جه‌بار یاوه‌ر: حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌و توانا سه‌ربازییه‌ى نییه‌ که‌رێگری بکات له‌ بۆردومانى تورکیا بۆناوچه‌ سنوورییه‌کان

07.07.2019
جەماوەر نیوز
جه‌بار یاوه‌ر ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌  له‌لێدوانێکیدا بۆ ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا سه‌باره‌ت به‌ تۆپبارانه‌کانى تورکیا بۆ سه‌ر خاکى هه‌رێمى کوردستان، ووتى :له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ى شه‌مه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان بۆ تاوتوێکردنى چه‌ند پێشنیارێکى یاسایی، ئیدانه‌ى بۆردومانى ناوچه‌ سنوورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌ لایه‌ن حکومه‌تى تورکیاوه‌ کرا و په‌رله‌مان داواى ئه‌وه‌ى له‌ حکومه‌تى عێراق هه‌بوو که‌ سنووره‌کانى هه‌رێمى کوردستان بپارێزێ و زیانلێکه‌وتوانیش قه‌ره‌بوو بکرێنه‌وه‌.

له‌ وه‌ڵامى پرسیارى ئه‌وه‌ى که‌ ئایا له‌به‌رچى به‌رپرسانى کورد له‌ کاتى تۆپبارانه‌کانى تورکیا بۆ سه‌ر خاکى هه‌رێمى کوردستان، زۆرتر داوا له‌ حکومه‌تى عێراق ده‌که‌ن سه‌روه‌رى خاکى عێراق بپارێزێ و که‌متر به‌ ناوى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ قسه‌ ده‌که‌ن؟ جه‌بار یاوه‌ر ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ووتی:

"له‌باره‌ى ئه‌و تۆپبارانانه‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ رووى یاسایى و ده‌ستوورییه‌وه‌ ناتوانێت نه‌ هیچ رێککه‌وتنێک له‌گه‌ڵ وڵاتێکى دراوسێى سه‌ر سنوور بکات نه‌ تواناى شکایه‌تکردنى هه‌یه‌ له‌ دام و ده‌زگا نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، نه‌ ئه‌و توانا سه‌ربازییه‌ى هه‌یه‌ که‌ نه‌هێڵێ سنوورى هه‌رێمى کوردستان بۆردومان بکرێت، ته‌نانه‌ت زانیارى ئه‌وه‌شى لا نیه‌ که‌ بزانێت که‌ى فڕۆکه‌ دێت و کوێ بۆردوومان ده‌کات و هى چ وڵاتێکیشه‌؛ بۆیه‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆکارانه‌ به‌یاننامه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌م شێوه‌یه‌ن."

ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ وتیشی: ئێمه‌ وه‌ک وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ هیچ به‌یاننامه‌یه‌کى فه‌رمیمان نه‌بووه‌، به‌یاننامه‌کان له‌ سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رده‌چن، وه‌ هه‌ردوو سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ به‌یاننامه‌یان دژ به‌ تۆپبارانکردنى سنووره‌کانى هه‌رێمى کوردستان ده‌رکردووه‌ و داوا کراوه‌ تۆپباران و بۆردومانه‌کان نه‌بن به‌ هۆکارى شه‌هیدکردنى خه‌ڵکى سڤیل، به‌ڵام ئه‌وه‌ى که‌ ده‌بینرێ بیانووى تورکیا بۆ تۆپباران و بۆردومانه‌کانى سنوور و ئه‌نجامدانى کرده‌ى سه‌ربازی، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ململانێ توندوتیژه‌ سه‌ربازییه‌ى له‌ نێوان په‌که‌که‌ و تورکیادا هه‌یه‌، که‌ ئه‌مه‌یش مێژوویه‌کى کۆنى هه‌یه‌ و له‌ ناوه‌ڕاستى هه‌شتاکانه‌وه‌ تاوه‌کو ئێستا به‌رده‌وامه‌ و بێ چاره‌سه‌ر ماوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ش زۆرتر له‌ به‌یاننامه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستاندا باس له‌و بیانووه‌ى تورکیا ده‌کرێت که‌ په‌که‌که‌یه‌.

زۆرترین خوێندراو