه‌نه‌کانه‌ که‌ به‌وه‌رگرتنى که‌فاله‌تێک ئه‌وانیان ره‌وانه‌ى ئه‌و ژیانه‌ کرده‌وه‌ که‌ تێیدا به‌مردنێکى ته‌مومژاوى کۆتایى به‌ژیانیان بێت."
 
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژى خێزانى مانگانه‌ ئامارى توندوتیژیه‌کان دژ به‌ژنان له‌هه‌رێم بڵاوده‌کاته‌وه‌، به‌ڵام هیچ ئامارێکى تێدا نیه‌ ده‌رباره‌ى ئه‌و ژنانه‌ى که‌ له‌شێڵته‌ره‌کاندا داڵده‌دراون یان ئه‌وانه‌ى دواى وه‌رگرتنى که‌فاله‌ت راده‌ستى که‌سوکاریان کراونه‌ته‌وه‌.
 
 
به‌ڵام به‌پێى ئامارێکى هۆبه‌ى به‌دواداچونى سلێمانى ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌، له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ هه‌تا 15ی ئه‌م مانگه‌ (218) داغڵى شێڵته‌ر بوون، به‌ڵام له‌ئێستادا ته‌نها 25 ژن ماونه‌ته‌وه‌ که‌ نۆ مناڵیشیان له‌گه‌ڵدایه‌.
 
ئه‌وه‌ی ئێستا چالاکوانانی ژنان داوای ده‌که‌ن ئه‌وه‌یه‌ ئیتر له‌دوای هه‌فته‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژییه‌وه‌ که‌لێنێک نه‌هێڵدرێته‌وه‌ که‌ ژیانی ژنانی داڵده‌دراوی تیا بکه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

ئا : ئاڵا له‌تیف    


زۆرترین خوێندراو