سه‌رنجێکی کورت له‌سه‌ر ئاڵتسهایمه‌ر

11/25/2015 11:12:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
پۆڵا سه‌عید 

نووسه‌رێک نیم، که ئێخه‌ی هه‌‌موو باسێک بگرم، به‌ڵکوو نووسه‌رێکم، که له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه ده‌نووسم، که شاره‌زایانم و به کاری خۆمی ده‌زانم. ئه‌مه جیاوازیی نێوان من و نووسه‌رێکی تره. له‌سه‌ر هه‌رچ شتێک، که مرۆڤ نه‌یتوانی قسه‌بکات، ئه‌وا پێویسته بێده‌نگیی هه‌ڵبژێرێت. ئه‌مه یه‌کێکه له ڕێنماییه‌کانی ڤیتگنشتاین، که من به‌پێویستی ده‌زانم، که نووسه‌ر به‌کاری بهێنێت.

له وتارێکی کورتی وه‌هادا، ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر ئاڵتسهایمه‌ر سیندرۆم قسه‌ بکه‌م "سیندرۆم Syndrom چه‌مکێکی یۆنانییه، به واتای پێکه‌وه ڕۆیشتن، پێکگه‌یشتن. سین: واتا پێکه‌وه. درۆم: واتا ڕۆیشتن. له مێدیسین و ده‌روونناسییدا چه‌مکی سیندرۆم به‌کارده‌هێنرێت، هه‌تا له ڕێگایه‌وه ده‌ستنیشانی سیمپتۆم بکرێت و له ڕێگای دیاگنۆزه‌شه‌وه ده‌ستنیشانی نه‌خۆشییه‌که ده‌کرێت". له‌م وتاره‌دا به زمانێکی تر ده‌دوێم، به زمانێک که زمانی پیشه ئه‌کادێمییه‌کانه، هه‌ربۆیه داوا له خوێنه‌ری خۆشه‌ویست ده‌که‌م، که هه‌وڵبدات به‌دواداچوون بکات و هه‌وڵی تێگه‌یشتنی چه‌مکه‌کان بدات. تێگه‌یشتن له چه‌مک، تێگه‌یشتنه له ژیان و کێشه‌کانی، تێگه‌یشتنی زیاتره له سروشت و مرۆڤ. زمانی مێدیسین زمانێکی زانستییه هه‌ربۆیه، ناکرێت داوا بکرێت، که به زمانێکی ساده و ساکار قسه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێک بابه‌تی زانستیی بکرێت.

من بۆیه ئه‌م سه‌رنجه کورته له‌سه‌ر ئاڵتسهایمه‌ر ده‌نووسم، چونکه خاوه‌نی باکگراوندێکی زانستییم تێیدا. من به‌ده‌ر له فه‌لسه‌فه، تێراپیی ده‌روونییشم له ئه‌ڵمانیادا خوێندووه،  که‌سێکی پسیشۆتێراپۆیتم، باسێکی ئاوهاش به ده‌ڤه‌ری زانستیی خۆم ده‌زانم. له وڵاتی دانمارک ئه‌زموونێکی زۆرم له‌گه‌ڵ پیرانی خاوه‌ن ئاڵتسهایمه‌ردا کۆکردۆته‌وه و له‌گه‌ڵیان کارمکردووه.

سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت سه‌رنجێک بخه‌مه پێشچاوی خوێنه‌ری کورد، که ئه‌وان له ڕێگای میدیای کوردییه‌وه ئاڵتسهایمه‌ر به ئه‌لزه‌هایمه‌ر ده‌ناسن، که به دڵنیاییه‌وه له زمانی عه‌ره‌بییه‌وه وه‌ریانگرتووه. هه‌ربۆیه پێشنیار ده‌که‌م، که چه‌مکه‌که وه‌ک له په‌یڤی ئه‌ڵمانییدا چلۆنه ئاوهاش به‌کاریبهێنن، چونکه له ته‌واوی وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مێریکادا ئاڵتسهایمه‌ر به ئاڵتسهایمه‌ر ناوده‌برێت، نه‌ک هه‌ر که‌سه و به ئاره‌زووی خۆی ناوه‌که بگۆڕێت بۆ شتێکی تر، چونکه ناوه‌که پاشناوی دکتۆرێکه، ناوی فامیلیی دکتۆرێکه. وه‌ک چلۆن ناتوانین نیچه به شتێکی تر ناوبه‌رین، کانت به شتێکی تر ناوبه‌رین، شۆپنهاوه‌ر به شتێکی تر ناو به‌رین، ئاوهاش ناتوانین ئاڵتسهایمه‌ر به شتێکی تر ناوبه‌رین. عه‌ره‌ب له وه‌رگێڕاندا ناتوانن سه‌رکه‌‌وتنی ته‌واو به‌ده‌ستبهێنن، ئه‌ویش به‌ده‌ر له نزمیی توانای وه‌رگێڕان، هه‌مانکاتیش هۆکاری تر هه‌یه، که نه‌توانن هه‌ندێک ناو و چه‌مک وه‌ک خۆی بگوێزنه‌وه بۆ زمانی عه‌ره‌بیی، چونکه هه‌ندێک پیت هه‌یه له زمانی عه‌ره‌بییدا نییه، هه‌ربۆیه ناچارده‌بن، ناو و چه‌مکه‌کان به‌وشێوه‌یه وه‌ربگێڕن، که زمانه‌که‌یان بواریان ده‌دات. خۆشبه‌ختانه په‌یڤی کوردیی ئه‌و کێشه‌یه‌ی نییه. به‌شێک له نووسه‌ر و سیاسییه‌کانی ئێمه له ساڵانی ڕابوورددا، که قسه‌یان له‌سه‌ر هه‌ندێک فه‌یله‌سووفی ئه‌ڵمانیی ده‌کرد، چونکه زانیارییه‌کانیان له عه‌ره‌بییه‌وه سه‌رچاوه‌‌ی گرتبوو، ئه‌وا بۆ نموونه له‌بری ئیمانوێل کانت ده‌یانگووت عه‌مانوێل کانت، له بری نیچه ده‌یانگووت نیتشه، ئێستاش له‌بری ئاڵتسهایمه‌ر ده‌گووترێت ئه‌لزه‌هایمه‌ر.


ئالۆیس ئاڵتسهایمه‌ر Alois Alzheimer، (تێبینیی: پیتی زێت Z، له زمانی ئه‌ڵمانییدا به تس ده‌خوێنرێته‌وه، هه‌ربۆیه ده‌گووترێت: ئاڵتس نه‌ک ئاڵز). به‌ هه‌رحاڵ ئاڵتسهایمه‌‌ر پیاوێکی پسیشیاته‌ر "دکتۆری ده‌روونیی" و نۆیرۆلۆگ بوو. له ساڵی 1901دا له کلینیکی ده‌روونیی شاری فرانکفورت کاری ده‌کرد، کاتێک ژنێکیان به ناوی "ئاوگوسته دێته‌ر، Auguste Deter" هێنا بۆ ئه‌وێ، ئاڵتسهایمه‌ر ژنه‌که‌ی وه‌ک پاتێنتی خۆی، وه‌ک نه‌خۆشی خۆی وه‌رگرت. ژنه‌که ناوی ئاوگوسته دێته‌ر بوو. ئاڵتسهایمه‌ر سه‌ره‌تا چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ ئاوگوسته‌دا ده‌کات، چاوپێکه‌وتنه‌که به‌‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه ده‌ستپێده‌کات. 
ئاڵتسهایمه‌ر: ناوت چییه؟
ئاوگوسته دێته‌ر: ئاوگوسته.
ئاڵتسهایمه‌ر: مێرده‌که‌ت ناوی چییه؟
ئاوگوسته دێته‌ر: بیرده‌کاته‌وه و پاشان ده‌ڵێ: باوه‌ڕده‌که‌م ئاوگوسته.
ئاڵتسهایمه‌ر: پیاوه‌که‌ت؟
ئاوگوسته دێته‌ر: ئۆ (وه‌ک ئۆی، که له زمانی کوردییدا به‌کاردێت)
ئاڵتسهایمه‌ر: ته‌مه‌نت چه‌نده؟
ئاوگوسته: 51
ئاڵتسهایمه‌ر: له‌کوێ ده‌ژییت؟
ئاوگوسته‌ دێته‌ر: ئۆ، تۆ له ماڵمان بوویت.
ئاڵتسهایمه‌ر: شووتکردووه؟
ئاوگوسته دێته‌ر: ئۆ، ته‌واو سه‌رم لێشێواوه.
ئاڵتسهایمه‌ر: ئێستا تۆ له کوێیت؟
ئاوگوسته دێته‌ر: لێره و له هه‌موو شوێنێک، له ئێستا و ئالێره‌دا، تکایه پێتناخۆش نه‌بێت.
ئاڵتسهایمه‌ر: لێره له‌کوێیت؟
ئاوگوسته‌ دێته‌ر: له‌و شوێنه‌ی، که لێیده‌ژیین.
ئاڵتسهایمه‌ر: جێگای خه‌وت له کوێیه؟
ئاوگوسته دێته‌ر: پێویسته له‌کوێ بێت؟
ئاڵتسهایمه‌ر: چییده‌خۆیت؟
ئاوگوسته دێته‌ر: سپیناخ (به‌ڵام گۆشتی له ده‌مدایه و ده‌یجوێت)
ئاڵتسهایمه‌ر: چییده‌خۆیت؟
ئاوگوسته دێته‌ر: سه‌ره‌تا په‌تاته ده‌خۆم، پاشان ڕه‌گی بیبه‌ر.
ئاڵتسهایمه‌ر: بنووسه پێنج به ژماره.
ئاوگوسته دێته‌ر: ده‌نووسێت ژن.
ئاڵتسهایمه‌ر: بنووسه ژماره هه‌شت.
ئاوگوسته دێته‌ر: ده‌نووسێت ئاوگوسته (له‌کاتی نووسییندا، ده‌ڵێ: پێویسته بڵێم، که سه‌رم لێشێواوه).

