پێداچوونەوە بە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەكرێت

04.02.2023
جەماوەر نیوز
لەسەر داوای سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، لیژنەیەك پێكهێنرا بۆ دەستنیشانكردنی گرفتەكانی جێبەجێكردنی ڕێنوێنیی دارایی ژمارە 12ـی تایبەت بە پێداچوونەوەی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی كردووە لەسەر داوای سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، لیژنەیەك پێكهێنرا بۆ دەستنیشانكردنی گرفتەكانی جێبەجێكردنی ڕێنوێنیی دارایی ژمارە 12ـی تایبەت بە پێداچوونەوەی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و هەژماركردنی خزمەتیان، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی.
تا ئێستا لە كۆی 60 هەزار و 16 دۆسیە، 41 هەزار و 982 دۆسیە بۆ پێداچوونەوە ئامادە كراون. 
باس لەوەش كراوە، لیژنەكە لە یەكەم هەنگاویدا تیمەكانی دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی دەستپاكی، لیژنەیەكی تایبەت لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، بۆ پرسی میلاكات ڕاسپارد بە مەبەستی پێداچوونەوە و وردبینی بە دۆسیەی فەرمانبەران.
ئاشكرا كراوە، لە كۆی 32 دامەزراوەی هەرسێ دەسەڵاتی (دادوەری و یاسادانان و جێبەجێكردن)، پێداچوونەوە بە 365 هەزار و 452 دۆسیە كرا كە حەوت هەزار و 196 دۆسیە، پلەی زیادەیان بۆ بەسترابوو و 15 هەزار و 614 دۆسیەشیان زیادە مووچەیان هەبوو، كە كۆی جیاوازیی مووچەكەیان دەكاتە ملیارێك و 360 ملیۆن و 808 هەزار دینار.
هەر لەم چوارچێوەیەدا و بۆ یەكخستنەوەی دۆسیەی كەسیی ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگە، تا ئێستا لە كۆی 60 هەزار و 16 دۆسیە، 41 هەزار و 982 دۆسیە بۆ پێداچوونەوە ئامادە كراون، بڕیار وایە بە زوویی دۆسیە نایاساییەكانیان لە ڕووی پلەبەرزكردنەوە و زیادە مووچە، دەستنیشان بكرێن.

زۆرترین خوێندراو