زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوت هەرێمی كوردستان هەناردە كراوە

04.10.2025
جەماوەر نیوز
وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیێنێت، تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوت هەرێمی كوردستان هەناردە كراوە، دووپاتیشی کردەوە کە یەکەم کەشتی بارهەڵگری نەوت بە نەوتی هەرێمی كوردستانەوە لە بەندەری جیهان بارکراوە.

 زیاتر لە دوو ساڵ بوو بەهۆی سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان وەستا بوو، بەڵام دوای زیاتر لە 30 دانیشتن لە نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق سەرەنجام کاتژمێر حەوتی بەیانی ڕۆژی 2025-09-27 نەوتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کرایەوە.

 حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، "ئەو بڕەی تا ئێستا وەرگیراوە گەیشتووەتە زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل، یەکەم کەشتی بارهەڵگر بە توانای 650 هەزار بەرمیل نەوتەوە لە بەندەری جیهان لەنگەری گرتووە."

 عەبدولغەنی ڕوونیشی کردەوە "بارکردنی ئەم کەشتییە تەواو دەکرێت و بەرەو ئەو شوێنەی بۆی گرێبەست کراوە بەڕێ دەکەوێت." ئاماژەی بەوەشدا: "ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان لە سەرکەوتنی پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پڕکردنەوەی بودجەی وڵات بە بڕە پارەی پێویست."

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو