وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: دەنگۆی بەقاچاخبردنی نەوتی سلێمانی ڕه‌تده‌كاته‌وه‌

16.04.2022
جەماوەر نیوز

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەنگۆی دەستبەسەرداگرتنی بەشە سووتەمەنی سلێمانی لەلایەن هەولێرەوە رەتدەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، مەبەست لەو هەواڵانە تێکدانی رەوشی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و بەلاڕێدابردنی رای گشتیی خەڵکی کوردستان و عێراقە.
ئەمڕۆ شەممە 16ی نیسانی 2022 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، "پاش بڵاوبوونەوەی چەند زانیارییەکی نادروست و چەواشەکاری لەلایەن هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە وەک هەواڵ بڵاویان کردەوە کە گوایە هەولێر دەستی بەسەر ئەو بەشە سووتەمه‌نییەدا گرتووە کە لەلایەن حکومەتی عێراقی بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخان کراوە و بە قاچاخ رەوانەی تورکیا و ئەوروپای دەکات. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بە تووندی ئەم هەواڵانە ره‌تده‌كاتەوە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "جێی داخ و نیگەرانییە کە دەزگاکانی راگەیاندنی کوردستان کە هه‌ندێکیان ئۆرگانی فەرمی پارتە سیاسییەکانی بەشداری حکومەتیشن دەبووایە لەم کاتەدا کە کوردستان بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپەرێت، بەرپرسانە رەفتار بکەن و خۆیان لە بڵاوکردنه‌وه‌ی هەواڵی ناڕاست و تێکدەرانە بپارێزن بە تایبەت کە ئەو لایەنە بەشدارانە زانیاریی تەواویان لەسەر بابەتی سووتەمه‌نی هەیە".
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان روونکردنەوەیەکی لەبارەی سووتەمەنی بڵاوکردووەتەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
دابینکردنی سووتەمەنی لەلایەن حکومەتی عێراقی فیدراڵ بریتییە لە دوو پێکهاتەی نەوتی کە ئەوانیش نەوتی سپی و بەنزینە. هەرچەندە لە مامه‌ڵه‌كردن له‌گەڵ ئەم بابەتە، دەبووایە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، وەکو هاووڵاتییانی بەشەکانی دیکەی عێراق هەژمار بکرێن، بەڵام بەداخەوە ئەمە نەکراوە. 
1. بەنزین:
بەپێی رێککەوتنی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئابی 2021، وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ رۆژانە بڕی 1080 مەتر سێجا بەنزین بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات بە نرخی بازرگانی 650 دینار بۆ هەر لیترێک. 
ئەمە لە کاتێکدا کە نرخی هەر لیترێک بەنزین بۆ هاووڵاتییانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بە 450 دینار دیاریکراوە. هەروەها  کرێی عەمبارکردن و گواستنەوەی بەنزینەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەدرێت کە لە ئەنجامدا نرخی هەر لیترێک بەنزین لە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بە 690 دینار رادەوەستێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، بە هەمان نرخ بە هاووڵاتییانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی دەفرۆشێت. 
لە دابەشکردنی بڕی بەنزین کە حکومەتی عێراقی فیدراڵ تەرخانی کردووە، بەڕێز وەزیری سامانە سرووشتییەکان، راستەوخۆ و لە رێگەی لیژنەیەکی پسپۆر و تایبەت کە پێکهاتووە لە بەڕێوەبەری گشتی و چەند شارەزایه‌ك، چاودێری ئەم بابەتە دەکات. 
جێی ئاماژەیە کە ئەم لیژنەیه،‌ چاودێریی دابەشکردنی بڕی بەنزین بۆ هەر پارێزگایەک دەکەن کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەر پارێزگایەک و بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاکان خۆیان ئەنجام دەدرێت و هەموو بەڵگەکانی پەیوەست بە بڕی وەر‌گیراو و دابەشکراوه لە لایان پارێزراوە.

وەزارەتی نەوتی عێراقی، دەبوو بڕی 246 ملیۆن لیتر بەنزین بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام هەتا ئێستا تەنيا 120 ملیۆن لیتر رادەستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کراوە، لە نێوانیشیاندا پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کە بڕی 50404376 لیتریان وەرگرتووە، هەروەها بڕی 67570154 لیتر بەسەر پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دابەشکراوە. 
هۆکاری نەگەیشتنی نیوەی دیکەی بڕی دیاریکراو، بۆ ئەوە دەگەڕێته‌وه‌ کە حکومەتی عێراق هەر کات تووشی کورتهێنان بێت لە پێداویستیی ناوخۆیی خۆی، بەشی هەرێمی کوردستان نانێرێت. 
بۆیە لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان سووتەمەنی بەشی پێداویستیی خۆی بەشی نەکات، ئیدی چۆن سووتەمەنی هەناردەی دەرەوە دەکات؟!
2. نەوتی سپی:
بە هەمان شێوە و بەپێی رێککەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عیراقی فیدراڵ لە رێککەوتی 20-11-2021 دەبووایە بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی وەک وەجبەی یەکەم رادەستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام ئەمە نەکراوە. 
بڕی گشتیی نەوتی سپی کە لە رێککەوتی 20-11ەوە هەتا ئێستا بۆ هەرێمی کوردستان نێردرابێت، تەنيا 12 ملیۆن لیتر بووە و لە سەرەتای مانگی شوباتی 2022ەوە و لە کاتێکدا کە کەشوهەوای کوردستان زور ساردە هیچ بڕێک لە لایەن حکومەتی عێراقی فیدراڵ دابین نەکراوە.  
هەروەها نرخی دیاریکراو بۆ هەر لیترێک لە نەوتی سپی بە نرخی بازرگانی 400 دینار لە پاڵاوگەی بێجی هەژمارکراوە. لەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش بە نرخی 90000 دینار (بۆ یەک بەرمیلی 200 لیتری) دەکەوێت، لە کاتێکدا هەمان نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بە 150 دینار بۆ هەر لیترێک لە لایەن حکومەتی عێراق پێشکێشیان ئەکرێت.
هەرچەندە ئێستا بڕە پارەی نەوتی سپی رادەستی حکومەتی عێراق کراوە، بەڵام بڕی زۆری نەوتی سپی وەرنەگیراوە.
جێگەی ئاماژەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای قەیرانی ئابووری، بەڵام لە بودجەی خۆی بڕی بەرمیلێکی (200 لیتر) بە نرخی 55000 دینار بۆ ناوچەکانی شاخاوی و دەوروبەری هەرێمی کوردستان دابین کردووە.
ئێمە لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و  عێراق. پێشوازیش لە هەر پێشنیازێک دەکەین کە ببێتە هۆی باشتربوونی گوزەرانی هاووڵاتییانی عێراق بەبێ جیاوازی.  


زۆرترین خوێندراو