نەوزاد شێخ کامیل: ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەولێر دەکرێت

04.10.2025
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەری بازرگانی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند،  دوای چارەسەرکردنی کێشەیەک لە بانکی تی بی ئای، ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەکەین.
ئەمڕۆ شەممە، 4ـی ئۆکتۆبەری 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند : "ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەولێر دەکرێت و هەرچەندە پارەکە زۆر لە زووەوە هاتووە، بەڵام بەهۆی کێشەیەک کە لە بانکی تی بی ئای هەبوو ڕاگیرا بوو، ئەمڕۆ دەست بە دابەش کردنە دەکرێت.
گوتیشی: "ئەو پارەیەی ئێستا گەیشتووەتە دەستمان، بڕی 20 ملیار دینارە بۆ پارێزگای هەولێر. ئەو بڕە پارەیەمان بەسەر سایلۆکاندا بە شێوەیەکی ڕێژەیی دابەش کردووە."
ئاماژەی بەوەشدا، "بڕە پارەکە بۆ ئەو جووتیارانەیە کە لە یەک تۆن تاوەکوو 50 تۆن گەنمیان لێ وەرگیراوە و ماوەیەکی نزیکدا ئەو جووتیارانەی کە بڕی گەنمیان لە 51 تۆن زیاتریان لێ وەرگیراوە، پارەکەیان لەگەڵ مووسڵ، سەلاحەدین و کەرکووکدا هەرێمی کوردستانیش وەری دەگرێت."

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو