ژماره‌یه‌ك له‌ ئۆكرانییه‌كان ماڵه‌كانیان به‌جێده‌هێڵن

25.02.2022
جەماوەر نیوز
ئه‌مڕۆ هه‌ینی لە وێستگەی شەمەندەفەری کیێڤ دەنگی تەقە بیسترا لە کاتێکدا کە ئەو خەڵکەی هەوڵیان دەدا لە شارەکە هەڵبێن دەچوونە نێو شەمەندەفەرەکانەوە.
 ڕووسیا لە ڕۆژی پێنجشەممەوە هێرشەکانی بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیای دەستپێکردووە بەلاینی کەم 100 هەزار کەس لە ماڵەکانی خۆیان هەڵاتوون.
شابیە مانتۆ، وتەبێژی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند چەند هەزار کەس سنووریان بەزاندووە بۆ ناو وڵاتانی دراوسێ لەوانە مۆڵدۆڤا، ڕۆمانیا و پۆڵەندا.
هەر لە ڕۆژی هەینیدا پایتەختی ئۆکرانیا مووشەکباران کرا لە کاتیکدا هێزەکانی ڕووسیا پێشڕەویان کرد بەرەوە کیێڤ. زەنگی هۆشیارکردنەوە لە هێرشی ئاسمانی لەسەر ئەو شارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 3 ملیۆن کەسن لێدرا و خەڵکێکی زۆر پەنایان بردە وێستگەکانی شەمەندەفەری ژێر زەمینی.
وتەبێژی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەڤینا شامداسانی ڕایگەیاند هەتا ئێستا ڕاپۆرتی 127 قوربانی سیڤیل لە ئۆکرانیا ڕاگەیاندراوە لەوانەدا 25 کەس گیانیان لەدەستداوە و 102 کەسیش بریندار بوون. ئەو گوتی زیانەکان بەهۆی تۆپ و هێرشە ئاسمانییەکان بوون.