به‌رگری ڕووسیا : زیاتر له‌ 70 مانجی سه‌ربازی ئۆكرانیا تێكشكێنرا

24.02.2022
جەماوەر نیوز
ئیگۆر کۆناشنیکۆڤ، وتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی رووسیا لەبارەی ئامانجەکانی هێرشی وڵاتەکەی بۆسەر ئۆکراینا رایگەیاند، زیاتر لە 70 ئامانجی سەربازییان لە ئۆکراینا تێکشکاندووە لەنێویاندا 11 گۆڕەپانی نیشتنەوەی فڕۆکە هەن. 
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، وتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، لە ئەنجامی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی رووسیاوە ئەنجامدراون، 74 بنکەی سەربازیی ئۆکراینا کراونەتە ئامانج و "لەنێوبراون". هاوکات وتیشی، "لەو ژمارەیە 11 بنکەی سەربازیی تایبەت بە فڕۆکەوانیی جەنگی بوون کە کراونەتە ئامانج."
بە وتەی ئەو وتەبێژەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، هێلیکۆپتەرێکی سەربازی و چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینییان تێکشکاندووە. 
لای خۆشیەوە، سوپای ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا 50 "داگیرکاری" رووسیایان کوشتووە و لانیکەم 6 فڕۆکەی جەنگیی رووسیایان خستووەتە خوارەوە. هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئەوە پشتڕاستنەکراوەتەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە، رووسیا داوا لە سووپای ئۆکراینا دەکات چەک دابنێن و بچنە ماڵەوە.