رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هه‌رێم وەڵامی راپورتی هیومان رایتس واتچ ده‌داته‌وه‌

27.11.2019
جەماوەر نیوز
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە وەڵامی راپورتی هیومان رایتس واتچ ڕایگەیاند: ئەو قوتابیانەی کە نیشتەجێى کەمپی مەخمورن و لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم دەخوێنن رۆژانە بەشێوەیەکی ئاسایی هاتوچۆی خۆیان دەکەن.
راپورتی هیومان رایتس واتچ کە لە ٢٧/١١/٢٠١٩ بە ناونیشانی هەرێمی کوردستانی عێراق: سنووردارکردنی هاتوچۆی ئاوارەکان دەرچووە باس لەوە دەکات کە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم رێگریی دەکەن لە هاتووچۆی پەنابەرانی کەمپی مەخمور  بۆ دەرەوەی شارەکان بەتایبەتی دوای کردەوەی تیرۆر کردنی دبلۆماتێکی تورکی لە شاری هەولێر. لەم بارەوە د.دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە دوای هاتنی بە لێشاوی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی کوردستان دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم چەندین رێوشوێنیان گرتە بەر بۆ حەواندنەوەیان و درووستکردنی کەمپ بۆیان، یەکێک لەو رێوشوێنانە بریتی بووە لە رێکخستنی هاتوچوی کەمپەکان ئەویش بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی کەمپەکان و رێکخستنی، بەڵام سەرەڕای ئەوەش رێگری لە کەس نەکراوە، تەنانەت ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەران لە ناو شارەکان دەژین.
زێباری تیشکی خستە سەر ئەو راپورتی هیومان رایتس و لەم بارەوە وتی: لە دوای تیرۆر کردنی دبلۆماتێکی کونسوڵخانەی تورکی لە هەولێر، دەزگا پەیوەندیدارەکان پێداچوونەوەیەک بە رێوشوێنە ئەمنییەکان کرد، بەشێک لە دانیشتووانی ئەم کەمپە کێشەیان هەیە بۆ تازەکردنەوەى ناسنامەى رێپێدان کە ژمارەیان دەگاتە (٧٦٠) کەس کە رەزامەندی نوێکردنەوەیان لەلایەن حکومەتی ئیتیحادییەوە دەدرێت نەک حکومەتی هەرێم و لەبەر نوێ نەکردنەوەی ناسنامەی رێپێدان بەشێکیان کێشەیان بۆ دروست بووە لە هاتوچۆ کردن بۆ پارێزگاکان، هەروەها چەند گروپێکی سەربازی نافەرمی لە دەوروبەر و ناو کەمپەکە بوونیان هەیە کە دەست دەخەنە ناو بەڕیوەبردنى کەمپەکە و سەرپەرشتی کەمپەکە دەکەن، حکومەتى هەرێم بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لە بەڕێوەبردنى کەمپەکە و هیچ هێزێکى ئەمنیش لەلایەن حکومەتى هەرێم بوونى نییە لەو ناوچەیە. 
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاتوچۆی پەنابەرانی کەمپەکە و کارئاسانی کردن بۆیان لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵدان بۆ  دۆزینەوەی رێگاچارەیەک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتى ئیتیحادی، چونکە لەساڵی ٢٠١٤ ەوە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ئیتیحادی لە بەغدا نوێکردنەوەی ناسنامەی نشینگەى بۆ پەنابەرانى نیشتەجێی ئەم کەمپە راگرتووە، بەڵام پێشتر دانیشتووانی کەمپەکە ئازاد بوون لە هاتوچۆکردن بۆ هەموو شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی راپەراندنی کاروباری رۆژانەیان.
زێباری ئەوەشی روونکردەوە کە سەرەڕای پێداچوونەوە بە رێوشوێنە ئەمنییەکان، رێگری لە هاتوچۆی پەنابەرانی کەمپی مەخمور نەکراوە و لەم رووەوە  زیاتر وتی: سەرەڕای ئەو رێوشوێنانەی کە لە ئێستادا پیادە دەکرێن لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە، بەڵام ئەو قوتابیانەی کە لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم دەخوێنن رۆژانە بەشێوەیەکی ئاسایی هاتوچۆی خۆیان دەکەن، هەروەها کەسانی نەخۆش کە لە بنکەی تەندروستی کەمپەکە چارەسەر ناکرێن و پێویستیان بە سەردانی نەخۆشخانەی شارەکان هەیە بە مەبەستی چارەسەری، بە هیچ شێوەیەک رێگرییان لێنەکراوە، بەڵکو هاوکارییان دەکەن بۆ ئەوەی سەردانی نەخۆشخانە بکەن، تەنیا خاڵەکانى پشکنینى هەرێم داواى دڵنیابوونەوە دەکەن لە ناسنامە و بەڵگە فەرمییەکان. شایەنی باسە پەنابەرانی کەمپی مەخمور ژمارەیان دەگاتە نزیکەی ٢١٠٠٠ کەس، بەر لە ساڵی ٢٠١٤ کەمپەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، رێکخراوی قەندیل و فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆوە بەڕێوە دەبرا بەڵام لە ئێستادا لە لایەن هێزە ئەمنییە نا فەرمییەکان سەرپەرشتى دەکرێت و سروشتى سیڤیلى خۆى لەدەست داوە.

زۆرترین خوێندراو