پێوویسته‌ هه‌موومان به‌رگرى له‌ کۆبانى بکه‌ین

7/10/2014 5:27:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
  فوئاد زیندانی

له‌گه‌ڵ نزیکبوونه‌وه‌ى ڕۆژى  ١٩ ى ته‌مووز دووه‌مین ساڵیادى شۆڕشى ڕۆژئاواى کوردستان ، داعش به‌هاوکارى ڕاسته‌وخۆى ده‌وله‌تى تورکیا و ووڵاتانى هه‌رێمى ڕۆژانه‌ هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر گونده‌کانى ده‌وروبه‌رى شارى کۆبانى .

دوای ئه‌وه‌ى شارى موسڵ له‌مانگى ڕابردوو که‌وته‌ ژێر کۆنتڕۆڵى چه‌ته‌کانى داعش ، به‌هۆى ئه‌وه‌ى سوپاى عیڕاقى شکستخواردوو هه‌موو چه‌که‌ قورس و سوکه‌کانى له‌دواى خۆى جێهێشت ، چه‌ته‌کانى داعش چه‌ک و جبه‌خانه‌ى سوپاى عێراقیان بۆ ناو خاکى سوریا و له‌وێشه‌وه‌ بۆ ناوچه‌کانى نزیک شارى کۆبانى ڕۆژئاواى کوردستان گواسته‌وه‌ ، له‌ 2 ى ته‌مووزه‌وه‌ چه‌ته‌ تیرۆریسته‌کان به‌هه‌موو جۆره‌ چه‌کێکى قورس و تۆپ و تانک به‌پشتگیرى ڕاسته‌وخۆى ده‌وڵه‌تى تورکیا هێرشیان ده‌ستپێکردووه‌ بۆ سه‌ر گونده‌کانى ده‌وروبه‌رى شارى کۆبانى ، ئامانجیان داگیرکردنى شارى کۆبانى و هێنانه‌دى خه‌ونه‌ ستراتیجیه‌که‌ى ده‌وڵه‌تى تورکیایه‌ که‌ ده‌خوازێت شۆڕش و ئه‌زموونى ڕۆژئاواى کوردستان له‌باربه‌رێت . تورکیا و سعودیه‌ و قه‌ته‌ێ‌ به‌ئاشکرا و به‌گشتى یارمه‌تى چه‌ته‌ تیرۆریسته‌کان ده‌ده‌ن به‌تایبه‌تى تاقمى ناسراو به‌داعش .

چه‌ته‌کانى داعش له‌ماوه‌ى چوار ڕۆژدا زۆر به‌سه‌ختى بۆردومانى گونده‌کانى نزیک شارى (کۆبانى ) یانکرد ، له‌ئه‌نجامى بۆردومانى چوار ڕۆژه‌دا (٣٠٠٠) گولـله‌ تۆپ و هاوه‌ن به‌ر ئه‌و گوندانه‌ که‌وتووه‌ ، هێزه‌کانى یه‌کینه‌کانى پاراستنى گه‌ل (یه‌په‌گه‌ ) و یه‌کینه‌کانى پاراستنى ژن (یه‌په‌ژه‌ ) به‌ئیڕاده‌ى پۆڵایین به‌ره‌نگارى ئه‌و هه‌موو هێرشه‌ى تیرۆریستانى داعش ده‌بنه‌وه‌ و له‌و چه‌ند ڕۆژه‌ى ڕابردوودا قوربانى زۆریانداوه‌ ، له‌ئه‌نجامدا توانیویانه‌ هێرشه‌کانى تاقمى تیرۆریستى داعش تێکبشکێنن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه‌ و پێوویسته‌ ببێ ئه‌وه‌یه‌ ، جه‌ماوه‌رى گه‌لى کورد له‌ئاستى چواربه‌شى کوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌ى پارته‌ کوردستانیه‌کان و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هاو هه‌ڵوێستبن به‌شدارى بکه‌ن له‌ به‌رگریکردن له‌شارى کۆبانى ، به‌ته‌نیا هێشتنه‌وه‌ى ڕۆڵه‌کانى ڕۆژئاواى کوردستان له‌سه‌نگه‌رى به‌رگریکردن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستان کاره‌ساته‌ بۆ یه‌کڕیزى نه‌ته‌وه‌یى گه‌له‌که‌مان ، له‌پێناو ڕێگاگرتن له‌ڕوودانى کۆمه‌ڵکوژى له‌ شارى کۆبانى ده‌بێ هه‌موولایه‌ک ئه‌رکى نیشتمانى سه‌رشانى ئه‌نجامبدات .

