نێچیرڤان بارزانی: پشتیوانی لێكگەیشتنی هەردو حكومەتی هەرێم و بەغدا دەكەین

22.09.2025
جەماوەر نیوز
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پشتیوانی خۆی بۆ لێكگەیشتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ دوپاتكردەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و شاندێكی یاوەری كۆبونەتەوە.
لەكۆبونەوەكەدا دۆخی گشتی عیراق، پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەكانی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەران، هەروەها كارو بەرنامەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغداو دۆخی ناوچەكەیان تاوتوێ كردوە، هەردوولا جەختیان لەگرنگی چارەسەركردنی كێشەكانی عیراق بەتایبەتی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێرـ بەغدا لەسەر بنەمای دەستورو رێككەوتنەكان كردوەتەوە كە لەبەرژەوەندیی ئارامی و سەقامگیریی وڵات و پێشكەوتنیدایە.
راشگەیەنراوە كە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هەمو ئەو كەسایەتی و لایەنانەی كردوە كە كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەكەن، هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەكان و لێكگەیشتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ دەربارەی پرسی شایستە دارایییەكان و موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دوپاتكردوەتەوە.
هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەكە لە كۆبونەوەكەدا هەردوولا هاوڕا بون لەسەر گرنگی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكانی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەران و باسیان لە ئامادەكارییەكان كردوە لەمبارەیەوە هەردوولا برەودانیان بە پرۆسەی دیموكراسی بە پێویست و گرنگ بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی وڵات لە قەڵەمداوە.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