ئه‌ردۆغان: "براوه‌ ته‌نها ئێمه‌ نیین به‌ڵکو براوه‌ تورکیا و گه‌له‌که‌مانه‌"

29.05.2023
جەماوەر نیوز
سه‌رکۆمارى تورکیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند: "هاوشێوه‌ى هه‌موو ئیراده‌یه‌کى گه‌له‌که‌مان، ئه‌م ئه‌نجامه‌ش له‌سه‌ر سه‌رمانه‌. براوه‌ ته‌نها ئێمه‌ نیین. براوه‌ تورکیایه‌، براوه‌ گه‌له‌که‌مانه‌ به‌ هه‌موو چینه‌کانییه‌وه‌، براوه‌ دیموکراتییه‌که‌مانه‌".

دواى ئه‌وه‌ى راگه‌یه‌ندرا که‌ به‌پێى ئه‌نجامه‌ کاتییه‌کانى دامه‌زراوه‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردن، وه‌ک سه‌رکۆمار هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه‌، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان گوتارێکى پێشکه‌شى ئه‌و هاووڵاتییانه‌ کرد که‌ له‌ کۆشکى سه‌رۆکایه‌تى کۆمار گردببوونه‌وه‌.

ئه‌ردۆغان ئاشکرایکرد ٣٢٠ هه‌زار که‌س ئاماده‌ى گوتاره‌که‌ین و گوتی:"ئێوه‌ هاوپه‌یمانیى جمهوورتان شه‌رمه‌زار نه‌کرد. نه‌تانهێشت هاوپه‌یمانیى جمهوور له‌م رێگه‌یه‌دا به‌ته‌نها بێت".

جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌، هیچ گرفتێک که‌ شایه‌نى باسکردن بێت له‌ گه‌ڕى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکایه‌تى کۆماردا رووینه‌داوه‌ و بێ کێشه‌ کۆتاییهاتووه‌.

ئه‌ردۆغان ئاشکرایکرد، به‌پێى ئه‌نجامه‌ نافه‌رمییه‌کان، گه‌ل ئه‌رکى سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى بۆ ماوه‌ى پێنج ساڵى دیکه‌ به‌وان داوه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاند:

"سوپاسى تاک به‌ تاکى گه‌له‌که‌م ده‌که‌م که‌ دووباره‌ ئێمه‌یان به‌ شایه‌نى به‌رپرسیارێتیى به‌ڕێوه‌بردنى وڵات زانی. سوپاسى هه‌ر هاووڵاتییه‌کمان ده‌که‌م که‌ چ له‌ ١٤ى ئایاردا، یان له‌ ٢٨ى ئایاردا، ده‌نگیان به‌ هه‌ر پارتێک یان کاندیدێک دابێت، له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى وڵات، چووه‌ته‌ سه‌ر سندوقى ده‌نگدان، خاوه‌نداریى له‌ ئیراده‌ى کردووه‌ و هێزى دیموکراسیمانى سه‌لماندووه‌. له‌ یه‌کێک له‌ گرنگترین هه‌ڵبژاردنه‌کانى ژیانى سیاسیى فره‌حزبیماندا، گه‌له‌که‌مان بڕیارى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى سه‌ده‌ى تورکیا داوه‌".

سه‌رکۆمارى تورکیا راشیگه‌یاند: "هاوشێوه‌ى هه‌موو ئیراده‌یه‌کى گه‌له‌که‌مان، ئه‌م ئه‌نجامه‌ش له‌سه‌ر سه‌رمانه‌. براوه‌ ته‌نها ئێمه‌ نیین. براوه‌ تورکیایه‌، براوه‌ گه‌له‌که‌مانه‌ به‌ هه‌موو چینه‌کانییه‌وه‌، براوه‌ دیموکراتییه‌که‌مانه‌. ئه‌گه‌ر بیرتان بێت، له‌ هه‌موو ده‌رفه‌تێکدا، که‌ بردوومانه‌ته‌وه‌، گوتبوومان که‌ هیچ که‌س له‌ وڵاته‌که‌ماندا نادۆڕێت. دیسان به‌ هه‌مان شێوه‌، گوتبوومان کاتێک ئێمه‌ ده‌یبه‌ینه‌وه‌، تاکه‌ دۆڕاو، خاوه‌نى سیناریۆ چه‌په‌ڵه‌کان و ته‌واوکاره‌کانیان له‌ رێکخراوه‌ تیرۆریستییه‌کان و سووخۆره‌کانن. ئێستا لێره‌وه‌ هه‌مان به‌ڵێن جارێکى دیکه‌ ده‌ڵێینه‌وه‌. ئه‌مڕۆ هیچ که‌س نه‌دۆڕاوه‌، هه‌ر ٨٥ ملیۆنه‌که‌ بردوویه‌تییه‌وه‌. وه‌ک به‌شێک له‌و به‌رپرسیارێتییه‌ى گه‌له‌که‌مان به‌ ئێمه‌ى داوه‌، دڵشکاو، زیز، توڕه‌ نیین له‌ هیچ که‌سێک. ئیتر کاتى ئه‌وه‌یه‌ سه‌رجه‌م مشتومێ‌ و ململانێکانى قۆناغى هه‌ڵبژاردن وه‌لا بنێین و کاتى یه‌کبوون و یه‌کگرتنمانه‌ له‌ ده‌ورى ئامانجى نیشتمانیى و خه‌ونى نیشتمانییمان".




ئانادۆڵ‌


زۆرترین خوێندراو