تاتۆ هونه‌رێکه‌ که‌خواستێکی زۆری له‌سه‌ره‌ له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی خه‌ڵکى وڵاتانى جیهان به‌تایبه‌تى له‌لاى گه‌نجه‌کان بۆته‌ باو

12/16/2015 8:43:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز 
ئا: فریاد ئیسماعیل

چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک پیش ئێستا  هونه‌رى نه‌خشاندنى تاتۆ هه‌بووه‌ به‌ هه‌موو جیهاندا بڵاوبۆته‌وه‌، وه‌ک ڵاینو دانیشتوانی ره‌سه‌نی یابان .هه‌ستاون به‌م کاره‌ ده‌موچاویان تاتۆ کردوه‌ وه‌ک کلتور، له‌ ئیستاشدا تاتۆ له‌لایه‌ن أمازیغ وتامازغا دانیشتوانی باکوری ئه‌فریقا به‌کاردیت،  هه‌روه‌ها ‌ له‌لایه‌ن (ماوری)ه‌کان  له‌ نیوزلندا، هاوسا له‌ باکوری نیجیریا و عه‌ره‌ب له‌ رۆژهه‌ڵاتی تورکیا و بدوی له‌ سوریا و ئیتایال له‌ تایوان، تاتۆ دیارده‌یه‌کی باو بووه‌  له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێک خێڵی دیاریکراو له‌  تایوان و فلیپین وبورنیو وجزر مینتاوای وئه‌فریقیا وئه‌مریکای باشور وئه‌مریکا باکور وئه‌مریکا ی ناوراست و ئه‌وروپا و یابان وکمبودیا ونیوزلندا ومایکرونیزیا، سه‌ره‌رای هه‌ندی هێما و وێنه‌ی قه‌ده‌غه‌کراو له‌ تاتۆکه‌دا داده‌نرێت ، به‌ڵام هونه‌رێکه‌ که‌خواستێکی زۆری له‌سه‌ره‌ له‌ لایه‌ن زۆرینه‌ی خه‌ڵکى وڵاتانى جیهان به‌تایبه‌تى لاى گه‌نجه‌کان بۆته‌ باو، له‌ هه‌رێمى کوردستانیش بڵاو بۆته‌وه‌ و  به‌شێوه‌یه‌کى به‌رچاو گه‌نجه‌کان به‌کارى ده‌هێنن. 

هاژه‌ عومه‌ر له‌دایک بووى1992 وه‌ دانیشتوى شارى سلێمانییه‌ و یه‌کێکه‌ له‌و گه‌نجانه‌ بۆ ماوه‌ى 3 ساڵه‌ تاتۆى له‌سه‌ر قۆڵى نه‌خشاندوه‌، وتى، هۆکارى تاتۆکردنم بۆئه‌وه‌ ده‌گێرمه‌وه‌ کاتێک هاورێکانم ده‌بینى جه‌سته‌یان تاتۆکردبو زۆرم به‌لاوه‌ جوانبو "ئه‌مه‌ش وایلێکردم منیش تاتۆ به‌کاربێنم."
هاژه‌ عومه‌ر، وتیشى "هه‌رچه‌نده‌ له‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ نه‌بوه‌ته‌ کلتور و به‌شتێوه‌یه‌کى نامۆ سه‌یر ده‌کرێت، چونکه‌ کلتورى ئێمه‌ ڕێگه‌ به‌ کچان نادات تاتۆ به‌چه‌سته‌یانه‌وه‌ بێت له‌لایه‌ن به‌شێکى زۆرى کۆمه‌ڵگاوه‌ ره‌فزه‌."
 هاژه‌ ته‌مه‌ن (23)ساڵ نه‌یشارده‌وه‌، وتى "زۆرجار له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌که‌م هاتومه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ که‌سانێک توانجیان لێداوم بۆیه‌ من  ده‌ڵێم  ده‌رون و ناخ بۆ مرۆڤ پێناسه‌یه‌  نه‌ک جه‌سته‌ و روحسار."

هاژه‌ باس له‌وه‌ ده‌کات، "که‌هاوسه‌ره‌که‌شى تاتۆى کردووه‌ هیچ کات خانه‌واده‌کانیان نه‌بونه‌ته‌ ڕێگر به‌لاشیانه‌وه‌ ئاساییه‌" به‌ڵام وه‌کو خۆم  "زۆر په‌شیمانم له‌دانانى تاتۆ به‌هۆى داب ونه‌ریت و ڕه‌فتاره‌کانى چوارده‌ورمان ڕه‌نگه‌ له‌ ووڵاتێکى تربومایه‌ په‌شیمان نه‌بومایه‌وه‌ ."
هاژه‌ عومه‌ر، وتى، ئه‌و شوێنانه‌ى تاتۆ ده‌نه‌خشێنن رێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ ناتوانن به‌ئاشکرا ئه‌م کاره‌بکه‌ن، زۆرجار دوچارى سزاو داخستن ده‌بنه‌وه‌، هه‌ندێک ئارایشگه‌ هه‌یه‌ به‌نهێنى ئه‌م کاره‌ده‌کات ، وێنه‌کانیش به‌زۆرى له‌سه‌ر پشت و قۆڵ و مل و سنگ و قاچ ده‌نه‌خشێندرێت ،ئه‌م وێنانه‌ش هه‌ریه‌که‌و ماناو ره‌مزى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌، "من ره‌مزى خۆم و هاوسه‌ره‌که‌م داناوه‌ هه‌شه‌ ماناى ئازارومه‌ینه‌تی ئه‌نه‌خشێنێت یان خۆشه‌ویستى." 

  زیاتر ئه‌و کچانه‌ى له‌ ئه‌وروپا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان تاتۆ به‌کاردێنن، له‌و وڵاتانه‌ ئازادى بۆ تاکه‌کان ده‌سته‌به‌ر کراوه‌ و کلتور نه‌بۆته‌ رێگر له‌به‌رده‌میان  ئه‌مه‌ قسه‌ى نه‌شمیل جه‌زایه‌ خوێندکار قۆناغى 11 ئاماده‌ییه‌، باس له‌وه‌ ده‌کات، "که‌سوکاره‌که‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى ووڵات ئه‌ژین کاتێک به‌سه‌ردان دێنه‌وه‌ ئه‌بینم تاتۆیان به‌جه‌سته‌یانه‌وه‌ نه‌خشاندوه‌ ته‌عبیر له‌ راو بۆچونه‌کانى خۆیان ده‌که‌ن ئێمه‌ش چاوله‌وانده‌که‌ین پرسیار له‌ خۆمان ده‌که‌ین بۆچى بۆ ئێمه‌ش ئاسایى نه‌بێت" .

وتى، "به‌گشتى ووڵاته‌ ئه‌وروپیه‌کان کاریگه‌ریان به‌سه‌رمانه‌وه‌ هه‌یه‌ چ له‌ رێگه‌ى که‌س و کاره‌وه‌ بێت یان له‌ رێگه‌ى فلیم و دراماکان."

نه‌شمیل جه‌زایه‌، وتیشى "له‌ خوێندنگه‌ و شوێنى کاره‌که‌م رێگه‌م لێنه‌گیراوه‌ به‌ڵام مامۆستاکان پێیان وتوم هه‌وڵبده‌ خوێندکاره‌کانى تر نه‌یبینن به‌ڵام زۆربه‌ى هاورێ خوێندکاره‌کانم به‌هه‌مان شێوه‌ى من تاتۆیان نه‌خشاندوه‌."
 
به‌رێوبه‌رێکى خوێندنگه‌ى ئاماده‌ى کچان ، ده‌ڵێت"هه‌رشتێک چه‌ند که‌سێک به‌کارى بهێنن  ده‌بێته‌ چاولێکه‌رى له‌ناو خوێندکاراندا".

