وەزارەتی شارەوانی: لە ماوەی سێ هەفتەی داهاتوودا ئاوی خاوێن دەگاتە قوشتەپە

26.09.2025
جەماوەر نیوز
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، یەکەم قۆناغی تاقیکردنەوەی پەمپەکانی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە کەوتووەتەکار و لە ماوەی سێ هەفتەی داهاتوودا ئاوی خاوێن دەگاتە شارۆچکەکە. بەمەش گرفتی کەمئاوی لە قوشتەپە و شارەدێی بێستانە و نزیکەی 70 گوندی سنوورەکە چارەسەر دەبێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، شەوی ڕابردوو یەکەم قۆناغی تاقیکردنەوەی پەمپەکان (Test Pump) لە بەشی وەرگرتنی ئاوی (Intake) پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە کەوتووەتەکار.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، بە کارکەوتنی ئەم قۆناغە، لە ماوەی نزیکەی سێ هەفتەی داهاتوودا ئاوی خاوێن دەگاتە قەزای قوشتەپە.
وەزارەتەکە دڵنیایی دەدات کە بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، گرفتی کەمئاوی لە قەزای قوشتەپە، ناحیەی بێستانە و نزیکەی حەفتا گوندی سنوورەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر دەبێت.
پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە کۆی گشتیی گوژمەکەی 211 ملیار دینارە. پڕۆژەکە لە سێ وێستگەی سەرەکی پێکدێت و لە کاتژمێرێکدا توانای بەرهەمهێنانی سێ هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێنی هەیە.
بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، گرفتی کەمئاوی لە قەزای قوشتەپە، ناحیەی بێستانە و نزیکەی 70 گوندی سنوورەکە چارەسەر دەبێت. هاوکات، زیاتر لە 110 بیری ئاو لەکار دەکەون، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە ناوچەکەدا.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