"بیره‌وه‌رییه‌کانی سه‌ر به‌رد" له‌ فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی کاڕڵۆڤی ڤاری چێک نمایش ده‌کرێت

7/15/2014 12:19:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌کانی سه‌ر به‌رد" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماکاری کورد "شه‌وکه‌ت ئه‌مین کورکی" له‌ فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی کاڕڵۆڤی ڤاری له‌ وڵاتی چیک نمایشکرا.

فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌کانی سه‌ر به‌رد" Memories On Ston له‌ نووسینی هاوبه‌شی "شه‌وکه‌ت ئه‌مین کورکی" و "مه‌ممه‌د ئه‌کتاش" و له‌ ده‌رهێنانی "شه‌وکه‌ت ئه‌مین کورکی"یه‌ که‌ به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌م سینه‌ماکاره‌ کورده‌، ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کی فیلمه‌که‌ "حوسێن حه‌سه‌ن" و هه‌روه‌ها به‌رهه‌مهێنه‌ری فیلمه‌که‌ "مه‌مه‌د ئه‌کتاش"، له‌ یه‌که‌مین به‌شداری نێوده‌وڵه‌تیی خۆیدا به‌ نوێنه‌رایه‌تیی له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌شی "ئاسۆکان"ی چل و نۆیه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی کاڕڵۆڤی ڤاری Karlovy Vary له‌ وڵاتی چیک له‌ سێ سانسی جیاوازدا چووه‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ماکان.

ئه‌م فیلمه‌ کوردییه‌ که‌ به‌رهه‌می ساڵی 2014ی هه‌رێمی کوردستان و ئه‌ڵمانیایه‌ کاتژمێر 1ی نیوه‌ڕۆی ڕۆژی 6ی ته‌مموز / یۆلیۆی 2014 له‌ هۆڵی کۆنگرێس، کاتژمێر 30/4ی دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی 9ی ته‌مموز / یۆلیۆی 2014 له‌ ڕۆیچمۆند و هه‌روه‌ها کاتژمێر 10ی پێش نێوه‌ڕۆی ڕۆژی 12ی ته‌مموز / یۆلیۆی 2014 له‌ سینه‌ما بی B له‌ میانه‌ی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی کاڕڵۆڤی ڤاری نمایشکرا و له‌ لایه‌ن بینه‌رانه‌وه‌ پێشوازیی لێکرا.

"بیره‌وه‌رییه‌کانی سه‌ر به‌رد" دوای نمایش له‌م فیستیڤاڵه‌ له‌ لایه‌ن ڕخنه‌گران و ڕۆژنامه‌نووسانه‌وه‌ پێشوازیی لێکرا و به‌رپرس و ڕێکخه‌ریی چه‌ندین فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلم له‌ ئاستی جیهاندا، دوای ئه‌م فیلمه‌یان له‌ به‌رهه‌مهێنه‌ری فیلمه‌که‌ کرد که‌ له‌ فیستیڤاڵه‌که‌یاندا به‌شداریی پێبکرێت و نمایش بکرێت.

چل و نۆیه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی کاڕڵۆڤی ڤاری به‌ نمایشی 173 فیلمی سینه‌مایی، 43 کورته‌ فیلم و 29 فیلمی دیکۆمێنتاریی له‌ سینه‌ماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان و به‌ ئاماده‌بوونی 478 فیلمساز و 825 سینه‌ماکاری پیشه‌گه‌ڕ له‌ سه‌رتاسه‌ری دنیا و له‌ چه‌ندین به‌شی پێشبڕکێی سه‌ره‌کی، له‌وانه‌: پێشبڕکێی "له‌ ڕۆژئاواوه‌ و بۆ ڕۆژهه‌ڵات"، پێشبڕکێی "فێررۆم"، پێشبڕکێی "فیلمه‌ دیکۆمێنتارییه‌کان" و هه‌روه‌ها به‌شی "ئاسۆکان"، "ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕکێی"، "جۆرێک ڕوانین" و "به‌شی تایبه‌ت" له‌ ڕۆژانی 4 تا 12ی ته‌مموز / یۆلیۆی 2014 له‌ شاری کاڕڵۆڤی ڤاری له‌ وڵاتی کۆماری چیک به‌ڕێوه‌چوو.


زۆرترین خوێندراو