وته‌بێژى ئه‌پیكور: له‌چه‌ند هه‌فته‌ى داهاتوودا هه‌نارده‌ى نه‌وتی هەرێم ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

16.07.2025
جەماوەر نیوز
وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئه‌پیكور) رایگەیاند، “ئەندامانی ئەپیکور بەتوندی هێرشە درۆنییەکانی سەر ژێرخانی هەرێم سەرکۆنە دەکەن و بە ئەرکی حکومەتی عێراقی دەزانن کۆمپانیاکان بپارێزێت.”
مایڵز کاگینز وتەبێژی (ئەپیکور) رایگه‌یاند، “چاوەڕێی لێکۆڵینەوەکانی حکومەتی عێراقین سەبارەت بەهێرشەکان، کۆمپانیاکان لەهەموو بارودۆخێکدا بەردەوامبوون‌ و پێویسته چۆنیەتی وەرگرتنی شایستە داراییەکانمان ڕونبێت‌ و ئه‌م هێرشانه‌ش ڕابگیرێن.”
کاگینز ئاماژەی بەوەشکردووە، “پێویسته به‌نوسراو دڵنیاییمان پێبدرێت‌ و هانی هەمولایەنەکان دەدەین کێشەکه چارەسەربکرێت‌ و چاوەڕواندەکەین له‌چەند هەفتەی داهاتوودا هەناردەی نەوتى هه‌رێمى كوردستان دەستپێبکاتەوه.”
وتەبێژی ئه‌پیكور باس لەوەشدەکات، “ئەپیکور بڕگەی 12ی یاسای بودجەی عێراقی قبوڵه‌، هه‌ربۆیه‌ دڵنیایی دەدەن، ئه‌گه‌ر ڕێککەوتن بکرێت، بەچەند ڕۆژێک هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوه.”
وتەبێژی ئەپیکور ئەوەشی وتووە،، “ئاماژەکان ئەرێنین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان‌و لەکۆبونەوەکانمان لەگەڵ حکومەته‌كانى هەرێم‌ و عێراقیش جه‌ختمانكردوه‌ته‌وه‌، ئامادەین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بەڵام بەگوێرەی ئەو مەرجانەی ئێمە هەمانە، بۆ مه‌رجه‌كانیشمان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەگفتوگۆداین.”

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