 مامۆستا مه‌هابات مسته‌فا به‌رێوبه‌رى خوێندنگه‌ى ئاماده‌ى رزگارى  کچان، له‌باره‌ى هونه‌رى نه‌خشاندنى تاتۆوه‌، ئه‌ڵێت" نه‌ک هه‌ر تاتۆ  ته‌نانه‌ت له‌ چل وبه‌رگیشدا، ئه‌گه‌ر خوێندکارێک چاکه‌تێک بکرێت و له‌به‌ریبکات ئه‌وا دواى چه‌ند رۆژێک سه‌یر ده‌که‌ى زۆربه‌ى خوێندکاره‌کان له‌و چاکه‌ته‌یان له‌به‌ر کردووه‌، به‌تایبه‌تى که‌ ئیستا تاتۆ دیاریده‌یه‌کى زۆربڵاوه‌ له‌ ناوکۆمه‌ڵگاى ئێمه‌دا ئه‌شێت خوێندکار چاوله‌وانى تربکات، ئێمه‌ به‌به‌رده‌وامى رێنماى خوێندکار ده‌که‌ین دوورکه‌وێته‌وه‌ له‌م کارانه‌  ئه‌وان له‌ته‌مه‌نێکى گه‌شه‌ى هه‌رزه‌کاریدان ده‌بێت به‌رهه‌ڵستیان لێ بکه‌ین و  ئاگاداریان که‌ینه‌وه‌ که‌ لایه‌نى سلبییه‌که‌ى زۆرتره‌ له‌ ئیجابیه‌که‌ى." 

مامۆستا مه‌هابات، وتی "ئه‌و خوێندکارانه‌ى تاتۆ به‌کارده‌هێنن له‌ شوێنێکى دیارى جه‌سته‌یان  نایکوتن تاکو ده‌رکه‌وێت، ئه‌وه‌ى که‌ زیاتر له‌ناو خوێندکار بڵاوه‌ دیاریده‌ى تاتۆکردنى برۆیه‌، ئه‌مه‌ش ناتواندرێت رێگریان لێبکرێت، به‌ڵام هه‌وڵ ئه‌ده‌ى خوێندکاره‌کانیتر چاو له‌وان نه‌که‌ن."
هونه‌رى تاتۆ له‌ناوگانجاندا بڵاوبۆته‌وه‌ که‌ واى کردوه‌ خانمه‌ پیشه‌وه‌ره‌کانیش حه‌ز به‌ نه‌خشاندنى تاتۆبکه‌ن.

شێنێ ره‌مه‌زان، خانمێکى فرۆشیاره‌ له‌ دوکانێکى بچوکدا کارده‌کات و تاتۆى له‌سه‌ر جه‌سته‌ى نه‌خشاندوه‌، ئه‌و ئه‌ڵێت، "زۆر حه‌زه‌که‌م هونه‌رى تاتۆ له‌ناو گه‌نج دا بڵاو بێته‌وه‌ و کۆمه‌ڵگاش به‌شێوه‌یه‌کى ئاسایى خوێندنه‌وه‌ى بۆبکات نه‌ک به‌ که‌سانى نامۆ و به‌دره‌وشت سه‌یربکه‌ن." 
ئه‌و خانمه‌فرۆشیاره‌،وتى "له‌وانه‌یه‌ په‌شیمان ببمه‌وه‌ چونکه‌ کۆمه‌ڵگا چاوى له‌سه‌رمه‌ له‌ هه‌ندێک شوێن نه‌م هێشتوه‌ تاتۆکه‌م ده‌رکه‌وێت، زانیومه‌ رووبه‌ڕوى توانج ده‌بمه‌وه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ته‌مه‌نى گه‌نچیمدا تاتۆم داناوه‌ که‌ "هێمایه‌ک بووه‌ بۆ خۆشه‌ویسته‌که‌م که‌ ئێستا هاوسه‌رمه‌."

شێنێ ره‌مه‌زان، وتیشى "هیچ کات دانانى تاتۆ نه‌بوه‌ته‌ که‌مى مشته‌رى و فرۆشتنى شته‌کانم، چۆن کڕیار له‌ فرۆشگایه‌کى تر پێداویستیه‌کان ده‌کڕێت لاى منیش به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌یکرێت."

شێنێ ره‌مه‌زان، باس له‌وه‌ ده‌کات، "ئه‌گه‌ر ژنێک بییه‌وێت تاتۆبکات و له‌ کوردستان بژى با له‌بیری بکات باشتره‌، چونکه‌ کۆمه‌ڵگاى ئێمه‌ بێئه‌وه‌ى له‌ ژیانى ئه‌و که‌سه‌ تێبگات چى وشه‌ى خراپه‌ به‌رامبه‌رى به‌کارى ده‌هێنن، هه‌رچه‌نده‌ ئاینى ئیسلام رێگه‌ى پێنه‌داوه‌ ، مه‌لاکانیش به‌رهه‌ڵستى ئه‌م کاره‌ ده‌که‌ن و گه‌نجه‌کان به‌گوناهبار ناوده‌به‌ن."

مامۆستایه‌کى ئاینى له‌باره‌ى نه‌خشاندنى تاتۆ راو سه‌رنجى جیاوازى هه‌یه‌ به‌شتێکى حه‌رامى قه‌دغه‌کراو وه‌سفى ده‌کات، که‌ زه‌ره‌ر به‌ ته‌ندروستى مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت ،پزیشکه‌کانیش هاوڕان له‌باره‌ى زیان گه‌یاندن به‌ ته‌ندروستى که‌سه‌کان . 

مامۆستا عه‌بدولره‌حمان، مامۆستای ئایینه‌و به‌پێى فه‌رموده‌و ده‌قه‌کانى قورئان ئه‌ڵێت،  "حوکمی تاتۆ له‌ئیسلامدا، که‌ به‌خاڵ کوتان ناسراوه‌، هه‌م به‌پێی به‌ڵگه‌و فه‌رمووده‌کان و هه‌م له‌ڕێی ته‌ندروستیشه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ کراوه‌، ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تاش زه‌ره‌ر به‌ خاوه‌نه‌که‌ی نه‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ له‌داهاتودا توشی ئینتیهابات و نه‌خۆشی سامناکی ده‌کات." 

ئه‌و مامۆستا ئاینیه‌، ئه‌شڵێت، پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) له‌ فه‌رموده‌یه‌کدا باس له‌ کۆمه‌ڵێک کرده‌وه‌ ده‌کات که‌ نه‌فره‌تی لێکردون، له‌وانه‌ش کوتانی خاڵه‌، که‌ ئێستا به‌ تاتۆ ناسراوه‌و  فه‌رموویه‌تی " نه‌فره‌تی خوا له‌وه‌ی خاڵ ده‌کوتێت ،که‌وابێت به‌پێی به‌ڵگه‌کانی قورئان و سوننه‌ت حه‌رامه‌ خاڵ کوتان و هه‌م نه‌فره‌تی لێکراوه‌ وه‌ هه‌م لاسایی کردنه‌وه‌ی بێباوه‌ڕانه‌، نابیت گه‌نجی مسوڵمان ئه‌و کاره‌ ئه‌نجام بدات."

مامۆستا عه‌بدولره‌حمان، وتى،  زانایان ده‌فه‌رموون "گه‌ر که‌سێک له‌سه‌رده‌می جاهیلی دا ئه‌م کاره‌ی کردبێت، دواتر ئه‌گه‌ر ویستی لایبات و زانی شوێنه‌که‌ی عه‌یب بار ده‌بێت بالای نه‌بات، ته‌نها ته‌وبه‌ بکات، تاتۆ نابێته‌ ڕێگر له‌ قبوڵکردنى  نوێژ و رۆژوه‌کانى ئه‌وکه‌سه‌."

