مەرجی بەڵگەنامەی ڤاکسین بۆ گەشتکردن هەڵگیرا

01.12.2022
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند هێشتا هیچ نووسراوێکیان لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانییەوە پێنەگەیشتووە بۆ هەڵگرتنی مەرجی بەڵگەنامەی وەرگرتنی ڤاکسین. گوتیشی، رەنگە رۆژی پێنجشەممە بگات. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیش دەڵێت، لە رێنماییە نوێیەکاندا مەرجی بەڵگەنامەی ڤاکسین هەڵگیراوە.
رۆژی چوارشەممە، 30-11-2022، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی راگەیێندراوێکی لەبارەی هەڵگرتنی مەرجی بوونی بەڵگەنامەی وەرگرتنی ڤاکسین بۆ گەشتکردنی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "لە رێنماییەکی نوێدا دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراقی سەرجەم گەشتیارانی عێراقی و بیانی و هێڵە ئاسمانییەکان ئاگادار دەکاتەوە لە رێککەوتی 1-12-2022ـەوە لەکاتی گەشتکردنی (هاتن و رۆشتن) لە فڕۆکەخانەکانی عێراق پێویستیان بە هیچ بەڵگەنامەیەکی ڤاکسین یاخود پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا نابێت."

زۆرترین خوێندراو