ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە هەڵگری تابلۆی ناوخۆ و دەرەوەی عێراقن لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت

03.08.2025
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلانەی، کە هەڵگری تابلۆی ناوخۆ و دەرەوەی عێراقن ڕایگەیاند 'لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکەین'.

پێشتر تێگەیشتنێکی هەڵە هەبوو بەرامبەر سزادانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی خاوەن ژمارەی بیانی یاخود عێراقی بوون، هاووڵاتییان پێیان وابوو کە لەکاتی سەرپێچیدا بە پێبژارد سزا نادرێن. 

عەقید هێمن ئەمین، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان  ڕایگەیاند: هەر ئۆتۆمبێلێک هەڵگری تابلۆی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بێت و لە هەرێمی کوردستان سەرپێچی بکات، سزا دەدرێن و پێبژاردنی هاتووچۆیان لەگەڵ دەکرێت.

وتەبێژەکەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر وتیشی: هەر ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری تابلۆی هەرێمی کوردستان بچێتە پارێزگاکانی عێراق و سەرپێچی هاتووچۆ بکات، لە سیستمی هاتووچۆی هەرێم تۆمار دەکرێت و دەبێت پارەکەی بدات.

عەقید هێمن ئەمین ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەڵگری تابلۆی دەرەوەی عێراقبن و سەرپێچی هاتووچۆیان کردبێت، لە کاتی گەڕانەوەیان لە خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، سزا دەدرێن و پارەکەیان لێ وەردەگیرێتەوە.

هۆبەی تایبەت بە ئەستۆپاکی هاتووچۆ لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر هەیە، بۆیە هەر ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری تابلۆی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و دەرەوەی وڵات بێت، پێویستە پێش ڕۆشتنەوەیان ئەستۆپاکی بکەن.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