به‌ریتانیا پاڵپشتی ئۆكراینا ده‌كات

28.02.2022
جەماوەر نیوز
لیز ترەس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، هێرشی سەربازیی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا لەوانەیە دەستپێکێک بێت بۆ کۆتاییهاتنی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا. 
لیز ترەس لە تەلەڤزیۆنی سکای نیوزی وڵاتەکەی قسەی کرد، گوتی، "ئەوەی دەیبینین بەرگرییەکی بەهێز و ئازایانەی ئۆکراینییەکانە" و بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیی ئۆکراینا. 
ترەس گوتی، پووتین بە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا "هەڵەیەکی ستراتیژیی کردووە" و بەهۆی سزاکانی رۆژئاواوە ئابوورییەکەی دادەڕمێت. 
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، "ترسم هەیە ئەم جەنگە زۆر زۆر خوێناوی بێت و چەند ساڵێک بخایێنێت، ترسم هەیە کە ئەم جەنگە بەزوویی کۆتایی نەیێت."