ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ ناوێکی باوت هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستگیر بکرێیت

12/5/2014 12:05:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
‌نیقاش  

زۆر که‌س هه‌ن له‌عێراقدا ناوی باویان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی تێی که‌وتوین ناوی باو نه‌گبه‌تی بۆ خاوه‌نه‌که‌ی ده‌هێنێت‌و دوورنییه‌ له‌زیندان قایمی بکات.
 
له‌عێراقدا چه‌ندین ناو هه‌ن که‌ باوو دووباره‌ن جا ره‌نگه‌ ئه‌و ناوانه‌ له‌که‌سایه‌تییه‌ ئاینیى یان عه‌شایه‌رییه‌کانه‌وه‌ وه‌رگیرابێت، ده‌مێکیشه‌ دایک‌و باوکان ئه‌و جۆره‌ ناوانه‌ بۆ منداڵه‌کانیان به‌کارده‌هێنن به‌ڵکو هه‌ڵگری به‌ره‌که‌ت بن، به‌ڵام ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م رۆژگاره‌یان له‌پێش چاو بوایه‌، ئه‌و ناوانه‌یان له‌منداڵه‌کانیان نه‌نایه‌.
 
کاتێک محه‌مه‌د جاسم محه‌مه‌د که‌ دانیشتوویه‌کی شاری به‌غدایه‌ به‌یه‌کێک له‌خاڵه‌کانی پشکنینی ناوچه‌ی غه‌زالیه‌ی پایته‌ختدا تێده‌په‌ڕێت، سه‌ربازێک داوای پێناسه‌ی خۆیی‌و شۆفێی تاکسییه‌که‌ ده‌کات، ئیتر لێره‌وه‌ ده‌رده‌سه‌ی محه‌مه‌د ده‌ست پێده‌کات.
 
 
محه‌مه‌د رووداوه‌که‌ی بۆ "نیقاش" گێڕایه‌وه‌و وتی "سه‌ربازه‌که‌ پێی وتم به‌تۆمه‌تی تیرۆر داواکراوی، نه‌مزانی چی وه‌ڵام بده‌مه‌وه‌، خێرا شۆفێره‌که‌ش خۆی لێ بێبه‌ری کردم‌و وتی من نایناسم ته‌نها به‌تاکسییه‌که‌ گه‌یاندوومه‌".
 
چه‌ند خوله‌کێک محه‌مه‌د هه‌وڵده‌دا تێبگات باسه‌که‌ چییه‌، به‌ڵام ئه‌فسه‌ری بازگه‌که‌ که‌ کاغه‌زێکی به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌بێت پێی ده‌ڵێت ناوی ئه‌و داواکراوه‌، له‌مڕووه‌وه‌ محه‌مه‌د ده‌ڵێت "کاغه‌زه‌که‌ی به‌ده‌ستیه‌وه‌ بوو شێوابوو، به‌خه‌تێکی ناخۆش ناوی چه‌ند که‌سێکی تیا نوسرابوو، پێده‌چوو ماوه‌یه‌کی زۆر له‌گیرفاندا هه‌ڵگیرابێت بۆیه‌ وا تێکچووبوو".
 
له‌و کاته‌ی ئه‌فسه‌ره‌که‌ دوو کارمه‌ندی هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی راسپاردووه‌ قۆڵبه‌ستی محه‌مه‌د بکه‌ن، پێی وتووه‌ ناوی له‌ناو لیستێکدا هاتووه‌ که‌ دادگاکانی عێراق به‌تۆمه‌تی تیرۆر داوایان کردوون، هه‌رچه‌نده‌ محه‌مه‌د هه‌وڵیداوه‌ بۆ ئه‌فسه‌ره‌که‌ی روون بکاته‌وه‌ که‌ ره‌نگه‌ که‌سێکی تر بێت‌و هه‌مان ناوی هه‌بێت، له‌وه‌ڵامدا پێی وتووه‌ "له‌به‌رده‌م دادوه‌ر به‌رگری له‌خۆت بکه‌".
 
پاش ئه‌وه‌ی دوو هه‌فته‌ له‌گرتووخانه‌یه‌کی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی به‌رگری به‌ندی ده‌که‌ن، دوایی بۆیان روون ده‌بێته‌وه‌ که‌ محه‌مه‌د کابرایه‌کی کاسبه‌و هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌و باسه‌وه‌ نییه‌، کێشه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ناوی خۆیی‌و باوو باپیری هاوشێوه‌ی ناوی که‌سێکی داوایکراو بووه‌.
 
تاکه‌ تاوانی محه‌مه‌د ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ ناوێکی هاوشێوه‌ی ناوی که‌سێکی داواکراوی هه‌بووه‌، له‌م بارودۆخه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ عێراقی تێکه‌وتووه‌ زۆر که‌س ده‌بن به‌هه‌مان ته‌ڵه‌وه‌.
 
محه‌مه‌د تاکه‌ که‌سێک نییه‌ که‌ ئه‌و رووداوه‌ی به‌سه‌ر هاتبێت، به‌ڵکو به‌سه‌دان که‌سی تر دووچاری هه‌مان گرفت بوونه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌شی که‌ دانیشتوی به‌غدان‌و ناوێکی باویان هه‌یه‌ به‌ترسه‌وه‌ به‌خاڵه‌کانی پشکنیندا تێپه‌ێ‌ ده‌بن نه‌وه‌ک داوای پێناسیان لێبکرێت‌و ده‌ستگیر بکرێن. 
 
ئه‌وه‌ له‌عێراقدا باویه‌تی که‌ دایک‌و باوک بۆ به‌ره‌که‌ت ناوی که‌سایه‌تییه‌کی ئاینی یان عه‌شایه‌ری له‌منداڵه‌کانیان ده‌نێن، بۆ نموونه‌ که‌سێک که‌ ناوی جاسم بێت کاتێک ژن ده‌هێنێت‌و ده‌بێته‌ خاوه‌نی کوێ‌ ناوی ده‌نێت محه‌مه‌د، ئه‌و باوکه‌ش که‌ ناوی عه‌لییه‌ منداڵه‌که‌ی ناوده‌نێت حسێن، ئه‌وه‌شی که‌ ناوی حه‌سه‌نه‌ منداڵه‌که‌ی ناوده‌نێت فه‌لاح، به‌ده‌یان نموونه‌ی تری هاوشێوه‌ش هه‌یه‌.
 
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌یه‌ که‌ زۆر که‌س ته‌نانه‌ت ناوی چواریشیان وه‌ک یه‌که‌، ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری ناوه‌ باوه‌کانن ته‌نانه‌ت له‌مامه‌ڵه‌ فه‌رمییه‌کانیشدا تووشی سه‌رئێشه‌ی خۆیان ده‌بن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ کێشه‌که‌ گه‌وره‌تره‌و ده‌ستگیرکردنی به‌دواوه‌یه‌.
 
عه‌مار یاسر که‌ دارتاشێکه‌و له‌به‌غدا کارده‌کات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ناوی له‌گومانلێکراوێک چووه‌، بۆ ماوه‌ی نۆ مانگ ده‌ستگیر کراوه‌، عه‌مار به‌"نیقاش"ی وت "که‌ چوومه‌ به‌رده‌م دادوه‌ر پێمووت من بێتاوانم‌و بۆ راستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌که‌ ده‌توانن ته‌ماشای ناوی دایکم بکه‌ن، چونکه‌ زه‌حمه‌ته‌ دوو که‌س ناوی دایکیان وه‌ک یه‌ک بێت".
 
عه‌مار درێژه‌ به‌قسه‌کانی ده‌دات‌و ده‌ڵێت "دادوه‌ره‌که‌ قسه‌که‌ی لێوه‌رگرتم‌و به‌و ئه‌فسه‌ره‌ی وت که‌ به‌رپرس بوو له‌ده‌ستگیرکردنم تا ناوی دایکی داواکراوه‌که‌ بهێنێت، له‌وکاته‌دا تووشی شۆک بووم که‌ ئه‌فسه‌ره‌که‌ وتی ناوی دایکی نازانێت‌و ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانێت ناوی عه‌مار یاسره‌".
 
به‌هۆی نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی پێویسته‌وه‌ دادوه‌ر فه‌رمان ده‌رده‌کات عه‌مار ئازاد بکرێت، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی نۆ مانگی له‌زینداندا بردووه‌ته‌ سه‌ر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گرتوخانه‌کانیش قه‌ره‌باڵغن، ده‌بوو ئه‌و هه‌موو ماوه‌یه‌ چاوه‌ڕێ‌ بکات تا نۆره‌ی دادگایی کردنی دێت.
 
جه‌عفه‌ر که‌ نه‌قیبێکی پۆلیسه‌و له‌به‌شی دۆسییه‌کانی تیرۆر کارده‌کات دان به‌وه‌دا ده‌نێت که‌ به‌هۆی له‌یه‌کچوونی ناوه‌وه‌ سه‌دان که‌سی بێتاوان ده‌ستگیرکراون، ئه‌و پێی وایه‌ بێسه‌رو به‌ره‌یی له‌کاری هه‌ندێ‌ له‌کارمه‌نده‌ ئه‌منییه‌کاندا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی بارودۆخی ئه‌منی بۆخۆی شێواوه‌و هه‌ڕه‌شه‌کانی داعش رێگه‌نادات به‌وردی به‌دوای هه‌موو گومالێکراوه‌کاندا بگه‌ڕێن‌و هه‌ندێجار گرتنی هه‌ڕه‌مه‌کی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
 
نه‌قیب جه‌عفه‌ر که‌ خۆی داوایکرد ناوی ئاشکرا نه‌کرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مافی لێدوانی نییه‌ به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌م کێشه‌یه‌ مه‌ترسیداره‌و هه‌ندێ‌ یاسایی پێویست هه‌ن که‌ هێشتا ده‌رنه‌چوون، ده‌بێت هێزه‌ ئه‌منییه‌کانیش رابهێندرێن له‌سه‌ر رێزگرتن له‌مافی مرۆڤ‌و دڵنیابوون له‌و که‌سه‌ی ده‌ستگیری ده‌که‌ن".
 
یه‌کێک له‌و کێشه‌ گه‌ورانه‌ی که‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی ده‌ستگیرکردنی که‌سانی بێتاوان، بوونی هه‌واڵده‌ره‌ نهێنییه‌کانه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌باشی به‌کاری خۆیان هه‌ڵناستن‌و ته‌نها ناوی گومانلێکراوه‌کان ده‌ده‌ن به‌بێ‌ هیچ ورده‌کارییه‌ک.
 
دووشه‌ممه‌ی رابردوو مدحه‌ت مه‌حمود سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵاتی باڵای دادوه‌ری له‌عێراق کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌نووسی ئه‌نجامدا بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان که‌ ده‌ڵێن دادگا بێلایه‌ن نییه‌، مه‌حمود له‌و کۆنگره‌یه‌دا رایگه‌یاند "دادگاکان بوونی 498 هه‌واڵده‌ری درۆینه‌یان ئاشکرا کردووه‌".
 
ئه‌م لێدوانه‌ هه‌رایه‌کی گه‌وره‌ی له‌ناوه‌ندی سیاسی‌و میللیدا دروستکرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کاری ده‌زگاکانی په‌یوه‌ست به‌دژایه‌تیکردنی تیرۆر چه‌ند ساڵێکه‌ پشتی به‌هه‌واڵده‌ره‌ نهێنییه‌کان به‌ستووه‌ به‌تایبه‌تی له‌مه‌سه‌له‌ی ده‌ستگیرکردنی خه‌ڵکیدا، بوونی ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ش له‌هه‌واڵده‌ری درۆینه‌ مانای وایه‌ سه‌دان که‌س به‌بێ‌ تاوان ده‌ستگیرکراون.
 
قازی میدحه‌ت مه‌حمود رایگه‌یاند هه‌واڵده‌ره‌ درۆینه‌کان رووبه‌رووی دادگا کراونه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌شی ئاشکرا کرد که‌ چه‌ند رێوشوێنێک ده‌گیرێته‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌ی لێکچوونی ناو چاره‌سه‌ر بکرێت.
 
دیارترین ئه‌و رێوشوێنانه‌ش بریتییه‌ له‌وه‌ی له‌مه‌ودوا ناوی باوک‌و باپیرو دایک له‌گه‌ڵ‌ شوێنی نیشته‌جێبوون به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێت‌و ده‌بێت هه‌ر له‌یه‌که‌م رۆژی ده‌ستگیرکردنی که‌سه‌که‌شدا هه‌واڵده‌ره‌ نهێنییه‌که‌ بیبینێت تا دڵنیابن له‌وه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی ده‌ستگیریان لێکردووه‌ گومانلێکراوه‌که‌یه‌ یان نا.
 
سه‌ره‌ڕای ئه‌و رێوشوێنانه‌ی گیراونه‌ته‌ به‌ر بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی ناوه‌ لێکچووه‌کان، به‌ڵام به‌م دواییه‌ به‌شێک له‌عێراقییه‌کان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و بڕیاره‌ی ناوه‌ باوه‌کانیان له‌منداڵه‌کانیان نه‌نێن‌و زیاتر په‌نا بۆ ئه‌و ناوه‌ بیانی‌و عه‌ره‌بییانه‌ ده‌به‌ن که‌ له‌فیلم‌و زنجیره‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌کاندا ده‌یانبینن تا له‌ئاینده‌دا منداڵه‌کانیان رووبه‌رووی کێشه‌ نه‌بنه‌وه‌.

 موسته‌فا حه‌بیب     


زۆرترین خوێندراو