 
 

ئاوگوسته دێته‌ر له ساڵی  1906 دا دوای پێنج ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌که‌یدا ده‌مرێت. (تێبینی: به‌هۆی مێدیسینی مۆدێرنه‌وه دژ به ئاڵتسهایمه‌ر، نه‌خۆشی ئێستا دوای 10 بۆ 12 ده‌مرێت). ئه‌و کات ئاڵتسهایمه‌ر چیتر له فرانکفورت نه‌بوو، به‌ڵکوو له میونشن بوو، له‌وێ به‌ڕێوه‌به‌ری لابۆر (تاقیگه‌) بوو له ئینستیتووتی ئێمیل کرێپه‌لین، (یه‌کێک له ده‌روونناسه گرنگه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه). ئاڵتسهایمه‌ر به بیستنی هه‌واڵی مردنی ئاوگوسته، داوا له کلینیکی فرانکفورت ده‌کات، که مێشکی ئاوگوسته‌ی بۆ بنێرن، هه‌تاوه‌کوو بیپشکنێت. پاش به‌ده‌ستگه‌یشتنی مێشکی ئاوگوسته، ئاڵتسهایمه‌ر داتای پشکنینه‌کانی ده‌گه‌یه‌نێته ده‌ستی کرێپه‌لین و ئه‌ویش ده‌یخاته کتێبی خوێندنی پسیشیاترییه‌وه، که چاپی هه‌شته‌میی له ساڵی 1910دا که‌وته به‌رده‌ستی خوێندکاری نوێ. کرێپه‌لین نه‌خۆشییه‌که به ناوی ئاڵتسهایمه‌ر خۆیه‌وه بڵاوده‌کاته‌وه، چونکه به‌رهه‌می ئه‌قڵ و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و بووه. له‌و کاته‌وه جیهان به نه‌خۆشیی ئاڵتسهایمه‌ر ئاشنا بووه. کۆمه‌ڵگای کوردیی، هه‌مووی چه‌ند ساڵێکی که‌مه ئاشانی ئه‌م نه‌خۆشییه‌یه، به‌ڵام به ناته‌واویی و هه‌تاوه‌کوو ئێستاش من هیچ شتێکم به کوردیی له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خۆشییه نه‌دیوه، ته‌نها چه‌ند زانیارییه‌کی هه‌ڵه نه‌بێت، که له میدیای کوردییدا بڵاوکرابۆوه، هه‌ربۆیه ناچاربووم به نووسیینی ئه‌م تێکسته کورته له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خۆشییه‌.


