سوودانی هه‌وڵی ناردنی بودجه‌ی هه‌رێم ده‌دات

06.02.2023
جەماوەر نیوز
سەرۆکوەیرانى عێراق چەند پێشنیازێک دەخاتە بەردەم هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ رێککەوتن بۆ ناردنى بودجەی هەرێمى کوردستان.
به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى تاوتوێى چەند پێشنیازێکى کردووە بۆ رێککەوتن لەبارەى ناردنى بودجەى هەرێمى کوردستان، بەبێ ئەوەى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى دژى ناردنى 200 ملیار دینارەکە بیگرێتەوە.
ئەو پێشنیازانە لەمیانى کۆبوونەوەى شەوى رابردوو 5ـی شوباتى 2023ـی چوارچێوەى هاوئاهەنگى باسکراون.
ئه‌مرۆ 6ـی شوباتى 2023، د. عەلى دیفاعی، گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى عێراق راگەیاند: "سەرۆکوەزیران چەند بیرۆکە و پێشنیازێکى خستە بەردەم سەرکردەکانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەبارەى چارەسەرى گرفتى ناردنى پارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و بڕیارە لەسەر یەکێکیان رێکبکەوین، بەبێ ئەوەى دژ بێت لەگەڵ بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق".
گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى عێراق، کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگیی شیعە، ئاشکرایکرد لەدواى بڕیاردان لەسەر یەکێک لەو پێشنیازانەى محەممەد شیاع سوودانى خستوویەتیە بەردەم چوارچێوەى هاوئاهەنگى، لەگەڵ هەرێمى کوردستان گفتوگۆ دەکرێت بۆ رێککەوتن لەبارەیەوە.
د. عەلى دیفاعى گوتیشى: "پێشبینی دەکرێت لە مانگى شوباتدا پڕۆژەیاساى بودجەى 2023 لە پەرلەمان پەسند بکرێت و بەر لە ناردنى ئەو پڕۆژەیاسایە بۆ پەرلەمان، پرسى ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە رێککەوتن یەکلادەکرێتەوە. یەکێک لە پێشنیازەکان بۆ ئەو رێککەوتنە ئەوەیە: پارەکە بە قەرز رەوانەى هەرێمى کوردستان بکرێت".
 

زۆرترین خوێندراو