دکتۆر محه‌مه‌د یوسف، پسپۆرى نه‌خۆشیه‌کانى پێست،  ئه‌و له‌باره‌ى نه‌خشاندنى تاتۆو گاریگه‌ریه‌کانى له‌سه‌ر پێست،  ئه‌ڵێت  "هونه‌رى نه‌خشاندنى تاتۆ دووجۆره‌ جۆرێکیان به‌شێوه‌یه‌کى پرۆفیشناڵانه‌ ده‌کوترێت به‌هۆى ئه‌و ده‌رمان و موادانه‌وه‌یه‌ که‌ ئێستا هه‌یه‌ ،جۆره‌که‌ى تریان به‌شێوه‌ى خاڵ کوتراوه‌ که‌پێشتر باوبوه‌ له‌ناو ژنى به‌ته‌مه‌ن و ئه‌سیرو به‌ندکراوه‌کان یان کۆمه‌ڵێک که‌س به‌ بۆیه‌ و حبرى قه‌ڵه‌م ئه‌ى کوتن به‌ڵام ئه‌م جۆره‌یان ئاساییه‌ و مه‌ترسى له‌سه‌ر پێست دروست ناکات ، به‌ڵام تاتۆى پرۆفیشناڵ‌ له‌ کۆمه‌ڵێک ڕه‌نگ پێکهاتووه‌ که‌ ده‌که‌وێته‌ ژێر پێسته‌وه‌ ئه‌مه‌ش مه‌ترسى هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ته‌ندروستى که‌سه‌که‌ ، مه‌ترسى ئه‌م ره‌نگانه‌ ئه‌وه‌یه‌ حه‌ساسیه‌ت دروست ده‌کات به‌تایبه‌تى ره‌نگى سور کاتێک ده‌که‌وێته‌ ژێر پێسته‌که‌وه‌."

ده‌شڵێت "هه‌ندێک جار ئه‌م ره‌نگانه‌ خۆى حه‌ساسیه‌ت دروست ناکات به‌ڵام کاتێک به‌ر تیشکى خۆر ده‌که‌وێت حه‌ساسیه‌ت و ئینتیهابات دروست ده‌کات ،ئه‌مه‌ش واده‌کات که‌خۆى له‌ تیشکى خۆر بپارێزێت." 

دکتۆر محمه‌د،وتى "ئه‌و مواد و ده‌رزیانه‌ پاک ناکرێته‌وه‌ که‌له‌ که‌سێکه‌وه‌ بۆ که‌سێکى تر به‌کار ده‌هێندرێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆى گواستنه‌وه‌ى ڤایرۆس و نه‌خۆى ڤایرۆسى جگه‌ر، که‌ نه‌خۆشیه‌کى به‌ربڵاوه‌ له‌م رێگه‌یه‌وه‌ توشى ده‌بێت."
دکتۆر محمه‌د، وتیشى" ئه‌گه‌ر که‌سه‌که‌ بییه‌وێت تاتۆى سه‌ر جه‌سته‌ى لابه‌رێت و بیسرێته‌وه‌ ئه‌وکات ده‌بێت ده‌ قات  پاره‌بدات بۆ لابردنى ئه‌مه‌ش کولفه‌یه‌کى زۆرى تێده‌چێت و سه‌ره‌راى ئه‌و ره‌نگ و موادانه‌ى وێنه‌که‌ى پێنه‌خشێندراوه‌ له‌ژێر پێستدا ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌ته‌واوه‌تى پاک نابێته‌وه‌ به‌تایبه‌تى ره‌نگى سور،چونکه‌ به‌شیێوه‌یه‌کى گشتى ره‌نگى سور ده‌بێته‌ هۆى سه‌رچاوه‌ى دروستکردنى حه‌ساسیه‌ت هه‌ربۆیه‌ لابردنیشى زه‌حمه‌ته‌."

دکتۆر محه‌مه‌د، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا،"له‌دواى لابردنى نه‌خشى  تاتۆ و به‌کارهێنانى جوانکاری بۆ پێسته‌که‌ى مه‌حاڵه‌ به‌گه‌ڕێته‌وه‌ بوارى ئاسایى پێشترى، 80% ئاسه‌وارى شوێنه‌که‌ى دیارده‌مێنێت و پێسته‌که‌ى ناشیرین ده‌رده‌که‌وێت."

به‌ وته‌ى مامۆستایه‌کى زانکۆ نه‌خشاندنى تاتۆ ڕاى جیاوازى هه‌یه‌ له‌ نێوان که‌سه‌کاندا.

