ناونانى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌پایته‌ختى ئاشتى هه‌رێم به‌تێکراى ده‌نگى په‌رله‌مانتاران په‌سندکرا

9/30/2014 9:47:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

کاتژمێر  11ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 30 ى ئه‌یلول 2014 به‌سه‌رۆکایه‌تیى د.یوسف محه‌مه‌د سادق سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان‌و ئاماده‌بوونى د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئیمینکى جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان و فه‌خره‌دین قادر عارف سکرتێرى په‌رله‌مان، دانیشتنى ژماره‌ (3)ى ئاساییى خولى گرێدانى ساڵى یه‌که‌م له‌خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو. 

سه‌ره‌تا سه‌رۆکى په‌رله‌مان به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ى خوێنده‌وه‌ که‌ له‌ دوو خاڵ پێکهاتبوو، خاڵى یه‌که‌م بریتى بوو له‌ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ بڕیارى پایته‌ختى ئاشتیى هه‌رێمى کوردستان ‌و عیراق به‌پێى ماده‌کانى (72،74،75) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو، خاڵى دووه‌م ‌و کۆتایى به‌رنامه‌ى کاریش بریتى بوو له‌ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ بڕیارى هه‌موارى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان به‌پێى ماده‌کانى (72،74،75) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو.

پاشان سه‌رۆکى په‌رله‌مان به‌ ناوى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌خێرهاتنى وه‌فدى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ى کرد بۆ ئاماده‌بوونیان له‌ دانیشتنى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مانى کوردستان که‌ یه‌کێک له‌ خاڵه‌کانى به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ تایبه‌ت به‌ پارێزگاکه‌یان که‌ ئه‌ویش پڕۆژه‌ بڕیارى ناونانى پاریًَزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ پایته‌ختى ئاشتیى کوردستانه‌.

به‌پێى خاڵى یه‌که‌مى به‌رنامه‌ى کار، له‌لایه‌ن لیژنه‌ى هاوبه‌شه‌وه‌ که‌ پیًَکهاتبوو له‌ لیژنه‌کانى (کاروبارى یاسایى، ناوخۆ و ئاسایش ‌و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێیه‌کان، کاروبارى پێشمه‌رگه‌ ‌و شه‌هیدان ‌و قوربانیانى جینۆساید ‌و زیندانیانى سیاسی)، پێشنیازکرا که‌ راپۆرتى هاوبه‌شى هه‌ر سێ لیژنه‌که‌ بکرێت به‌ بنه‌ما بۆ گفتوگۆکردنى پڕۆژه‌ بڕیاره‌که‌، ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ کۆى ده‌نگ په‌سندکرا.

سه‌باره‌ت به‌ ناونیشانى پڕۆژه‌ بڕیاره‌که‌، دواى گفتوگۆکردنى له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مان ‌و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لیژنه‌ى هاوبه‌شه‌وه‌ به‌ ره‌چاوکردنى سه‌رنج ‌و تێبینى ‌و پێشنیازه‌کانى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان، ناونیشانى پڕۆژه‌ بڕیاره‌که‌ به‌مشێوه‌یه‌: (ناونانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ پایته‌ختى ئاشتیى کوردستان-عیراق) خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکرا.

ماده‌ى یه‌که‌مى پڕۆژه‌ بڕیاره‌که‌ که‌ تایبه‌ت بوو به‌ پێناسه‌کردنى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ پڕۆژه‌ بڕیاره‌که‌دا، به‌مشێوه‌یه‌: (پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ پایته‌ختى ئاشتیى کوردستان-عیراقه‌) خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ کۆى ده‌نگ په‌سندکرا.

سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ى دووه‌میش  که‌ تیایدا هاتبوو (لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان کۆنفرانس ‌و کۆێ‌ ‌و کۆبوونه‌وه‌ ‌و مه‌ڕاسیمى تایبه‌ت به‌ په‌خشکردنى فه‌لسه‌فه‌ ‌و رۆشنبیریى ئاشتى له‌و پارێزگایه‌ سازده‌که‌ن)، دواى گفتوگۆکردنى ‌و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ى به‌ ره‌چاوکردنى سه‌رنج ‌و تێبینى پێشنیازى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان، ماده‌که‌ به‌مشێوه‌یه‌ (لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان کۆنفرانس ‌و کۆێ‌ ‌و کۆبوونه‌وه‌ ‌و مه‌ڕاسیمى تایبه‌ت به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ى رۆشنبیرى ‌و په‌یامى پێکه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه‌ له‌و پارێزگایه‌ سازده‌که‌ن ‌و حکومه‌ت بودجه‌یه‌کى تایبه‌تى ساڵانه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دیارى ده‌کات) خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکرا.

به‌هۆى بوونى چه‌ندین پێشنیازى تر له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆ زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندکردنى پرۆژه‌ بڕیاره‌که‌ ‌و ره‌خساندنى ده‌رفه‌تى زیاتر له‌ به‌رده‌م لیژنه‌ى هاوبه‌ش بۆ دیراسه‌کردنى زیاترى ئه‌و پێًشنیازانه‌، سه‌رۆکى په‌رله‌مان دانیشتنه‌که‌ى بۆ کاتژمێر 3:30ى پاشنیوه‌ڕۆ دواخست.