سیمپتۆمه‌کانی نه‌‌خۆشیی ئاڵتسهایمه‌ر (تێبینیی: له زمانی کوردییدا ده‌گووترێت نیشانه‌کانی فڵان یان فیسار نه‌خۆشیی، به‌ڵام من پێمباشه سیمپتۆم به‌کاربێت، چونکه زمانێکی ستانداردی زانستی مێدیسینه و کاری پێده‌کرێت.

1. ئافاسیی (چه‌مکێکی یۆنانییه، به واتای تێکچوونی قسه‌کردن)
2. ئاگنۆسیی ( چه‌مکێکی یۆنانییه، به واتای نه‌بوونی توانای ناسینه‌وه)
3. ئاپراکسیی (چه‌مکێکی یۆنانییه، به واتای نه‌بوونی توانای پراکتیکیی. بۆ نموونه نه‌زانیت چلۆن ده‌رگایه‌ک ده‌کرێته‌وه، چلۆن جل له‌به‌ربکه‌یت، چلۆن پێڵاو له‌به‌ربکه‌یت ...هتد). تێبینیی: بۆ به‌بیرهاتنه‌وه‌ی ئه‌م سێ سپیمتپۆمه سه‌ره‌کیی و گرنگه، ده‌توانیت به 3A دا بیرتبکه‌وێته‌وه. واته سێ پیتی ئا بهێنه پێشچاوی خۆت و بیری ئافاسیی و ئاگنۆسیی و ئاپراکسییت بێته‌وه.
4. له‌بیرچوونه‌وه
5. تێکچوونی کۆنسێنتراسیۆن (واته نه‌توانینی ددان به‌خۆدا گرتن و قوڵبوونه‌وه، نه‌بوونی فۆکۆس له‌سه‌ر هه‌ر شتێک، که بیکه‌یت).
6. نه‌خۆشییه‌که له‌سه‌رخۆ ده‌ستپێده‌کات و له گه‌شه‌ی به‌رده‌وامییدایه.
7. ڕابووردووی نه‌خۆشه‌که درێژه ده‌خایه‌نێت، به‌ڵام ڕووداوه نوێکان تۆمارنابن. واته بۆ نموونه نه‌خۆشه‌که نازانێت کاتژمێرێک پێش ئێستا چییکردووه، به‌ڵام ژیانی ڕابردووی بیره. (تێبینیی: ئه‌م باروودۆخه، که‌وتۆته سه‌ر نیڤۆی نه‌خۆشه‌که، واتا هه‌تا پله‌ی چه‌ند نه‌خۆشه‌که دێمێنسی هه‌یه. نیڤۆکان له سووکه‌وه ده‌ستپێده‌کات، ناوه‌ڕاست، زۆر قورس).
8. مردنی له‌دوای 10 بۆ 12 ساڵ. 

نه‌خۆشیی ئاڵتسهایمه‌ر، نه‌خۆشییه‌کی دێگنه‌راتیڤی مێشکه، به‌ واتای له‌ناوچوونی نۆیرۆنه‌کانی مێشک. ئه‌م نۆیرۆنانه به‌هۆی پرۆتینی "تاو"ه‌وه (Tau-Protein)، که له‌سه‌ر نۆیرۆنه‌کانی مێشک کۆده‌بێته‌وه دروستده‌بێت. ئه‌م پرۆتینه سه‌ره‌تا ده‌بێته هۆی پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان نۆیرۆنه‌کان و پاشان له‌ناوبردنی نۆیرۆنه‌کان. ڕوودانی ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی دێمێنس. دێمێنس چه‌مکێکی یۆنانییه و به‌ واتای ڕۆچوونی تواناکانی گایست، ڕۆچوونی تواناکانی مێشک. دێ  De به واتای خلبوونه‌وه، ڕۆچوون، لادان. مێنس mens به واتای توانای گایست، هۆشیاریی. واتا ئاڵتسهایمه‌ر هۆکاره بۆ دروستبوونی دێمێنس. دێمێنس خۆی نه‌خۆشیی نییه، به‌ڵکوو پێناسێکه بۆ باروودۆخێکی ته‌ندروستیی مێشکی که‌سێک، بۆ ڕۆچوونی تواناکانی مێشکی که‌سێک. به‌ڵام کۆمه‌ڵێک نه‌خۆشیی هه‌یه، که ده‌بێته هۆی دروستبوونی دێمێنس، که یه‌کێک له‌وانه "ئاڵتسهایمه‌ر"یه. 

