حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی لیژنەی نێودەوڵەتی پاراستنی رۆژنامەنووسان ده‌داته‌وه‌

29.03.2020
جەماوەر نیوز
دیندار زێباری ڕایگه‌یاند حکومەتی هەرێم پاراستنی مافەكانی مرۆڤ وئازادییەكان بە ئەولەیەتی كارەكانی دەزانێت بەتایبەتی لە بواری رۆژنامەنووسیدا.
رۆژی 26ی ئازار لیژنەی نێودەوڵەتی پاراستنی رۆژنامەنووسان CPJ راپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە سەبارەت بە دەست درێژی كردنە سەر رۆژنامەنووسێك بە ناوی (عەدنان رەشیدی) لە لایەن چەند كەسێكەوە كە خۆیان بە ئاسایش ناساندووە و دوای ئەشكەنجەدان و سوكایەتی پێكردن و هەرەشە كردن لەخۆی و خانەوادەكەی كەلوپەلی رۆژنامەنووسییان لێی سەندووە، لیژنەی ناوبراو داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات كە تاوانباران ئاشكرا بكات و بیانداتە دادگا.
د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: بەپێی میكانیزمێك لە نێوان نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان و لیژنەی نێودەوڵەتی پاراستنی رۆژنامەنووسان CPJ و زۆربەی ئاژانسەكانی تایبەت بە پرسەكانی مافی مرۆڤ، بەر لەوەی راپۆرتی خۆیان بڵاوبكەنەوە سەبارەت بە هەر پرسێك لە كوردستان نووسینگەكەمان ئاگادار دەكەنەوە لەو تێبینی وسەرنجانەی كە دەربارەی هەرێمیان هەیە و داوای روونكردنەوە و وەڵام دەكەن، لە هەمان كاتدا لە راپۆرتەكانیاندا ئاماژەی پێدەكەن، بەڵام لەم راپۆرتەیاندا سەبارەت بە كەیسی رۆژنامەنووس عەدنان رەشیدی پێشتر ئێمەیان ئاگادار نەكردۆتەوە بۆ ئەوەی لە وردەكارییەكانی كەیسەكە ئاگاداریان بكەینەوە و تێبینی و سەرنجەكانیان وەڵام بدەینەوە.
سەبارەت بە كەیسی رۆژنامەنووس عەدنان رەشیدی كە لە راپۆرتی لیژنەی نێودەوڵەتی پاراستنی رۆژنامەنووسان CPJ ئاماژەی پێكراوە دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان وتی: رۆژنامەنووس عەدنان رەشیدی لە شارۆچكەی پێنجوین لە رۆژی 17-3-2020 سكاڵای لەسەر دوو كەسی نادیار تۆمار كرد و بە دەستدرێژی كردنە سەر و بردنی كەلوپەلی رۆژنامەنووسی و لێدان و ئەشكەنجەدان تۆمەتباری كردن، لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم دەستیان كرد بە لێكۆڵینەوە لەو بابەتە ودوای بەدواداچوون توانر چەند كەسێك دەستگیر بكرێن كە گومان دەكرێت دەستیان هەبێت لە رووداوەكە و رۆژی 27-3-2020 لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو ناوچەیە بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی پێنجوێن توانیان تۆمەتباری سەرەکی (ک. م. س) تەمەن 30 ساڵان دەستگیر بکەن ولەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیدا ناو ناوی تۆمەتباری دووەمی رووداوەکەی ئاشكرا كرد (ج. ح. غ)ـە و تەمەنی 37 ساڵانە. ئەویش بەپێی یاسا دەستگیركراو كەلوپەلەکانی رۆژنامەڤانەکەی لێ وەرگیرایەوە, و ئێستا هه‌ردوو تۆمه‌تبار به‌پێی‌ مادده‌كانی‌ (421) (405-31) له‌یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ راگیراون.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی ئازادی كاری رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان وتی: بەپێی یاسای ڕۆژنامه‌نووسی ژماره‌ (35)ی ساڵی (2007)، لەم یاسایەدا گشت ئەرك و مافەكانی رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن دیاریكراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆر بە ئازادییەكان و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ دەدات لە هەر ئاستێكدا بێت بەتایبەتی لە بواری رۆژنامەنووسیدا، بەڵام لە هەمان كاتدا ناكرێ پیشەی رۆژنامەنووسی ببێتە هۆكارێك بۆ بەزاندنی ئازادی كەسانی تر وهۆكارێك بۆ نانەوەی پشێوی و ئاژاوە و تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی.

زۆرترین خوێندراو