ئەنجومەنی نوێنەران دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کردەوە

31.12.2025
جەماوەر نیوز
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رەسمی کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار راگەیاند و ئەو مەرجانەشی دیاریکرد کە دەبێت لە کەسی کاندیددا هەبن.

بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی نوێنەران کە پشتی بەستووە بە مادەکانی (2 و 3) لە یاسای ژمارە (8)ـی ساڵی 2012 (یاسای حوکمەکانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار)، ئەو کەسانەی ئارەزوی خۆپاڵاوتنیان هەیە و مەرجەکانیان تێدایە، دەتوانن سەردانی فەرمانگەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بکەن.

وادەی پێشکەشکردنی داواکارییەکان لە سەعات 9ـی بەیانی بۆ 3ـی پاشنیوەڕۆ دیاریکراوە لەم رۆژانەدا:

ئەمڕۆ چوارشەممە (31-12-2025).

رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی هەفتەی داهاتوو (4 و 5ـی 1ـی 2026).


مەرجەکانی خۆ کاندیدکردن بۆ سەرۆک کۆمار:

بەپێی یاسا، کاندید دەبێت ئەم مەرجانەی تێدابێت:

بە ڕەچەڵەک عیراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عیراقی بێت.

تەمەنی 40 ساڵی تەواو کردبێت و خاوەنی توانای یاسایی تەواو بێت.

خاوەنی ناوبانگێکی باش و ئەزمونی سیاسی بێت و بە دەستپاکی و دادپەروەری و دڵسۆزی بۆ نیشتمان ناسرابێت.

لانی کەم بڕوانامەی زانکۆی هەبێت و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دانپێدانراو بێت.

بە هیچ تاوانێکی ئابڕوبەر (مخلة بالشرف) حوکم نەدرابێت.

رێوشوێنەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری نەیگرێتەوە.


خوازیاران دەبێت داواکاری نوسراو بە هاوپێچی بەڵگەنامە رەسمییەکان و ژیاننامەی خۆیان (C.V) پێشکەش بکەن و پسوڵەی وەرگرتنی داواکارییەکە وەربگرن.

بابەتی هاوشێوە