وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی توركیا: زیاتر له‌ 20 هه‌زار خوێندكار زمانی كوردیان هه‌ڵبژاردووه‌

20.02.2022
جەماوەر نیوز
وەزیری پەروەردەی تورکیا ژمارەی ئەو خوێندكارانه‌ی ئاشکراکرد کە لە خوێندنی وانەی بژاردەدا زمانی کوردییان هەڵبژاردووە و دەڵێت، زیاتر لە 20 هەزار کەس هەڵیانبژاردووە.
سەزگین تانری کوڵو، پەرلەمانتاری فراکسیۆن جەهەپە لە هەژماری تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند، "رۆژی 2ی شوباتی 2022 بەناوی پەرلەمانەوە پرسیارمان ئاراستەی مەحموود ئۆزەر، وەزیری پەروەردەی تورکیا کرد بۆ زانینی ژمارەی ئەو خوێندكارانی زمانی کوردییان لە خوێندنی وانەی بژاردەدا هەڵبژاردووە. وەزیر رۆژی 17ی شوبات وەڵامی داینەوە و ژمارەکەی ئاشکراکرد".
ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە رایگەیاند، بەگوێرەی وەڵامەکەی وەزیری پەروەردە، بۆ ساڵی خوێندنی 2022 - 2023 ژمارەی ئەو خوێندكارانه‌ی زمانی کوردییان هەڵبژاردووە لە خوێندنی وانەی بژاردە بۆ پۆلەکانی 5 ،6 ،7 و 8 بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و زازاکی، 20 هەزار و 265 خوێندكاره‌.
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا رۆژی 3ی کانوونی دووەمی 2022 تاوەکو رۆژی 7ی شوباتی هەمان ساڵی دیاریکرد وەکو وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی زمانی وانەی بژاردە و داوای لە خوێندكاران و دایک و باوکەکانیان کرد لە وادە دیاریکراوەکەدا فۆرمی تایبەت بە وانە بژاردەکان پڕبکەنەوە. وەزارەتی پەروەردەی تورکیا بۆ ئاسانکاریی زیاتر، فۆرمەکانی بە شێوەی ئۆنلاینیش خستە بەردەستی دایک و باوکی خوێندكاران.
خوێندنی زمان و شێوەزارەکان لە سیستمی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا لە چوارچێوەی وانەی بژاردە لە ساڵی 2012وە کاری پێدەکرێت. وەزارەتەکە ساڵانە وادەیەک دیاریدەکات بۆ دایک و باوکەکانی خوێندكاران بۆئەوەی بە ویستی خۆیان وانەی بژاردە هەڵبژێرن. زمانی کوردیش بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و زازاکی لە وانە هەڵبژێردراوەکاندان.
بەگوێرەی سیستمی خوێندن لە وانەی بژاردە، ئەگەر 10 خوێندكار داوای خوێندن بە هەر زمانێکی بژاردە بکەن، پۆلێکی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە. هەرچەندە واژۆی باوک و دایکی خوێندكار زیاد بکات، هێندەی دیکە پۆلی خوێندنیان بۆ دەکرێتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، لە ساڵی خوێندنی 2015 - 2016دا لە تورکیا و باکووری کوردستان 77 هەزار و 931 خوێندكار وانەی بژاردەی زمانی کوردییان هەڵبژاردبوو. لەو ژمارەیەدا 71 هەزار و 616 خوێندكار وانەی شێوەزاری کرمانجی و شەش هەزار و 315 خوێندكار وانەی شێوەزاری زازاکییان هەڵبژاردبوو.
لە تورکیا و باکووری کوردستان ملیۆنێک و 148 هەزار مامۆستا هەن؛ 79یان مامۆستای زمانی کوردین. لە ساڵی 2018دا تەنیا سێ مامۆستای زمانی کوردی دامەزرێندران، ساڵی 2019 مامۆستای زمانی کوردی دانەمەزرێندران، ساڵی 2020 تەنیا یەک مامۆستای زمانی کوردی دامەزرێندرا و ساڵی 2021یش سێ مامۆستای زمانی کوردی دامەزرێندران و کۆی گشتی 79 مامۆستای زمانی کوردی دامەزرێندراو هەن.