سلێمانى، بیناى به‌ره‌نگارى توندوتیژى دژى ژنان کرایه‌وه‌

4/17/2014 6:36:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز 

له‌ مه‌راسیمێکدا بیناى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى به‌رنگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ژنان له‌ سلێمانى کرایه‌وه‌و هاوکات یه‌که‌مین کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى باڵاى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ژنان له‌ سلێمانى  به‌ سه‌رپه‌ره‌شتى پارێزگارى سلێمانى به‌رێوه‌چوو.

ئه‌مرۆ 17ى نیسانى 2014، له‌ مه‌راسیمێکدا به‌ ئاماده‌بوونى به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح پارێزگارى سلێمانى و کوردۆ عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ ئافره‌تانى هه‌رێمى کوردستان و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌کانى سلێمانى و نوێنه‌رى رێکخراوه‌کانى ژنان، بیناى نوێى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ژنان له‌ گه‌ڕه‌کى قڕگه‌ى شارى سلێمانى کرایه‌وه‌.

له‌ مه‌راسیمه‌که‌دا راپۆرتێک له‌ باره‌ى کارو چالاکییه‌کانى ئه‌و به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌ خرایه‌ روو
له‌ وته‌یه‌کیشدا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ ئافره‌تان، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد که‌ رێژه‌ى توندوتیژى دژى ئافره‌تان دابه‌زینى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و رایگه‌یاند: ساڵى 2012   نزیکه‌ى 1554 که‌یس هه‌بووه‌ له‌ساڵى 2013 ئه‌و ژماره‌یه‌ دابه‌زیووه‌ بۆ 1217 که‌یس.

کوردۆ عومه‌ر وتیشى: پارێزگاى سلێمانى به‌ تایبه‌ت ناو شارى سلێمانى رێژه‌ى توندوتیژى به‌رێژه‌یه‌کى به‌رچاو که‌مى کردووه‌.

هه‌روه‌ک سوپاسى پارێزگارى سلێمانى کرد که‌ هاوکارو پاڵپشتى فه‌رمانگه‌کانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ژنان بووه‌.

له‌ دواى مه‌راسیمى کردنه‌وه‌ى بیناى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ژنان له‌ سلێمانى، یه‌که‌مین کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى باڵاى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ژنان، به‌سه‌رپه‌ره‌شتى پارێزگارى سلێمانى و ئاماده‌بوونى، کوردۆ عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ ئافره‌تان و به‌رێوه‌به‌رى گشتى  به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى سلێمانى به‌رێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌کانى و ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌و چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تى و رۆشنبیرى سلێمانى و نوێنه‌رى ئه‌نجومه‌نى خانمان و رێکخراوه‌کانى ژنان  به‌رێوه‌چوو.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا ئاستى کاره‌کانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ژنان، هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ کراو  کێشه‌و گرفته‌کانى ئه‌و بواره‌ خرانه‌ به‌ر باس.
له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌کرا که‌ ئاستى توندوتیژییه‌کان له‌ شارى سلێمانى به‌رێژه‌یه‌کى به‌رچاو که‌متره‌ له‌ چاو شوێنه‌کانى تر و ته‌ئکید کرایه‌وه‌ له‌سه‌ر کارى زیاتر بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و رێژه‌ى هه‌یه‌ زیاتر دابه‌زێت.

له‌و رووه‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌کرا له‌ توندوتیژى سکیسى له‌ پارێزگاى سلێمانى له‌ ساڵى رابردوودا ته‌نیا 10 حاڵه‌ت بووه‌ له‌ کاتێکدا ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌ پارێزگاکانى تر زۆر به‌رزه‌ و سه‌نته‌رى سلێمانیش له‌چاو ناوچه‌کانى ترى پارێزگاکه‌ که‌مترین توندوتیژى تێدا تۆمار کراوه‌.

هه‌ر له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا ئاماژه‌ بۆ گرفتى نه‌بوونى نوێنه‌رى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى کرا له‌ ئه‌نجومه‌نى باڵاى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى و ته‌ئکید کرایه‌وه‌ له‌سه‌ر گرنگى بوونى نوێنه‌رى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ به‌و پێیه‌ى زۆربه‌ى کێشه‌ى فه‌رمانگه‌کانى په‌یوه‌ندیدار به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى  په‌یوه‌ندیان به‌ دادگاکانه‌وه‌ هه‌یه‌.

هه‌ر له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا بریاردا له‌رووى دابینکردنى پێداویستیه‌ ته‌ندروستییه‌کانه‌وه‌ هاوکارى زیاترى شه‌ڵته‌ره‌کانى داڵده‌دانى ژنان بکرێت و  هاوکارى زیاتریش له‌رووى په‌روه‌رده‌ى و رۆشنبیرییه‌وه‌ پێشکه‌شى شه‌ڵته‌ره‌کان بکرێت.


زۆرترین خوێندراو