رۆیتەرز: دوو لە كۆمپانیاكانی نەوت رێککەوتنەکەیان بۆ دەسپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم واژۆ نەکردوە

25.09.2025
جەماوەر نیوز
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، هەشت لە کۆمپانیا نەوتیەكانی هەرێم لەگەڵ عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتون بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت. بەڵام هێشتا هەر یەكە لە كۆمپانیاكانی DNOـی نەرویجی و کۆمپانیای Genel Energyـی بریتانیا هێشتا رێککەوتنەکەیان واژۆ نەکردوە. 

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە ڕاپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، هەشت کۆمپانیای نەوتی کە لە کوردستانی عێراق کاردەکەن و نوێنەرایەتی زیاتر لە 90%ی بەرهەمهێنان دەکەن، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتونەتە رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو رێکەوتنە مانای كۆتایهێنانە بە قەیرانی راگرتنی نەوت و رێگە بە رۆیشتنی نزیکەی 230 هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەدات لە رۆژێکدا لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا کە لە مانگی (ئازار/3)ـی 2023ـەوە ڕاگیراوە.

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ئەپیکور رایگەیاندوە، چاوەڕوان دەكرێت ئەو چوارچێوەیە، دوای واژۆكردن و جێبەجێكردنی، لە چەند رۆژی داهاتودا ڕێگە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن بدات، لەگەڵ رەخساندنی رێگایەک بۆ ڕێکخستنە درێژخایەنەکان .

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە بە ڕۆیتەرزی راگەیاندوە، کۆمپانیای ئەپیکور نوێنەرایەتی هەشت کۆمپانیای نێودەوڵەتی دەکات کە لە کوردستان کاردەکەن، بەڵام دو لەو کۆمپانیایانە كە پێكهاتون لە DNOـی نەرویجی و کۆمپانیای Genel Energyـی بریتانیای هێشتا رێککەوتنەکەیان واژۆ نەکردوە. 

سەرچاوەکان دەشڵێت، "دو کۆمپانیای دەرەوەی ئەپیكۆریش، کۆمپانیای کار گروپی ناوخۆیی و کۆمپانیای فۆرزا پترۆلیۆمیش پاڵپشتی رێککەوتنەکەیان کردوە".

ئەپیکۆر ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو چوارچێوەی رێککەوتنی لەسەر كراوە "پیرۆزی گرێبەستە واژوكراوەكان"ی پاراستوە و گەرەنتی پارەدان بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت دابینکردوە.

رۆیتەرز دەشڵێت، DNO وەڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدوان نەداوەتەوە، کۆمپانیای جێنێل ئینێرجیش رایگەیاندوە، هیچ لێدوانێکی زیاتری نییە.

رۆژی سێشەممەی رابردو، هەردو کۆمپانیاكە پێشوازییان لە پلانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن کرد، بەڵام رایانگەیاند هێشتا هەندێک دەستکاری لە مەرجە پێشنیاو کراوەکاندا پێویستە، بەتایبەتی بۆ چارەسەرکردنی پارە دواكەوتوەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر نەوتی باركراوی رابردو.

یەک ملیار دۆلار پارەی دواكەوتوی كۆمپانیاكان لەسەر هەرێمی کوردستان كەڵەكە بوە، پشکی DNO لە قەرزە دواکەوتوەکان بە نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