شاندێكی عێراق ده‌گاته‌ ئه‌مریكا

09.02.2023
جەماوەر نیوز
شاندێکی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن لە ئەمەریکایە و لەگەڵ وەزیری گەنجینە و بانکی فیدراڵی ئەمەریکا گفتوگۆ لەبارەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی دەکەن.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق راگەیاند: "دیدارمان لەگەڵ زۆر لە بەرپرسانی ئەمەریکا دەبێت، لەنێویاندا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، جێگری وەزیری بەرگری، هەروەها لە کۆشکی سپی کۆبوونەوەمان دەبێت".
گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئابووری، دارایی، بانکی، بابەتی بەهای دۆلار و دینار، هەروەها بەرهەمهێنانی غاز، نەوت و کارەبا و چەند پرسێکی دیکە".
وەزیری دەرەوەی عێراق، راشیگەیاند: "یەکێک لەو بەرپرسانەی ئەمەریکا کە لەگەڵی کۆدەبینەوە جانێت یەڵێن، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکایە، هاوکات لەگەڵ بانکی فیدراڵی ئەمەریکا کۆدەبینەوە، گفتوگۆ لەبارەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی دەکەین، هیوادارین لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی بگەینە رێککەوتن، لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن بە دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق".
ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبوونەوەکانیاندا تیشک دەخەنە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها باس لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 دەکەن.

زۆرترین خوێندراو