هه‌ر ئه‌فسه‌رێك كێشی كه‌منه‌كاته‌وه‌ خانه‌نشین ده‌كرێت

11.11.2022
جەماوەر نیوز
مەرجی دابەزاندنی کێشی لەش لەلایەن ئەفسەرانەوە لە ھەرێمی کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت و لە رۆژی دووشەممەوە پرۆسەکە دەستپێدەکات.
مەلا کەریم شکور، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند، بڕیارە رۆژی دووشەممە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ پرۆسەی پشکنینی کێش بۆ ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق دەستپێبکات و تاوەکو دوو ھەفتە بەردەوام دەبێت، ئەو ئەفسەرانەی کە کێشیان زۆرە دەخرێنە خولی تایبەت بە دابەزاندنی کێش و ئەگەر نەیانتوانی کێشیان دابەزێنن، خانەنشین دەکرێن.
وتیشی، ئەو بڕیارە ئەفسەرانی ھەردوو کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان لە سلێمانی و زاخۆ لە دھۆک دەگرێتەوە کە مەشق بە خوێندکاران دەکەن، ھەروەھا ئەفسەرانی فەرماندەیی ئەو دوو کۆلێژە کە سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراقن.
مەلا کەریم شکور راشیگەیاند، بۆ ئەوەی خولەکانی ئەو دوو کۆلێژە رانەگیرێن، ژمارەیەک ئەفسەری تر بە مەبەستی مەشقکردن بە خوێندکارانی خولە سەربازییەکان لە لایەن وەزارەتی بەرگرییەوە دەنێردرێن بۆ کۆلێژەکان، پشکنینەکەش خوێندکارەکان ناگرێتەوە، چونکە پێش وەرگرتنیان پشکنینی کێشیان بۆ کراوە.

زۆرترین خوێندراو