بانگه‌وازى موراد کاره‌یلان ئه‌ندامى کۆمیته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى (په‌که‌که‌ ) بۆ مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان که‌ تیاییدا هاتبوو : بانگه‌وازیم بۆ به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى باشورى کوردستان ئه‌وه‌یه‌ ( ئه‌م دۆخه‌ى ڕۆژئاواى کوردستان کێشه‌کانى په‌یه‌ده‌ و ئه‌لپارتى تێپه‌ڕاندووه‌ ، کێشه‌ى ڕۆژئاوا کێشه‌ى نه‌ته‌وه‌ییه‌ ، ده‌بێت له‌وێ هه‌ڵوێستى نه‌ته‌وه‌یى نیشانبدرێت ) ، هه‌روه‌ها لێدوانى ووته‌بێژى فه‌رمى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌باره‌ى ‌هێڕه‌شه‌کانى تیرۆریستان بۆ سه‌ر ڕۆژئاواى کوردستان ، ده‌کرێ ئه‌و دوو هه‌ڵوێسته‌ پۆزه‌تیڤه‌ هه‌ڵبقۆزرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌هه‌موولایه‌ک بتوانین ببینه‌ په‌رژینێکى پۆڵایین بۆ پاراستنى کۆبانى و که‌رکوک و سه‌رێکانى و جه‌له‌ولا و ته‌واوى سنوره‌کانى کوردستان له‌هه‌ڕه‌شه‌ى دوژمنان ، کۆبانى له‌مه‌ترسیدایه‌ ، ده‌بێ هه‌موومان به‌رگرى له‌کۆبانى بکه‌ین . 
پێوویسته‌ ڕاگه‌یاندنه‌کانى باشورى کوردستان به‌شێوه‌یه‌کى پڕۆفیشناڵ له‌سه‌ر پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان کاربکه‌ن و ڕاستى و پێوویستیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان دلێرانه‌ بگه‌یه‌نن به‌ڕایگشتى کوردستان و خاوه‌ندارى له‌پره‌نسیپه‌ نیشتمانیه‌کان بکه‌ن .

له‌ئاستى ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تى ڕاگه‌یاندنه‌کان به‌پێى پێوویست تیشکیان نه‌خستۆته‌ سه‌ر بارودۆخى شارى کۆبانى که‌ماوه‌ى جه‌ندین  ڕۆژه‌ به‌پاڵپشتى تورکیا به‌سه‌ختى هێرشى ده‌کرێته‌ سه‌ر . ڕۆڵى تورکیا و په‌یوه‌ندى ده‌زگاکانى هه‌واڵگرى تورکیا به‌ تیرۆریستان و هاریکاریکردنیان ته‌نیا له‌ ڕووى سه‌ربازیه‌وه‌ نیه‌ ، به‌ڵکو هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هاوکارى پزیشکى ئه‌و هێزانه‌ى کردووه‌ و برینداره‌کانیان چاره‌سه‌رده‌کا ، دواى جاره‌سه‌رکردنیان تیرۆریسته‌کان به‌ئاشکرا به‌خۆیان و چه‌ک و جله‌ فه‌رمیه‌کانى داعش له‌ شارى هاتاى تورکیا له‌ژێر چاودێرى ده‌زگاى هه‌واڵگرى تورکى ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سوریا بۆ شه‌ڕکردن ، له‌ماوه‌ى ڕابردوودا دوو سه‌له‌فیى به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌ڵمان (ده‌نیس کوسپه‌رت ، ئه‌لیاس دێسۆ دۆگ ) و هه‌روه‌ها به‌رپرسى باڵاى داعش مازن ئه‌بو محه‌مه‌د دواى ئه‌وه‌ى له‌شه‌ێ‌ بریندارکرابوون له‌نه‌خۆشخانه‌ى تورکیا چاره‌سه‌ریان بۆ کرابوو ، ئێستاش له‌نه‌خۆشخانه‌ى کیلیس له‌تورکیا له‌نێوان (٣٠ تا ٤٠) که‌س له‌برینداره‌کانى هێزه‌ تیرۆریستیه‌کان له‌لایه‌ن پزیشکانى تورک چاره‌سه‌رده‌کرێن !!

 


زۆرترین خوێندراو