سه‌رۆکى په‌رله‌مان : شه‌هیدبوونى دوو فه‌رمانده‌ ئاماژه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى گیانى به‌رزو به‌رپرسیارانه‌ى پێشمه‌رگانه‌یه‌

1/31/2015 7:09:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

چه‌ند ڕۆژێکه‌  تیرۆریستانى داعش، دواى خۆ ئاماده‌کردن و به‌رنامه‌رێژی، په‌لامارێکى به‌رفراوانیان کرده‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان له‌ناوچه‌کانى که‌رکوک، له‌م هێرشانه‌دا ده‌یانوویست خه‌ونى گڵاوى خۆیان به‌ داگیرکردنى شارى که‌رکوک تاقى بکه‌نه‌وه‌. به‌ڵام ئازایه‌تى و نه‌به‌ردییه‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان و خه‌ڵکى خۆڕاگرى  که‌رکوک ئه‌و خه‌ونه‌ تاریکه‌یانى به‌تاڵ کرده‌وه‌. به‌ڵام  به‌داخه‌وه‌ سه‌رکه‌وتنه‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان به‌ خوێنى پۆلێک پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانده‌ى قاره‌مان تۆمارکرا، به‌تایبه‌تیش  هه‌ردوو فه‌رمانده‌(عه‌مید شێرکۆ شوانى و لیوا حسێن مه‌نسور) که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى په‌لاماره‌کانى تیرۆریستانى داعشه‌وه‌، ئه‌م دوو فه‌رمانده‌یه‌ سه‌نگه‌ره‌کانى پێشه‌وه‌یان چۆڵ نه‌کردو ده‌یان نه‌به‌ردى و سه‌رکه‌وتنى گه‌وره‌یان بۆ مێژووى پێشمه‌رگه‌ و گه‌له‌که‌مان تۆمار کرد.

 شه‌هیدبوونى ئه‌م دوو فه‌رمانده‌یه‌ و چه‌ندین به‌رپرس و فه‌رمانده‌ى ترى هێزى پێشمه‌رگه‌، ئاماژه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى گیانى به‌رزو به‌رپرسیارانه‌ى پێشمه‌رگانه‌یه‌ که‌ هه‌میشه‌ به‌رپرس و فه‌رمانده‌ى پێشمه‌رگه‌ وا گۆشکراون ده‌بێت له‌ پێشه‌وه‌ى به‌رگریکردنبن.

له‌ کاتێکدا به‌ناوى  په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌، پیرۆزبایى سه‌رکه‌وتنى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان، له‌شکست پێهێنانى پلانى گرووپى تیرۆرستى داعش ده‌که‌ین،  پرسه‌و سه‌ره‌خۆشى خۆشمان ئاڕاسته‌ى یه‌که‌ یه‌که‌ى خێزان و بنه‌ماڵه‌ى پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌کان ده‌که‌ین و هیواى زوو چاکبوونه‌وه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ برینداره‌کانى ئه‌م نه‌به‌ردییه‌ش ده‌خوازین.

نه‌مرى بۆ شه‌هیدان، سه‌رکه‌وتن بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان.

د. یوسف محه‌مه‌د سادق
سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان.
٣١-١-٢٠١٥


زۆرترین خوێندراو