نێچیرڤان بارزانى: شه‌ڕى داعش پێویستى به‌ هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تییه‌

8/21/2014 1:45:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

رۆژى  چوارشه‌ممه‌ 20ى ئابى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ جه‌نابى پاتریارکى کاردینال "مار بشاره‌ بوترس ئه‌لڕاعى" پاتریارکى ئه‌نتاکیا و ته‌واوى ڕۆژهه‌ڵات و سه‌رۆکى کۆمه‌ڵگه‌ى پاتریارکه‌کانى ڕۆژهه‌ڵات و سه‌رۆکى که‌نیسه‌ى مارۆنى و شاندێکى باڵاى پیاوانى ئایینى مه‌سیحى کرد له‌ که‌ ژماره‌یه‌ک پاتریارک و مه‌ترانى کاتۆلیک و کلدان و ژماره‌یه‌ک به‌رپرسى داموده‌زگاى ئایینیى مه‌سیحى له‌ جیهان و ناوچه‌که‌ و عیراق و هه‌رێمى کوردستان پێکهاتبوو.

له‌ دیدارێکدا سه‌ره‌تا شاندى میوان سوپاس و پێزانینى خۆیان بۆ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دووپات کرده‌وه‌ که‌ به‌ناهاى ئاواره‌ مه‌سیحییه‌کانى مووسڵ و ده‌شتى نه‌ینه‌واوه‌ چووه‌ و کۆمه‌ک و هاوکارى پێشکه‌ش کردووه‌، وه‌ک چۆن پێشتریش هه‌مان شتى بۆ ئه‌و مه‌سیحییانه‌ کرد که‌ له‌ ناوه‌ڕاست و باکوور و ناوچه‌کانى دیکه‌ى عیراقه‌وه‌ له‌ ترسى تیرۆر؛ ڕوویان له‌ هه‌رێمى کوردستان کردبوو. شانده‌که‌ هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ له‌ نزیکه‌وه‌ سه‌ردانى ئاواره‌ مه‌سیحییه‌کانیان له‌ هه‌رێمى کوردستان کردووه‌ و بینیویانه‌ ئه‌وان له‌ کوردستان هه‌ست به‌ ئارامى و دڵنیایى ده‌که‌ن و هیوایان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌‌.

شانده‌که‌ هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند وێنه‌که‌ و ڕاستیى ئه‌و کاره‌ساته‌ى به‌سه‌ر مه‌سیحییه‌کان و پێکهاته‌کانى دیکه‌دا هاتووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌موو هاوکارى و به‌هاناوه‌چوونه‌ى حکوومه‌ت و خه‌ڵکى کوردستان؛ بۆ ڤاتیکان و واشنتۆن ده‌گوازنه‌وه‌ و داوا ده‌که‌ن پاراستنێکى نێوده‌وڵه‌تى بۆ مه‌سیحییه‌کان و ته‌واوى پێکهاته‌کانى ناوچه‌که‌ له‌ ئێزدى و شه‌به‌ک و تورکمان و هه‌موو پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینى و مه‌زهه‌بییه‌کانى دیکه‌ دروست بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ست به‌ دڵنیایى بکه‌ن و بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێن و سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆیان.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم وێڕاى به‌خێرهێنان و ده‌ربڕینى خۆشحاڵى بۆ سه‌ردانى شانده‌که‌، ڕایگه‌یاند هاتنیان بۆ هه‌رێمى کوردستان پشتگیرییه‌ بۆ هه‌موو پێکهاته‌کانى عیراق و کوردستان، هه‌روه‌ها دووپاتى کرده‌وه‌ "حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پشتگیرى له‌ هه‌موو پێکهاته‌کان ده‌کات و بۆ پاراستنیان ئه‌وه‌ى له‌ ده‌ستى بێت درێغى ناکات‌ که‌ هه‌موویان ڕیشه‌ى هه‌زاران ساڵه‌یان له‌ کوردستان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ڕوو ده‌دات له‌ تواناى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ده‌ره‌ و هه‌رێمى کوردستان ئێستا شه‌ڕى ڕێکخراوێک ناکات، به‌ڵکوو به‌ هه‌موو پێوه‌رێک شه‌ڕى ده‌وڵه‌تێکى تیرۆرستى ده‌کات". هه‌روه‌ها پشتگیریى خۆى بۆ دابینکردنى پاراستنێکى نێوده‌وڵه‌تى بۆ مه‌سیحییه‌کان و پێکهاته‌کانى دیکه‌ى ناوچه‌که‌ ده‌ربڕى.

سه‌رۆک وه‌زیران هه‌روه‌ها تیشکى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى له‌ دواى 2003ه‌وه‌‌ حکوومه‌تى عیراق هیچى بۆ پڕچه‌ککردنى پێشمه‌رگه‌ نه‌کردووه‌ و بچووکترین ئه‌و چه‌کانه‌ى بۆ نه‌ناردووه‌ بتوانێت وه‌ک پێویست ڕووبه‌ڕووى تیرۆرستان ببێته‌وه‌ که‌ تازه‌ترین چه‌که‌ پێشکه‌وتووه‌کانى عیراقییان که‌وتووه‌ته‌ ده‌ست، بۆیه‌ ئه‌و توانا سه‌ربازییانه‌ى هه‌رێم ته‌نیا هى ئه‌وه‌ن شه‌ڕى میلیشیایه‌کى پێ بکات، نه‌ک ده‌وڵه‌تێکى پێ‌ چه‌کى قورس و پێشکه‌وتوو.

  جه‌ختیشى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ئێستا هه‌ڵمه‌تى سه‌ربازى دژى داعش ده‌ست پێکراوه‌ و پێشمه‌رگه‌ زۆر شوێنى کۆنترۆل کردۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م شه‌ڕه‌ پێویستى به‌ هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و له‌گه‌ڵ به‌غداش هاوکارى ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى تیرۆرستان وه‌ده‌ر بنێن. هه‌روه‌ها به‌ شانده‌که‌ى ڕاگه‌یاند: "ده‌نگى ئێوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ زۆر گرنگه‌ و ده‌توانن له‌ دروستکردنى هاوپه‌یمانییه‌کى نێوده‌وڵه‌تیدا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر ڕۆڵێکى دیار بگێڕن."


زۆرترین خوێندراو