زیادبوونی تووشبووانی کۆرۆنا لە چین نرخی نەوتی داده‌به‌زێنێت

29.12.2022
جەماوەر نیوز
 ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی كانونی یه‌كه‌می 2022 نرخی نەوت دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەهۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین دابەزی. 
هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 42 سەنت دابەزی و بە 82 دۆلار و 84 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 50 سەنت دابەزی و بە 78 دۆلار و 46 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەرچەندە گەشبینی بە بەرزبوونەوەی خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی نەوتی بەرزکردەوە دوای ئەوەی ئەو وڵاتە رێوشوێنەکانی هاتووچۆی ئاسان کرد، بەڵام بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆکار بۆ سەرهەڵدانی نیگەرانی لە رەوشی ئەو وڵاتە، بەتایبەتی دوای ئەوەی چەندین وڵاتی جیهان هاتووچۆیان لەگەڵ چین سنووردارکردووە و ئەوەش کاریگەری پێچەوانەی لەسەر نرخی نەوت داناوە.
چین رایگەیاندووە لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا 250 ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایانگەیاندووە، پێش ئەوەی کۆتایی بە سیاسەتی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بهێنن، یەک جاری دیکە سوودی بانکی بەرزدەکەنەوە.

زۆرترین خوێندراو