مەسرور بارزانی: تا ئێستا لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار نەگەیشتووینەتە ڕێککەوتن

01.02.2026
جەماوەر نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەبارەی پرسی سەرۆک کۆمار نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێوڕەسمی ساڵیادی ‘شەهیدانی یەکی شوبات’ لە هەولێر بەڕێوەچوو، دواتر مەسرور بارزانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی: “گفتوگۆکانی هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن”.
وتیشی: “پێکهێنانی کابینەی دەیەم و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دوو پرسی جیاوازن و پێموایە نابێت تێکەڵ بکرێن”. باسی لەوەشکرد،”هەڵبژاردنی کوردستان لێرە کراوە و هەڵبژاردنێکی تریش لە سەرتاسەری عێراق کراوە دوو پرسی جیاوازن و پێموا نییە تێکەڵ بکرێن یان هیچ لە بابەتەکان بگۆڕێت، بۆیە ئێمە بە دوو پرسی جیاواز تەماشای هەردوو لایان دەکەین”.
هەر لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت، مەسرور بارزانی وتی: “ئێمە هەر دوای هەڵبژاردنی کوردستان کە ساڵێک زیاتری بەسەردا چووە، وتوومانە پێویستە رێز لە دەنگی خەڵکی کوردستان بگیرێت و رێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگیرێت. ئێمە هەر لەسەر ئەو بیرۆکەی خۆمان بەردەوامین، ئەمە بیروبۆچوونی پارتییە کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەبن بە رێگە بۆ دروستکردنی کابینەی حکوومەت”.
ئەم لێدوانەی مەسرور بارزانی، میدیای عێراقی بڵاویکردەوە کە سبەینێ دووشەممە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیامنی فەتح و موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پێشوی پەرلەمان سەردانی هەولێر دەکەن و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبنەوە.
بڕیارە دواتر شاندەکە سەردانی سلێمانیش بکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان،
ئەوەشخراوەتەڕوو کە ئامانجی سەرەکی سەردانی شاندەکە، یەکلاکردنەوەی پرسی سەرۆک کۆمارە کە تا ئێستاش پارتی و یەکێتی لەسەری ناکۆکن.

بابەتی هاوشێوە