له‌ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى 4 به‌شى دووه‌مى دانیشتنه‌که‌له‌ کاتژمێر  3:30 پاشنیوه‌رۆ ، سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان دووباره‌ به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ى خوێنده‌وه‌، که‌ له‌دوو خاڵ پێکهاتبوو، خاڵى یه‌که‌مى تایبه‌تبوو به‌به‌به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر گفتوگۆکردنى پرۆژه‌ بریارى پایته‌ختى ئاشتى له‌کوردستان و خاڵى دووه‌میش گفتوگۆکردن بوو له‌سه‌ر پرۆژه‌ بریارى هه‌موارکردنه‌وه‌ى په‌یره‌وى ناوخۆ په‌رله‌مانى کوردستان.

دواتر لیژنه‌ى په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌رده‌وامبوون له‌خوێندنه‌وه‌ى برگه‌کانى پرۆژه‌ بریارى ناونانى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌پایته‌ختى ئاشتى له‌هه‌رێمى کوردستان، به‌ر له‌خستنه‌رووى خاڵى سێیه‌مى پرۆژه‌ بریاره‌که‌، پێشنیازى زیادکردنى خاڵێکى دیکه‌ بۆ دانانى بودجه‌یه‌کى تایبه‌ت بۆ جێیبه‌جێکردنى پرۆژه‌کانى په‌یوه‌ست به‌بنیاتنانى ژێرخانى ئابوورى جێبکرێته‌وه‌، ئه‌م پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکراو زنجیره‌ى خاڵى سێیه‌مى وه‌رگرت.

پاشان خاڵه‌کانى سێیه‌م و پێنجه‌مى ئه‌سڵى پرۆژه‌ که‌ تایبه‌تبوون به‌حوکمه‌ کۆتاییه‌کان و بریاره‌که‌ له‌سه‌ر پێشنیازى په‌رله‌مانتاران له‌چوارچێوه‌ى یه‌ک مادده‌دا یه‌کخران و خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌کۆى ده‌نگ په‌سندکراو زنجیره‌ى خاڵى چواره‌مى وه‌رگرت.

خاله‌کانى چواره‌م و شه‌شه‌مى ئه‌سڵى پرۆژه‌که‌ش تایبه‌تبوون به‌حوکمه‌ کۆتاییه‌کان و په‌سندکردنى هه‌ردووکیان به‌کۆى ده‌نگ بوو. هۆکاره‌کانى ده‌رچوونى بریاره‌که‌ش دواى دارشتنه‌وه‌ى به‌کۆى ده‌نگ په‌سندکرا.

دواتر سه‌رۆکى په‌رله‌مان ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، که‌ له‌دانیشتنه‌کانى پێشووى په‌رله‌مان، خستنه‌ ده‌نگدانى کۆى گشتى مادده‌و خاله‌کانى پرۆژه‌ یاساو بریاره‌کان کارى پێنه‌ده‌کرا، به‌ڵام به‌هۆى تایبه‌تمه‌ندى ئه‌و پرۆژه‌ بریاره‌ که‌ په‌یوه‌سته‌ به‌پرسێکى نیشتیمانییه‌وه‌، هه‌روه‌ها بۆ ده‌رخستن و نیشاندانى یه‌کریزى گه‌لى کورد، کۆى پرۆژه‌ بریاره‌که‌ى خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ به‌تێکراى ده‌نگى په‌رله‌مانتاران (88 ده‌نگ - 88 په‌رله‌مانتارى ئاماده‌بوو)، پرۆژه‌که‌ په‌سندکراو به‌و بۆنه‌یشه‌وه‌ سه‌رۆکى په‌رله‌مان پیرۆزبایى له‌هه‌موو گه‌لى کورد کردو راشیگه‌یاند: ده‌رچوواندنى ئه‌و بریاره‌ نیشانه‌ى یه‌کریزى و یه‌کده‌نگى هه‌موو هیزو لایه‌نه‌کانى ناو په‌رله‌مان و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانى دیکه‌ى ناو کوردستانه‌.

له‌کاتى خستنه‌روو خاڵى دووه‌مى به‌رنامه‌ى کاریش، که‌ تایبه‌تبوو به‌گفتوگۆکردنى پرۆژه‌ بریارى هه‌موارکردنه‌وه‌ى په‌یره‌وى ناوخۆ په‌رله‌مانى کوردستان، به‌مه‌به‌ستى زیاتر پێداچوونه‌وه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندترکردنی، پێشنیازى دواخستنى ئه‌و خاڵه‌ کرا بۆ دانیشتنه‌کانى داهاتووى په‌رله‌مان و ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکرا.

دواتر ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌یه‌ک پرسیارى په‌رله‌مانتاران که‌ ئا راسته‌ى وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان کرابوو بۆ په‌رله‌مانتاران خوێنده‌وه‌، هه‌روه‌ک وه‌ڵامى وه‌زاره‌ته‌کانیش بۆ ژماره‌یه‌ک پرسیارى دیکه‌ش که‌ گه‌یشتبوونه‌ ده‌ست سه‌رۆکایه‌تى خوێندرانه‌وه‌.

به‌ر له‌کۆتایى هاتنى دانیشتنه‌که‌، له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ پێشنیاز بۆ سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان کرا، که‌ رێگه‌ به‌په‌رله‌مانتار عه‌لى هالۆ بدرێت بۆ خستنه‌رووى ره‌وشى کانتۆنى کۆبانێ که‌ به‌رێزیان سه‌ردانى مه‌یدانى بۆ ئه‌و هه‌رێمه‌ کردبوو، ئه‌و پێشنیازه‌ش به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سنکراو په‌رله‌مانتارى ناوبراو بارودۆخى ده‌ڤه‌ره‌که‌ى بۆ په‌رله‌مانتاران روونکرده‌وه‌و دواى ئه‌وه‌ش کۆتایى به‌دانیشتنه‌که‌ى ئه‌مرۆ هات.  


زۆرترین خوێندراو