هه‌ردوو سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و تورکیا کۆبوونه‌وه‌

9/29/2014 9:01:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 29ى ئه‌یلوولى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و شاندى یاوه‌رى له‌ ئیستانبول له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د داوودئۆغلو سه‌رۆک وه‌زیرانى تورکیا کۆبوونه‌وه‌.

له‌ دیدارێکدا ڕه‌وش و پێشهاته‌ سیاسى و سه‌ربازییه‌کانى عیراق و هه‌رێمى کوردستان و پرسى پێکهاتنى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى عیراق و به‌شداریى هه‌رێمى کوردستان له‌ حکوومه‌ته‌که‌دا، هه‌روه‌ها بارودۆخى ناوچه‌که‌ و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌ گشتى تاوتوێ کرا و تیشک خرایه‌ سه‌ر شه‌ێ‌ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆرستانى داعش و، باس له‌ گرنگیى دروستبوونى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ لێدان و نه‌هێشتنى تیرۆرستان و پشتگیریى جیهان بۆ پێشمه‌رگه‌ له‌ جه‌نگى دژى تیرۆردا کرا.

ڕه‌وشى مرۆیى و بارودۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى کوردستان و به‌هاناوه‌چوونیان له‌ لایه‌ن حکوومه‌ت و خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان و کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ به‌شێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌ بوو، که‌ تیایدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ پێویستیى ئاوڕدانه‌وه‌ى زیاترى عیراق و کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران کرده‌وه‌ و، وێڕاى سوپاسکردنى تورکیا بۆ کۆمه‌ک و هاوکارییه‌ مرۆییه‌کانى، دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان چاوى له‌وه‌یه‌ تورکیا له‌ ڕووى مرۆییه‌وه‌ هاوکاریى زیاترى ئاواره‌کان بکات.

له‌ دیداره‌که‌دا هه‌ردوو سه‌رۆک وه‌زیران په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌یان خسته‌ به‌ر باس و، داکۆکییان له‌ خواستى دوولایه‌نه‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورى و بازرگانى و سیاسییه‌کان و، به‌رده‌وامیى هاوکارى و هه‌ماهه‌نگیى بوارى وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌کان له‌ نێوان هه‌رێمى کوردستان و کۆمارى تورکیادا کرده‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌ردوولا ته‌واوى ئاماده‌ییان بۆ پێشکه‌شکردنى هه‌موو ئاسانکارییه‌ک نیشان دا.



زۆرترین خوێندراو