به‌سۆز عبدوڵا، مامۆستاى زانکۆى گه‌شه‌پێدانى مرۆیی له‌سلێمانى، ماوه‌ى (12)ساڵ له‌ وڵاتى  ئه‌ڵمانیا ژیاوه‌، به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌ نه‌خشاندنى تاتۆ ده‌کات له‌ ئه‌وروپا وڵاتانى تر، ده‌ڵێت" هه‌ندێک که‌س له‌به‌ر موعجیبى که‌سێک یان هونه‌رمه‌ندێک ده‌ینه‌خشێنێت، یاخود گروپێک بۆ ئه‌وه‌ى خۆیان جیابکه‌نه‌وه‌ له‌ که‌سانیتر ره‌مزێک ده‌که‌نه‌ نیشانه‌ وهێماى خۆیان له‌ جه‌ستایان ده‌نه‌خشێنن، هه‌ندێکى تر بۆئه‌وه‌ى ئازیزانیان بیرنه‌چێته‌وه‌ تاتۆ ده‌نه‌خشێنن جا که‌سه‌که‌ له‌ ژیاندا مابێت یان مردبێت."

مامۆستا به‌سۆز، ده‌شڵێت" به‌ شێوه‌یه‌کى گشتى له‌ وڵاتى ئه‌مریکا زۆرتر بڵاوه‌ وه‌ک له‌ وڵاتانى  ئه‌وروپا، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات له‌ ئه‌ڵمانیا، "که‌سانێک هه‌یه‌ ئێستاش له‌ده‌مى کۆمه‌ڵگا ده‌ترسن هه‌ربۆیه‌ له‌ شوێنى شاراوه‌ ده‌ى کوتن به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر که‌سه‌که‌ کارێى پرۆفیشناڵ هه‌بێت، وه‌ک، لاى مامۆستاو دکتۆر  زۆربه‌که‌مى به‌کار ده‌هێندرێت بۆ ئه‌وه‌ى نه‌بنه‌ نمونه‌ بۆ خه‌ڵکانى تر ،ئه‌که‌ر بیشیکات له‌شوێنێکى شاراوه‌ ده‌کوتێت تا ده‌رنه‌که‌وێت."

مامۆستا به‌سۆز، وتى"با راستبین خه‌ڵک هه‌یه‌ ته‌قدیمى ئیشێکى کردوه‌ به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى تاتۆى له‌سه‌ر جه‌سته‌ى نه‌خشاندوه‌ وه‌رنه‌گیراوه‌و ره‌فزى بۆ هاتۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ش زیاتر خه‌ڵکى بێئیش و بێکار تاتۆ به‌کارده‌هێنێت ، ته‌ناته‌ن چینى هه‌ژار زیتر ئاره‌زوى به‌کارهێنانى تاتۆ ده‌کات نه‌ک زۆرینه‌ى خه‌ڵک."

نه‌خشێنه‌رێت باس له‌وه‌ ده‌کات ،هونه‌رى نه‌خشاندنى تاتۆ ئه‌وه‌ نیه‌ هه‌موکه‌س بتوانێت بینه‌خشێنێت ،به‌ڵکو پێویستى به‌ شاره‌زاییه‌کى ته‌واو هه‌یه‌ له‌روى چنین و زه‌خره‌فه‌کردنه‌وه‌ تا دڵى مشته‌ریه‌کانى رازی بکه‌یت، ده‌بێت به‌هره‌ى و ده‌ست ره‌نگینى تێدا به‌کاربێنیت".

مه‌حمودى حه‌کیم، ئه‌و کوڕه‌ گه‌نجه‌یه‌ ماوه‌ى پێنچ ساڵه‌ کارى دانانى نه‌خشاندنى تاتۆ ده‌کات، وتى " به‌کارهێنانى ئه‌م ئامێرانه‌ پێوستى به‌ سه‌لیقه‌یى و ده‌ست ره‌نگینى هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نیه‌ هه‌موکه‌س به‌کارى بێنێت و بتوانێ دوکان دانێت."

