ئومێد سه‌باح: ئاماده‌ین داهاتی نانه‌وتی بۆ مانگه‌كانی هه‌شت و نۆ ڕه‌وانه‌ بكه‌ین

07.10.2025
جەماوەر نیوز
سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی موچه‌ی مانگه‌كانی 8 و 9ی ئه‌مساڵ ڕایگه‌یاند، حکومەتی عێراق بڕیاری پێدانی موچەکانی ئەو دو مانگەی نەداوە ئەگەرنا ئه‌وان ئامادەن داهاتی ناوخۆ بۆ ئەو دو مانگە ڕەوانەی بەغدا بکەن.

ئومێد سه‌باح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، "وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مسۆگەرکردنی موچەکانی فەرمانبەران و موچەخۆران ئامادەین پشکی گەنجینەی حکومەتی فیدراڵ بۆ مانگەکانی 8 و 9 ده‌ستبه‌جێ بدەین، به‌ڵام تاوەکو ئێستا له‌لایه‌ن حکومەتی فیدڕاڵییه‌وه‌ ڕه‌زامه‌ندی نه‌دراوه‌ كه‌ موچەکانی ئەو دو مانگه‌ دابه‌شبكرێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئێستا قسه‌یه‌كی وا ده‌كرێت كه‌ نه‌هاتنی موچه‌ی مانگه‌كانی هه‌شت و نۆ په‌یوه‌ندی به‌ نه‌ناردنی داهاتی نانه‌وتییه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام "هەرکات ڕێکارەکانی موچەی مانگەکانی هه‌شت و نۆ گیرایەبەر، ئامادەین داهاتی نانەوتی ڕادەست بکەین".

ئومێد سه‌باح باسی له‌وه‌شه‌كرد، "ئه‌نجومه‌نی ده‌وڵه‌ت بڕیاره‌كانی پابه‌ندكه‌ر نین بۆ هیچ لایه‌نێك به‌تایبه‌تی بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ ئێمه‌ به‌شێك نه‌بوین له‌و داوایه‌ی كه‌ پێشكه‌شی كراوه‌، ئه‌م بابه‌ته‌ ته‌فسیرێكیان كردوه‌ بۆ داهاتی خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی فیدڕاڵی له‌ داهاتی هه‌رێمی كوردستان كه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسا و ده‌ستوره‌".

ڕونیشیكرده‌وه‌، "لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردرا ئێمە نامەیەک بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق بنێرین، کە نامەکە بە واژۆی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی لەسەرە، کە تێیدا داوامان کردوە پشت بە بۆچونی ئەنجومەنی دەوڵەتی نەبەسترێت، چونکە بنەمای پابەندی بۆ هەردولامان تێدا نییە، بژاردەی ئێمە ئەوەیه‌ لە رێگەی ڕێککەوتنێکی حکومی کە چۆن لەسەر نەوت ڕیککەوتین، بەهەمان شێوە لەسەر داهاتە ناوخۆییەکانیش ڕێککەوین، به‌ربه‌سته‌ گه‌وره‌كه‌ بابه‌تی نه‌وت بو كه‌ تیایدا سه‌ركه‌وتین".

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو