ئۆكراینا به‌رپه‌چی ڕوسیا ده‌ده‌ینه‌وه‌

25.02.2022
جەماوەر نیوز
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایدەگەیێنێت، سەربازانی وڵاتەکەی کۆنترۆڵی وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبیل-یان کردووە بەمەبەستی "پاراستنی".
لە راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی رووسیادا هاتووە، ئەو کارە بۆ ئەوە دەکات تاوەکو دڵنیا ببێتەوە لەوەی "گرووپە نەتەوە پەرستەکان و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە نەتوانن دۆخەکە لە ئۆکراینا بقۆزنەوە" بۆ مەبەستی دیکە.
رووسیا راشیگەیاندووە، دۆخەکە لە دەوروبەری وێستگە ئەتۆمییەکە ئاساییە و ستافێک بەردەوام چاودێریی ئاستەکانی تیشکدانەوەی دەکەن.
هێزەکانی رووسیا رۆژی پێنجشەممە دەستیان بەسەر وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبیل-دا گرت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا وەزارەتی بەرگریی رووسیا باسی لە دەستکەوتەکانی کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، سەربازانی وڵاتەکەی لە هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک پێشڕەوییان کردووە، 150 سەربازی ئۆکراینی خۆیان بەدەستەوە داوە و دەیان پێگە و ژێرخانی سەربازی و چەک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئۆکراینیش خاپوورکراون.
هاوکات هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا دەڵێن، هێزەکانی رووسیا "هیچ سەرکەوتنێکیان" بەدەستنەهێناوە و بەرپەرچیان داونەتەوە.