 مه‌حمودى حه‌کیم وتیشى"ئامێرى تاتۆ جۆرى زۆره‌ هه‌رئامێرێک شێوازى ده‌ست جوڵاندن و کێشانى وێنه‌ى زه‌خره‌فه‌که‌ى جیاوازتره‌ له‌ویتر،ئامێرى قه‌ڵه‌م ده‌بێت ده‌ستت به‌خوارى بگرى بۆ ئه‌وه‌ى مواده‌کان باش هه‌ڵمژێت  تاتۆکه‌ جوان ده‌رکه‌وێت له‌سه‌ر پێسته‌که‌ ،ئه‌وه‌ى له‌ کوردستان زۆر بڵاوه‌ و به‌کارده‌هێندرێت ئامێرى ده‌مانجه‌که‌یه‌ که‌ راسته‌وخۆ حبره‌که‌ داخڵى ژێر پێست ده‌بێت."

مه‌حمود ده‌ڵێت" ره‌چاوى جۆرى پێسته‌که‌ى ده‌که‌ین چه‌وره‌ یان وشکه‌ هه‌روه‌ها بریندار و نه‌خۆش نه‌بێت، ئه‌وکات به‌پێى جۆرى پێسته‌که‌ى موادى بۆ به‌کارده‌هێنین ، مواده‌کانیش ده‌بێت ئه‌صڵبێت ده‌نا پێستى که‌سه‌که‌ توشى خوران و هه‌وکردن ده‌بێت، موادى بێکوالێتى له‌ ئێستادا به‌کارده‌هێندرێت له‌لایه‌ن دوکانداره‌کانه‌وه‌ له‌ پێناو قازانجى زیاتر."

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات،" که‌سانێک ده‌ستیانداوه‌ته‌ ئه‌م کاره‌ شاره‌زا و ئه‌زمونیان نیه‌ ئه‌مه‌ش واى کردوه‌ به‌کارهێنه‌ر توشى هه‌وکردنى پێست بێت ، بۆیه‌ ئه‌و دوکان و ئارایشگایانه‌ى تاتۆیان تێداده‌کرێت روبه‌روى سزا و داخستن ده‌بنه‌وه‌ ، هه‌ندێکجاریش کچان به‌بێ ئاگادارى ماڵه‌وه‌یان تاتۆ ده‌نه‌خشێنن، که‌ لاى خانه‌واده‌که‌یان چێگه‌ى قبوڵنیه‌ بۆیه‌ کێشه‌که‌ ده‌کاته‌ لاى پۆلیس و،  پۆلیس و سه‌حه‌ش سزاى داخستى دوکانه‌کان و قه‌دغه‌کردنى تاتۆ ده‌رده‌که‌ن."

مه‌حمودى حه‌کیم ،وتى " زۆربه‌ى گه‌نجه‌کانن تاتۆ به‌کارده‌هێنن له‌ناو ئه‌وانیشدا خوێندکارى تێدایه‌، به‌ڵام به‌رێژه‌یه‌کى زۆر کچ تاتۆ داده‌نێت ،ئه‌مه‌ش به‌هۆى حه‌زێکه‌وه‌یه‌ که‌له‌ ناخۆشی و گرفته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌ تا له‌ رێگه‌ى تاتۆوه‌ ته‌عبیر له‌ژیانى خۆى بکات."
مه‌حمود ووتیشى" هه‌ندێک له‌و کچانه‌ى تاتۆ به‌کار ده‌هێنن له‌دواى شوکردنیان توشى گرفت ده‌بن، هاوسه‌ره‌که‌ى ئه‌مه‌ى پێ ره‌وانیه‌ ئه‌گه‌رچى له‌سه‌ره‌تادا قبوڵى کردووه‌."

ئه‌و دوکانداره‌ ده‌ڵێت" ره‌نگى حبره‌کان زۆرن به‌ڵام زیاتر ره‌نگى سور و ره‌ش به‌کارده‌هێندرێت، به‌جۆرێک  ئه‌و زه‌خره‌فانه‌ له‌گه‌ڵ ستایلى که‌سه‌که‌دا بگونچێت، تاتۆ که‌متر له‌گه‌ڵ جل و به‌رگى کوردیدا ده‌گونجێت، مه‌گه‌ر که‌سه‌که‌ ستایلى جیاواز به‌کاربێنێت و خۆى به‌شێوازى  هونه‌رمه‌ند و گه‌نجانه‌ نیشان بدات."


زۆرترین خوێندراو