سەرەتای مانگی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی ماڵان دەكرێت

22.09.2025
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی هەولێر ئاشكرای دەكات، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە، دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی دەكرێت، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردووش سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەكانەوە دەستپێدەكات.

 لەگەڵ كۆتاییهاتنی وەرزی گەرمای هاوین و سەرەتای وەرزی پایز، خواست لەسەر كڕینی نەوتی سپی ماڵان زیاد دەكات، ئەمەش وادەكات نرخەكەی بەرز بێتەوە و هەموو هاووڵاتیان نەتوانن پەیدای بكەن.

 ئاری كاكەشین، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی هەولێر، لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو ئامادەكارییەكی كردووە بۆ ئەوەی ئەمساڵیش لە نزیكترین كاتدا نەوتی سپی بۆ هاونیشتمانیان دابین بكات؛ سەرەتای مانگی 10 پرۆسەی دابەشكردنەكە لە ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای هەولێر دەستپێدەكات و سەرجەم هاونیشتمانیان نەوت وەردەگرن.

ئاری كاكەشین ڕوونیشی كردەوە، هێشتا بە دیاریكراوی نرخ و بڕی ئەو نەوتەی بە هاونیشتمانیان دەدرێت و كاتی دابەشكردنەكەی بڕیاری لەسەر نەدراوە، بەڵام لە نزیكترین كاتدا ڕادەگەیێنرێت.

 حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، داوای لە حكومەتی فیدراڵ كردووە، نەوتی سپی ماڵان بە نرخی پاڵپشتیكراو بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دابین بكات، بەڵام بەغدا هێشتا وەڵامی داواكارییەكەی حكومەتی هەرێمی نەداوەتەوە.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