نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق: رێگە بە تێپەڕبوونی ئەو بارهەڵگرانە دەدەین كە لە هەرێمەوە دەچن بۆ عێراق

18.09.2025
جەماوەر نیوز
نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، كێشەكەیان چارەسەر كراوە و وەزارەتی ناوخۆ رێگە بە تێپەڕبوونی ئەو بارهەڵگرانە دەدات كە لە هەرێمی كوردستانەوە دەچن بۆ پارێزگاكانی عێراق.
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەر بارهەڵگرێك بەرهەمی ناوخۆیی پێبێت، لەمەودوا پێویست بە پشكنینی سۆنار ناكات بۆ تێپەڕبوونیان لە بازگەكان.
ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەتی ناوخۆ رێگە بە تێپەڕبوونی ئەو بارهەڵگرانە دەدات كە لە هەرێمی كوردستانەوە دەچن بۆ پارێزگاكانی عێراق.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە چەند رۆژی رابردوودا شۆفێرانی بارهەڵگر لە بازگەكانی دارەمانە و چیمەن لە سنووری كەركوك دژی دروستكردنی ئاستەنگە و زۆر مانەوەیان لە بازگەكان گردبوونەوە و داوای چارەسەری كێشەكەیان كرد.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