کێشه‌ى که‌مئاوى و دانانى پلانى هاوسه‌نگ له‌ عێراق تاووتوێى ده‌کرێ

31.05.2023
جەماوەر نیوز
رۆژى سێشه‌ممه‌، ٣٠ى ئایارى ٢٠٢٣، بێگه‌رد تاڵه‌بانى سه‌رپه‌رشتیى کۆبوونه‌وه‌یه‌کى هاوبه‌شى گرنگى کرد، به‌ مه‌به‌ستى تاووتوێکردنى بارودۆخى کێشه‌ى که‌مئاوى له‌ عێراق و پلاندانان بۆ هاوسه‌نگیى ئیداره‌دانى ئاو.

کۆبوونه‌وه‌که‌ به‌ ئاماده‌بوونى وه‌فدى باڵاى ته‌کنیکیى حکومه‌تى فیدراڵیى وه‌زاره‌تى سه‌رچاوه‌کانى ئاو حکومه‌تى عێراق که‌ پێک هاتبوون له‌ به‌رێوه‌به‌رى گشتى به‌نداوه‌کانى عێراق و به‌رێوه‌به‌رى گشتیى دیراساتى ناوچه‌ى باکوور و به‌رێوه‌به‌رى گشتیى سه‌نته‌رى نیشتیمانیى ئیداره‌ى ئاو، هه‌روه‌ها شاندى وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانى ئاوى هه‌رێمى کوردستان پێک هاتبوون له‌ عه‌بدولره‌حمان خانی، به‌رێوه‌به‌رى گشتیى به‌نداوه‌کان و د.کاروان سه‌باح، به‌رێوه‌به‌رى گشتیى سه‌رچاوه‌کانى ئاو و به‌ڕێوه‌به‌رى به‌نداوه‌کانى دوکان و ده‌ربه‌ندیخان و به‌رێوه‌به‌رانى سه‌رچاوه‌کانى ئاوى دیاله‌ و که‌رکوک له‌ حکومه‌تى فیدراڵی.

له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا سه‌رجه‌م کێشه‌ و گرفته‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و عێراق خرانه‌ ڕوو، به‌ تایبه‌تى له‌باره‌ى کێشه‌کانى جووتیاران و هه‌ناردنى به‌روبوومه‌کانى سه‌وزه‌ و میوه‌ و به‌رهه‌مى کێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌کانى هه‌رێم بۆ ده‌روازه‌کانى ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق و کێشه‌ى به‌بازاڕکردن و وه‌رگرتنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى گه‌نمى ئه‌مساڵى جووتیاران.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا بێگه‌رد تاڵه‌بانى په‌یوه‌ندى کرد به‌ ئه‌ندازیار عه‌ون زیاب، وه‌زیرى سه‌رچاوه‌کانى ئاوى عێراق بۆ پێدانى ڕوونکردنه‌وه‌ى زیاتر له‌باره‌ى کێشه‌کانى جووتیاران و کاراکردنى یاداشته‌کانى لێکتێگه‌یشتنى نێوان هه‌ردوولا بۆ ئیداره‌دانى دۆخى ئاو و کشتوکاڵ و پاڵپشتییه‌کانى جووتیاران و به‌رهه‌مهێنانى کاره‌با، هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕێککه‌وتنى هاوبه‌ش کرا بۆ سیانه‌ و به‌ردانه‌وه‌ى ئاوى به‌نداوه‌کانى هه‌رێمى کوردستان به‌ ڕه‌چاوکردنى دابینکردنى پشکى هه‌رێم بۆ ئاوى خواردنه‌وه‌ و کشتوکاڵ و به‌رهه‌مهێنانى کاره‌با و ئاودێری.


زۆرترین خوێندراو