پڕۆژه‌ یاساى زمانه‌ فه‌رمییه‌کان په‌سندکرا

10/30/2014 11:34:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز 

به‌ مه‌به‌ستى درێژه‌دان به‌ گفتوگۆکردن ‌و ده‌نگدان له‌ سه‌ر  بڕگه‌ ‌و ماده‌کانى پڕۆژه‌ یاساى زمانه‌ فه‌رمییه‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان و په‌سه‌نکردنى ،  پێشنیوه‌ڕۆى َ 29 ى تشرینى یه‌که‌مى 2014 له‌په‌رله‌مانى کوردستان  دانیشتنى ژماره‌ (9)ى ئاساییى خولى گرێدانى ساڵى یه‌که‌م له‌خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو. 

له‌ دانیشتنه‌که‌دا که‌ به‌ئاماده‌بوونى د.نورى تاڵه‌بانى سه‌رۆکى ئه‌کادیمیاى کوردى به‌ڕێوه‌چوو، سه‌رجه‌م ئه‌و مادانه‌ى که‌ مابوون ‌و  تایبه‌ت بوون به‌ زمانى خوێندن له‌ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ ‌و فێرکردن ‌و خوێندن ‌و زمانى کار ‌و بازرگانى، که‌ تیایاندا پێویستیى ره‌چاوکردن ‌و زانینى زمانى کوردى کراوه‌ته‌ مه‌رج به‌ ره‌چاوکردنى زمانى پێکهاته‌کانى دیکه‌ى کوردستان له‌گه‌ل  به‌شى سزاکان، دواى گفتوگۆکردنیان له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مان ‌و روونکردنه‌وه‌ى پێویست له‌لایه‌ن سه‌رۆکى ئه‌کادیمیاى کوردى ‌و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانه‌وه‌ ‌و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌یان به‌ره‌چاوکردنى دید ‌و بۆچوون ‌و پێشنیازه‌کانى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان، خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و په‌سندکران. پاشان مادده‌کانى 25 و 26 که‌باس له‌شێوازى جێبه‌جێکردنى یاساکه‌ ده‌کات یه‌کخران و به‌کۆى ده‌نگ په‌سه‌ندکران.

پاشان مادده‌یه‌کى تازه‌ بۆ پرۆژه‌ یاساکه‌ پێشنیارکرا که‌ باس له‌گێرانه‌وه‌ى ناوه‌ ره‌سه‌نه‌کانى ناوچه‌کانى کوردستان ده‌کات دواى گفتوگۆکردنى له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ چه‌ند رایه‌ک  هاته‌ ئاراوه‌ که‌ یه‌کێکیان له‌گه‌ل مانه‌وه‌ى ماده‌که‌بوو ئه‌ویتریان پێ باش بوو ماده‌که‌ له‌پرۆژه‌یه‌کى ت جێگاى بکرێته‌وه‌و رایه‌کى تریش ئه‌وه‌بوو حکومه‌ت خۆى جێبه‌جێى بکات ، پاشان سه‌رۆکى په‌رله‌مان زیادکردنى مادده‌که‌ى خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ به‌ زۆرینه‌ى 36 به‌رامبه‌ر 30 ده‌نگ ماده‌که‌ ره‌تکرایه‌وه‌ . پاشان هۆکاره‌کانى دانانى یاساکه‌ دواى دارشتنه‌وه‌ى خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سه‌ندکرا. دواتر کۆى پرۆژه‌ یاساکه‌ به‌پێ عورفى په‌رله‌مانى له‌لایه‌ن سه‌رۆکى په‌رله‌مانه‌وه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ 68 ده‌نگ په‌سه‌ندکرا.

به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ سه‌رۆکى په‌رله‌مان پیرۆزباى له‌خه‌لکى کوردستان کرد و رایگه‌یاند: ده‌رچوونى یاسایه‌کى له‌مشێوه‌یه‌ هیچى که‌متر نیه‌ له‌بوارى ئابوورى و سیاسى و   هیواى خواست ئه‌م یاسایه‌ ببێته‌ هۆى به‌روه‌پێشچوونى زیاترى زمانى کوردى و زمانى پێکهاته‌کانى ترو راشیگه‌یاند له‌مه‌ودوا له‌په‌رله‌مانیش هه‌ول ده‌ده‌ین یاساکان ،پرۆژه‌کان، به‌زمانێکى پاراوتر بنووسرێنه‌وه‌و هیواشى خواست وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌م یاسایه‌ به‌مه‌نهه‌جه‌کانیاندا بچنه‌وه‌ کتێبه‌کان و بابه‌ته‌کانیان پاروتر بخه‌نه‌ به‌رده‌ست .

دواتر سه‌رۆکى په‌رله‌مان رایگه‌یاند چه‌ند بیرۆکیه‌ک هاتووه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌، بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش خستنه‌رووى بیرۆکه‌کانى خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ خستنه‌روویان دواخران بۆ دانیشتنێکى تر. به‌مجۆره‌ کۆتایى به‌دانیشتنه‌که‌ هات .


زۆرترین خوێندراو