پێشەوا هەورامانی: ڕێككەوتنەكەمان بۆ ماوەی سێ مانگە

24.09.2025
جەماوەر نیوز
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئەو ڕێككەوتنەی كە لەگەڵ عێراق ئەنجامدراوە بۆ ماوەی سێ مانگە، بۆ ساڵی داهاتو یاسای نوێی بودجە دێت و داوای بەشی خۆیان لە بودجەدا دەكەن، دەشڵێت، "كەشێكی باش بۆ دانوستان و لێكتێگەیشتن هەیە و ئامادەین بۆ ڕادەستكردنی نەوت".

پێشەوا هەورامانی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەواندا ڕایگەیاند،  توانای بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان، گەیشتوەتە 234 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە. پێشبینی دەكەن كە لە ماوەی 48 كاتژمێری ئایندەدا بابەتی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم چارەسەر ببێت. 

ئاماژەی بەوەشكرد، كەشێكی باش بۆ دانوستان و لێكتێگەیشتن هەیە و رێككەوتنەكەیان لەبارەی نەوتەوە بۆ ماوەی سێ مانگە. بۆ داهاتو دەچینەوە دانوستانەوە بۆ دابینکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان.

پێشەوا هەورامانی باسی لەوەشكرد، ڕەزامەندی دەدەن لەسەر ناردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق، تا وەزارەتی دارایی فیدراڵیش موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات. 

ئەوەشیخستەڕو، هەمو ئامادەکارییەکی کردوە و هەر لەگەڵ گەیشتنی موچەی مانگی (تەمموز/7)، دەست بە دابەشکردنی دەکەن ئەگەر لە ڕۆژانی پشوشدا بێت. هەروەها لیستی موچەی مانگی (ئاب/8) ئامادە کراوە و بەمزوانە ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