حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاری لێخۆشبوون ده‌رده‌كات

13.03.2023
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر هاوبەشانی ئاگاداردەکاتەوە، کە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی بەستنی پێوەری ئاوی نوێکردەوە.
 ئەمڕۆ دووشەممە 13ی ئاداری 2023 بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: دوای ئەوەی لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رەزامەندی نیشاندا لەسەر نوێكردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی بەستنی پێوەری ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی تاكو ئێستا پێوەریان نەبەستووە.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، لەمەودوا بنكەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان لە پێشوازیی هاوبەشانی ئاودا دەبن بۆ جێبەجێكردنی مامەڵەی بەستنی پێوەری ئاو بەمشێوەی خوارەوە:
1- بەستنی پێوەری ئاو لە سەنتەری شارە گەورەكان لە 80 هەزارەوە كراوەتە 20 هەزار دینار.
2- بەستنی پێوەر لە قەزا و ناحییە و كۆمەڵگەكانی دەرەوەی شارەكان، لە 80 هەزارەوە كراوەتە تەنیا 10 هەزار دینار.
3- فەرمانگەكانی تایبەتمەند بە بەستنی پێوەری ئاو، بە هەموو شێوەیەك ئاسانكاری بۆ هاوبەشانی ئاو دەكەن، بۆ ئەوەی ئەو ماوەیەی نوێكراوەتەوە لێی سوودمەند بن.
4- پێویستە ئەو هاوبەشانەی پێوەریان نەبەستووە تاكو 21/4/2023 مامەڵەی بەستنی پێوەر بكەن، ئەگینا دوای ئەو ماوەیەی دیاریكراوە، ناتوانن لە داشكاندنەكەی حكوومەت سوودمەند بن.
5- بڕیارەكە چەند جارێكی دیکە لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییان نوێكراوەتەوە و لە دوای 21/4/2023 چیتر نوێ ناكرێتەوە.

زۆرترین خوێندراو