چه‌مکی دێمێنس له سه‌ده‌کانی هه‌ژده‌دا زیاتر له بواری یاسا و مافدا به‌کار ده‌هێنرا، هه‌مانکاتیش له ژیان و زمانی ڕۆژانه‌دا وه‌ک تێکچوونێکی ده‌روونیی. له‌و ڕۆژانه‌دا پشکێنه‌رانی مێشک ته‌نها له‌دوای مردنی نه‌خۆشه‌کان شانسی پشکنینی مێشکیان هه‌بووه، به‌ڵام له زانستی مۆدێرندا، مرۆڤه‌کان له ژیاندان و سکانی مێشکیان ده‌کرێت و ده‌پشکنرێن. به‌مشێوه‌یه مرۆڤه‌کان هێشتا له ژیاندان و ده‌توانرێت بزانرێت، که له‌ چ شوێنێکی مێشکیاندا زیان به نۆیرۆنه‌کان که‌وتووه.

ئاڵتسهایمه‌ر نه‌خۆشییه‌ک نییه، که به ته‌نها تووشی پیران بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه. مرۆڤی گه‌نجیش تووشی ئاڵتسهایمه‌ر ده‌بێت. به‌و پێیه‌ی، که ئاڵتسهایمه‌ر ده‌گوێزرێته‌وه بۆ نه‌وه‌کان، ئه‌وا هه‌موو تاکێک له فامیلییه‌کدا، که ئاڵتسهایمه‌ری تێدابووبێت، مه‌ترسیی وه‌رگرتنی ئاڵتسهایمه‌ری له دایک و باوکه‌وه هه‌یه. 
ئه‌وه‌ی وه‌ها ده‌کات، که نه‌وه‌کان دره‌نگتر ئاڵتسهایمه‌ر بگرن، بریتییه له ئاستی گه‌شه‌ی مێشکی که‌سه‌که، ئه‌ویش به‌هۆی به‌رزیی ئاستی ڕۆشنبیریی که‌سه‌که‌وه. واته که‌سی ناوبراو چه‌ند مێشکی به‌کاربهێنێت هێنده‌ نه‌خۆشیی ئاڵتسهایمه‌ر دوا ده‌خات، که له ئاینده‌دا بیگرێت نه‌ک ئێستا. بۆ نموونه زانینی زیاد له زمانی دایک، واته زمانێک که له پاڵ زمانی دایکه‌وه ڕۆژانه به‌کاریبهێنیت. سه‌رقاڵکردنی مێشک به زانین و زانسته‌وه، ئه‌مه‌ش پێویسته کاری ڕۆژانه بێت، نه‌ک جار ناجارێک، ئه‌کتیڤبوون له ژیانی ڕۆژانه‌دا به وه‌رزشکردن و ڕۆیشتنه‌وه یاخوود ڕاکردن. به‌مشێوه‌یه که‌سی ناوبراو له‌بری ئه‌وه‌ی بۆ نموونه له چل ساڵییدا ئاڵتسهایمه‌ر بگرێت، ئه‌وا له په‌نجادا ده‌یگرێت، ئه‌گه‌ر مه‌ترسیی له‌سه‌ربێت، که له شه‌ست و حه‌فتادا بیگرێت ئه‌وا پێنج ساڵێک له‌دوای ئه‌وه ده‌یگرێت.

نه‌خۆشیی ئاڵتسهایمه‌ر چوار جۆری هه‌یه، واتا که که‌سێک ئاڵتسهایمه‌ری هه‌‌بوو، ئه‌وا ده‌بێت دیاگنۆزیسیره‌ی جۆره‌که‌ی بکرێت و بزانرێت چ جۆرێک له ئاڵتسهایمه‌ری هه‌یه. ئاڵتسهایمه‌ر و به گشتیی هه‌موو جۆره‌کانی دێمێنس هیچ جۆره چاره‌سه‌رێکیان نییه. لانیکه‌م له‌م سه‌رده‌مه‌دا.


زۆرترین خوێندراو